بێست میدڵی سعودیە و چاوەڕوانییەکی نوێ

29/05/2024

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی (زە تایمز)ی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە، لە 21ی مانگی نیسانی ساڵی 2024دا، یانەیەکی شەوانە لە سعودیە کراوەتەوە کە بە یەکێک گەورەترین یانەکانی شەوانە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و ناوی (بێست هاوس)ە، ئەم یانەیە لە 12ی شەوە تا سەعات 5ی بەیانی کراوەیە بە رووی سەردانیکەرانیدا، یانەکە کەوتۆتە ناوچەی دەرعیەی ریازی پایتەختەوە، چوونەژوورەوە بۆ (بێست هاوس) نرخەکەی لە 1900 دۆلارەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە 2800 یۆرۆ، بێست هاوس دوای یانەی شەوانەی (سعودیە کڵەب فەن) دێت کە ئەویش هەر لە سعودیەیە و دەکەوێتە شاری جەدە و پێشتر هونەرمەندە ئەمریکییەکان لەم یانەیەدا ئاهەنگەکانیان دەگێڕا.
ئەم کرانەوەیەی سعودیە کە لەدوای هاتنەسەرکاری محەمەد بن سەلمان ــ ەوە دەستپێدەکات، دەستپێکێکە بەناوی (کرانەوەی سعودیە) و لە چوارچێوەی پرۆژەی (بێست میدڵ)دایە و وڵاتی سعودیە لە ناوەراستی ساڵی 2023 رایگەیاند كە لەلایەن سندووقی سامانی سەروەریی سعودیەوە بەڕێوەدەچێت و شازادەی جێنشینی سعودیە خۆی سەرپەرشتی دەكات، پرۆژەکە پێکدێت لە کرانەوەی کردارەکی وڵاتی سعودیە بە رووی جیهاندا و دەرچوون لەو داخرانە ناوخۆییەی کە بەلای ئەمریکا و زۆر وڵاتی ئەوروپییەوە جێگەی قبوڵ نییە و پەستانیان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە داناوە بۆ کرانەوەی زیاتر، محەمەد بن سەلمان_یش دەیەوێت پاشەکشێ لە پرۆژەکەی نەکات جا ئیدی لەپێناو کرانەوەی راستەقینەبێت، یان لە خاترانەی ئەمریکا و خۆرئاوا بێت.
بەپێی ئەو پێشوەچوون و کرانەوەیەی سعودیە و ئەو بەدەمەچوونەی سعودیە بۆ داواکاری ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا، کردنەوەی یانە شەوانەکان لە سعودیەدا بەشێکە لەو پرۆژانەی کە لە چوارچێوەی بێست میدڵ_دا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەئایندەشدا پایەکانی ئەم پرۆژەیە شۆڕدەکرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی سعودی، بەڵام ئەم پرۆژانەش کاتی زۆری دەوێت و پێناچێت زۆر ئاسان جێگەی خۆیان لەناو بیرکردنەوە و موقەدەساتەکانی هاووڵاتیانی سعودیەدا بکەنەوە، چونکە هەر لە رۆژانی رابردوودا کاتێک سعودیە لە دوورگەیەکی دەریای سووردا هەستا بە رێکستنی نمایشکردنی چەند براندێکی جلوبەرگی سەردەریا و هاوینە، ئەو کارە بووەهۆی توڕەکردنی بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ناوخۆی سعودیە و وڵاتانی عەرەبی و دەنگدانەوەی گەورەی میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا و رەخنەی توند لە سیاسەتەکانی سعودیە و بن سەلمان گیرا.
ئێستا چاوەڕوانییەکان لە پرۆژە و خەونە دوور مەوداکانی شازادەکەی سعودیە دوو شتە، یان پرۆژەی بێست میدڵ وردە وردە گەورە و فراوان دەبێت و هەموو شتێک لەپێناو سعودیەیەکی نوێ لەلایەن هاووڵاتیانی سعودیەوە قبوڵ دەکرێت، یان ئەوەتا ناوخۆی سعودیە دەکەوێتەبەردەم دابەشبوون و پێکدادانی دوو بەرەی تەواو پێچەوانە، دوو بەرەی چەپ و ریفۆرمخواز و بن سەلمانییەکان!، لەگەڵ بەرەی ئیسلامیی و فەندەمێنتاڵیست و سەلەفییەکان و رێکخراوە توندڕەوەکانی سعودیە و خۆرهەڵات.
بێست مێدڵی سعودیە رەنگە بۆ کەمینەیەکی سعودی بە پشتیوانی شازادەکەی سعودیە و دەستلەپشتدانی ئەمریکا، هەنگاوی نوێ بگرێتەبەر و بچێتەپێشیشەوە، هاوکات ئەمریکاش کارئاسانی دەکات بۆ گۆڕینی وێنەی سعودیە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەکە و لۆبی گەورەی بۆ دەکات، بەڵام زۆرینە ناوخۆییەکەی سعودیە لەگەڵ ژینگە خۆرهەڵاتییەکەدا، ئەگەر بە تێکدانی دۆخی ناوخۆی سعودیەش بێت، تێپەڕینی بێکێشەی ئەم کرانەوە لەسەرخۆیەی سعودیەیان پێقبوڵ ناکرێت و پارچەکرداری توندیان دەبێت. بەمانایەکی دیکە، دواجار، چاوەڕوانی نوێ لە رێڕەوی کرانەوەی سعودیەدا، ئاسایی و بێبەربەست نابینرێت.
دوورنییە هەر پەستان و خێراکردنێکی محەمەد بن سەلمان بۆ بەجێگەیاندنی ئەم فۆرمە نوێیەی سعودیە، زۆرتر و زیاتر وڵاتەکە لە جەنگی ناوخۆیی نزیک بکاتەوە بەتایبەت جەنگی گروپە دینییەکان و جەنگی کرانەوە و فەندەمێنتاڵیستەکان، هەر جەنگێکی ناوخۆییش لە سعودیەدا دەچێتەژێر ویستی ئەمریکا و خۆرئاواوە کە چ ئاراستەیەک وەردەگرێت و بە چ بارێکدا بشکێتەوە، بەڵام رۆڵی پیرۆزی هەردوو شوێنی وەک مەککە و مەدینە، گەلێک بەهێز و کاریگەرە لە جێگیرنەبوونی هەر کرانەوەیە لە سعودیەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی