بانکی نێودەوڵەتی دیزاینەری هەستانەوەی عیراق و هەرێمی کوردستانە ، نەك ئیران .

03/04/2024

هەژار سدیق


پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامنەدانی لەوادەی خۆیدا تێپەڕیوە ، دواکەوتنی زیاتری ئەم پرۆسەیە ، زیانێکی زۆر بەکۆی پرۆسەی سیاسی کوردستان دەگەیەنێت و بایکۆتی پرۆسەکەش لەلایەن پارتیەوە ، هەندێك زیان  پرۆسەکە دەگەیەنێت ، بەڵام زیانی گەورە بەرخۆی دەکەوێت .
پرۆسەی ئەمجارەی هەڵبژاردن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی کابینەکانی هەشت و نۆ  و چەسپاندنی ژمارەکانە ، بەبایکۆتکردنی هیچ هێزێکی سیاسی پرۆسەکە ناوەستێت ، چونکە ئەمریکی و ئەوروپیەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و دۆست و پشتیوانەکانمان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنن لە ڕۆژی 2024/6/10 کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەمەرسومێك دیاریکردووە .
بایکۆتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ، گرەو و مەتەڵێکی خراپە ،  چونکە هەمان مەتەڵی عینادی ڕیفراندۆمەکەیە ، بەڵام مەتەڵی ئەمجارەیان ، هەندێك ئاڵۆزترەو باجەکەشی قورسترە ، چونکە عینادیەکانی ئەمجارەی بڕیار بەدەستانی پارتی ، هەڵوێستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، کەسەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە لاواز کردووە .
سەرۆکی هەرێم ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردووە ، نەك کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق ، بەڵام بۆ داپۆشینی شکستی حوکمڕانیان ، توانجەکانیان دەگرنە کۆمیسیۆن و کۆماری ئیسلامی ئیرانیش وەکو دیزاینەری پرۆسەکە تۆمەتبار دەکەن ، ئیران دیزاینەرو هەستانەوەی عیراق نیە بەڵکو ئەوەی لەپشت هەستانەوەی عیراقە ، وەکو دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن ژمارە ، بانکی نێودەوڵەتیە ، ئەو بانکەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە بەپشتیوانی ئەمریکا ، وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆنی کرد بەوڵاتی مەزن و ژمارەی قورس .
دەبێ تێبگەین ، ئێستا سەردەمی ڕابوون و هەستانەوەی عیراق دەستیپێکردووە وەك ولاتێکی یەکگرتو و سەقامگیر لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە ، لەگەڵیشیدا هەرێمێکی بەهێزی کوردستانیش لەڕێگەی دەستورو قانونەوە ، بەردەوام دەبێت .

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە