یەکڕیزی کورد و سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عیراق

18/04/2024

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


دوای 12 ساڵ، بڕیارە 22ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عیراق بکات، بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، سەرەتا ئەردۆغان دەچێتە بەغدا، تا ئێرە ئاساییە و سەرەڕەی ئەو هەموو لێکدانەوانەی بۆ مەبەستەکانی پشتەوەی سەردانەکە دەکرێت، هاوکات دەکرێت وەک پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ لێی بڕوانرێت.
بەڵام ئەو دیوەی سەردانەکەی ئەردۆغان کاتێک دەچێتە هەولێر و جیای دەکاتەوە لەتەواوی شارەکانی دیکەی هەرێم ــ عیراق، جێگەی لێکدانەوەی دیکەی جۆراوجۆرە، لێرەدا وەزیفەی ئەردۆغان لە سەرۆکی وڵاتێکەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆکی حزبێت و سەردانەکەش لە ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ نائاسایی. 

پێش ئەوەی ئەردۆغان بگاتە هەولێر، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەولێر زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و وریابن لەئاست ئەو داواکارییانەی دەکرێت ئەردۆغان بیخاتەسەر مێزی گفتوگۆکان، نابێت موژدانەی گەورە بە ئەردۆغان بدەن لەسەر حیسابی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سلێمانی، پێویستە هەولێر تاکلایەنە پێشوازی لە ئەردۆغان نەکات ئەگەر سەردانەکە حزبییە یان حکومی.

دەرفەتێکی باش لەبەردەم پارتیدایە، زەمینەی دیدار و گفنوگۆ لەنێوان ئەردۆغان و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕەخسێنێت بۆ هێربوونەوەی ناکۆکی و گرژییەکانی نێوانیان وەک چۆن لەپێشوودا یەکێتی ئەو زەمینەیەی بۆ پارتی و تورکیا، رەخساند و تائێستا ئەو دوولایەنە هاوکاری هەموو شتێکی یەکترن پێش هەمووی کایەی ئەمنی.

راستریش وایە، بۆئەوەی زیاتر یەکێتی و پارتی لێکتر دوورنەکەونەوە، وەک یەک وتاری کوردی یەکگرتوو بچنە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەردۆغان و داوا و ویستەکانی وەربگرن و لێکیبدەنەوە و داواکاری کوردیش بە ئەردۆغان بدرێت، پێویستە هەولێر دووربکەوێتەوە لەدیداری ژووری تاریک و پشتکردن لەتەواوی هێزەکانی دیکەی هەرێم.

ئەگەر پارتی نێو ماڵی کوردی لەلا گرنگە، لەم سەردانەدا هەوڵی جدی دەدات بۆ دیدارێکی لەوشێوەیە، بۆئەوەی یەکێتییش لە پرسی هەڵبژاردنەکان و کابینەی نوێی حکومەتدا رەچاوی دۆخی پارتی بکات، بەبێ ئەوە نەک ئەردۆغان و پارتی سوودمەند نابن، بەڵکو بەزیانی نێوماڵی کورد دەشکێتەوەو یەکێتی و پارتی و هەموو لایەنەکان، زیاتر لەکتر دووردەکەونەوە.

واقیعی کوردستان وەهایە، ئەگەر ئەردۆغان و پارتیش تەنها ئامادەن دوو قۆڵی بچنە گفتوگۆوە، ئەوا بۆ مێژوویەکی دیکەش ئەردۆغان و پارتیش ناتوانن قسە لەسەر تەواوی کوردستان بکەن و ئەردۆغانیش لەوە تێدەگات ئەوە هەموو خەونەکەی نییە، لەم دۆخەشدا هیچ سوودێک بە یەکگوتاری و یەکڕیزی کورد ناگات جگە لە زیان و دوورکەوتنەوەی زیاتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی