چەند ڕۆژێکمان ماوە پێ بنێینە ناو دەسپێکی کارەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە و هەر لایە و بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی و کاندیدەکانی دەست پێبکات وەلێ تا ئێستا چەند حزبێک لیستی کاندیدەکانیان پێشکەش بەکۆمسیۆن نەکردوە بەو مانایەی نایانەوێت بەشداری لەهەڵبژاردندا بکەن ئەمەش لە میتۆدی دیموکراسی دا کەیسێکی نۆرماڵە لایەنێک هەست بە لاوازی خۆی بکاو بیقۆزێتەوە بۆ بەخۆداچونەوەو خۆ هەڵسانەوە بۆ داهاتوو ، ئەوەی نائاسییە تەقەللا بدا ڕێگری لەئیرادەی گەلێک بکاو نەهێڵێت هەڵبژاردن لەکات و ساتی دیاری کراوی خۆیدا کە سەرۆکایەتی هەرێم بڕیاری لێداوە بەڕێوە بچێت!
لێرەدا پرسیارێکی سادە و ساکار دێتە گۆڕێ ئایا ئەو لایەنە بۆ دەیەوێت وڵات لەفەراغی سیاسی و یاسایی دا بمێنێتەوەو قەوارەی کوردستان بکەوێتە ژێر هەڕەشەی دامەزراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە !؟
دواخستنی هەڵبژاردن بۆ کاتێکی نادیار یان دیار کە بە قسەی خۆیان لەپێناو هەڵبژاردنێکی خاوێندایە خۆ دزینەوەیە لەدیموکراسی و دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات ئامانجی یەکەم و دوهەم و سێهەمی ئەو هەوڵەش هەر ساختەکاری و داڕشتنی بناغەی دیزاینێکی کاڵا پڕ بەباڵای لایەنی دڵخوازی دواخستنی هەڵبژاردنە کەئەوەش ڕەتکراوەیە لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و دژی ئیرادەی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە
بەتایبەت لەم ئان و ساتەدا كە زیاتر لە ساڵێكە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵپەسێرداون و بۆشایی یاسایی دروستبوە ناوچەکەش بەدۆخێکی ئاڵۆزاوی سیاسی و سەربازی پڕ کێشمەو ململانێی سیاسیدا تێدەپەڕێت بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن مایەی تێڕامانێکی قوڵی پڕ کەسەرە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی