تارمایی لێکترازانێکی تر

19/04/2024

سۆزان حەمەتاتە





تەنانەت دوای دیاریکردنی رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە لە رۆژی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٤، هێشتا دیار نییە ئایا هەڵبژاردنەکە لە رۆژی ١٠ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت یان نا، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە و لەئێستادا زیاتر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەخاتە مەترسییەوە کە دوور نییە سەربکێشێ بۆ دەستتێوەردانی عیراق و هێزی دیکەی هەرێمایەتیش.

هەرێمی کوردستان بە دەیان مەترسیی گەورە ئاخێنراوە، گەندەڵی و نایەکسانی و نەبوونی حکومەتێکی شەفاف و خزمەتگوزار، دەگاتە شەڕە دەنوکی لایەنەکان و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی، وا دەبینین مەترسی شەڕی هەڵبژاردنیشی هاتەسەر و دوور نییە هەڵبژاردنی لە پرۆسەیەکی دیموکراسییەوە بگۆڕێ بۆ شەڕی گەرم یان بەلایەنی کەمەوە سەربکێشێ بۆ دوو ئیدارەیی و هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی هێزی سیاسیی کوردی بریتییە لە نەخوێندنەوەی رووداو و پێشهاتە مەترسیدارەکان، هەر رۆژ و مانگ دەدەنە دەستی یەکتر و ستراتیژێکیان بۆ دوورمەودا نییە، ئەوەش نیشانەی کۆڵەواری ئاوەزی سیاسییە، بۆیە زوو زوو کورد و کوردستان رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە و دەستکەوتەکان لەدەستدەچن.

سێ دەیە لە حوکمی خۆماڵی و هاوکاریی زۆری زلهێزەکان بۆ بنیاتنانی حوکمێکی رەشید زۆرە، بەڵام هێشتا نیمانە و زۆر لەدواوەین، بەڵکو مەترسییەکان گەورەتربوونە و داهاتوو دیار نییە، لەبری ئەوەی هەڵبژاردن بکرێتە دەرفەت بۆ خۆنوێکردنەوە و سازانی سیاسی و گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی، کەچی بەپێچەوانەوە مەترسییەکان نەک لەبەرچاو ناگرن، بگرە گەورەتریشی دەکەن.

ئێستا تارماییەکانی لێکترازانی گەورەتر لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەرکەوتوون، هەڵبژاردن بە باشی نەکرێ، دەرفەت دەدرێتە عیراق رێوشوێنی تووند بەرانبەر کوردستان بگرێتەبەر، ئەوکات دوور نییە ریسی چەند ساڵە ئەزموونەکە ببێتەوە بەخوری و ئیتر مەگەر هەر ئاو بێنین و دەستمان بشۆرین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی