ساڵ ڕۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکان

18/05/2024

ئارام هەڵەدنی

ڕۆژی۱٦ی ئایاری هەموو ساڵێک ڕۆژی نیشتمانی قوربانیانی گۆڕەبەکۆمەڵەکانە لە عێراق

هەموو بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە گۆڕی بەکەمەڵ بریتییە لەو گۆڕستانەی کە ژمارەیەک تەرمی مرۆڤی تێداحەشاردراوە ، دەناسرێنەوە یان ناناسرێنەوە ، ئەگەر کاتێکی کەمی بەسەردا تێپەڕیبێت و ناسنامە یان نیشانەیان پێوەبێت ناسینەوەیان ئاسانترە ، وەکو دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی کوردانی یەزیدی بەدەستی داعش ، ئەگەر کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیبێت و ناسنامە یان نیشانەیان پێوە نەبێت ناسینەوەیان زۆر ئەستەمە لەو کاتەدا لە ڕێگای DNA هەوڵی ناسینەوەیان دەدرێت وەکو ئەنفالکراوانی کورد لە ساڵی ۱۹٨٨ بە دەستی بەعسیەکان.

بە پێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر  شوێنێکدا سێ تەرم یان زیاتر شاردرابووەوە ناو دەنرێت گۆڕی بەکۆمەڵ کە شوێنی قوربانیانی کۆمەڵکوژە ، هەندێ بۆچوونیش بە شوێنی شاردنەوەی دوو تەرم یان زیاتر دەسنیشانی دەکات.
 لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسایەکی تایبەت دەرچوو بۆ  پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق هەرچەندە بەشێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرەو فەوتان و ون بوون دەچن بە هۆکاری سروشتی بەتایبەت ناوچە لمینەکانی عێراق ،
گۆڕی بە کۆمەڵ لەچەند حاڵەتێکدا دروست دەکرێت وەکو گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوانی کورد لە ناوچەکانی نوگرەسەلمان و تۆپزاوا و دبز وچەند شوێنێکیتر ژماریەکی زۆر هاوڵاتی سڤیل  دەکوژران دواتر لەبەر زۆری ژماریان بە کۆمەڵ ژێر خاک دەدران.
 یان لە کاتی جەنگدا وەکو جەنگی عێراق-ئێران بەهەمان شێوە کوژراوان بە کۆمەڵ دەخرانە ژێر گڵەوە ، یان کوردانی یەزیدی دوای کوشتنیان لەلایەن داعشەوە بە کۆمەڵ ژێر خاک دەخران.
زۆر جار گۆڕی بەکۆمەڵ بۆ ئەوانەی کە مردون بە هۆکاری تەندروستی لەبەر فریانەکەوتنی تیمەکانی مردو شاردنەوە یان پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگا وەکو مردوانی نەخۆشی کۆرۆنا.
بەڵام بەگشتی گۆڕی بەکۆمەڵ لەپاش مردن یان کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک دروست دەکرێت و ئارەزوو کردن بۆ ناشتنی تەرمەکان بەپەلە لەبەر هۆکاری ئەمنی یان تەندروستی یە.

 هەروەها دەگونجێت لە کاتی گرانی و برسێتی یان پەتا یان کارەساتێکی سروشتیشدا پەنای بۆ ببرێت و لەم حاڵەتانەدا بەکارهێنانی بۆ ڕێگری گرتنە لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی لە کاتی جەنگ و بەرپاکردنی تاوانی گەورەدا پەنا دەبرێتە بەر گۆڕی بەکۆمەڵ،
بە زۆری ئەم حاڵەتانەش هاوکاتە لەگەڵ هەرەسهێنان و داڕووخانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، کە تێیدا ناتوانرێت تاک بە تاکی تەرمەکان دەسنیشان بکرێن و بناسرێنەوە و بە ڕێگە و شێوەی ئاسایی ئەسپەردە بکرێن.
 لە عێراقدا ژمارەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بە نزیکی سێ سەد گۆڕ دادەنرێت بەڵام بەڕەسمی   ٢١٥  گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە کە تا ئێستا تەنھا  ١٣٠  گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست کار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هاتنەوەی ڕوفاتەکانیان ناکات لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوووردودا لە نزیکی ۲۰۰هەزار ڕوفاتی ئەنفالکراوان تەنها( ١٨٤١ ) لە ئێسک و پروسکیان هێنراوەتەوە خاکی کوردستان کە بە
 نزیکی دەکاتە لە سەدا یەکی ڕوفاتی ئەنفالکراوان
( ۳٥٨ بۆ گۆڕستانی مۆنۆمێنتی قەزای دوکا ، ۱۰۰۳ بۆ گۆڕستانی مۆنۆمێنتی قەزای چەمچەماڵ ، ٨۱ بۆ گۆڕستانی تۆپزاوا ، ۳۹۲ بۆ گۆڕستانی دێینە لە ناحیەی ڕزگاری )
  ، کە دەبوایە کاری لەپێشینەیان هێنانەوەی ڕوفاتی ئازیزانمان بێت تا چیتر کەسوکاری ئەنفال کراوان بەحەسرەتەوە چاوەڕوانی کەسوکاریان نەبن.
لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز لە ئاست ئەنفالکراوان و شەهیدانی دەستی داگیرکەرانی کوردستان دادەنەوێنین.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی