جێی داخە کەسێکی نەفام و نەخوێندەوار خاوەنی ملیۆنەها دۆلار بێت ، کەسێک
کە بەژیانی نەک کتێبێک بەڵکو ڕۆژنامەیەکیشی نەخوێندۆتەوە ، ئەم داخە زیاتر ڕۆشنیران
هەستیپێدەکەن ، کەسێکی فێرخوازی ڕۆشنیر کە زیاتر لە هەزار کتێبی خوێندۆتەوە کەچی بێپارەیە
و جاری وا هەیە بە نەخۆشی و نەتوانینی چارەسەرکردن دەمرێت ، لێرەدا ڕۆشنبیرەکە پرسیار
دەکات ، کە لەسەر چ بنچینەیەک ئەو کابرایە ئەو هەموو پارەیەی هەیە و زوڵمە ئەو هەموو
پارەیە لەدەست ئەودا بێت ؟! پێم وایە لێرەوە
ڕۆلی پارە لە بیری سۆشیالیزم بەدیاردەکەوێت و ڕۆشنبیری چەپ پێی وایە کە دبێت ئەو
پارەیەی لێپسێنرێتەوە و دابەشی سەر هەمووان بکرێت …..ناخۆشیەکە لەوەدایە کە ئەو پارەدارەی نەخوێندەوار دەعوەتی بۆنە حزبی و بۆنەی دەرچوانی زانکۆکان دەکرێت
، کەچی بەداخەوە لەو بۆنانەدا ڕۆشنبیر و نوسەر… تاد هیچ حسابیان بۆ ناکرێت ! هەموو
ئەوانەی دانیشتوون بەرپرس و ئەوانن ، ئەگەر ئێمە بەراورد لەنێوان گەورەترین ملێۆنێر
بە جاهیل و خوێندەوا و ، بیرمەندێک بکەین دەبینین دەستی ئەو بیرمەندە و ئەو خزمەتەی
کە پێشکەشی کۆمەڵگەی کردووە دەمێنێت و ، بەهاکەی ڕۆشنبیریەکەی لەناو ناچێت ، سامان
پێوەر نیە بۆ پێشکەوتن و شارستانیەت .
لەو سەردەمەی ئێستاماندا پارە بۆتە هەموو شتێک ، بەڵام پارە زەروریە
و دەبێت بۆ بونیاتنان بێت و ، زەروریە بۆ پێشکەوتن و زەروریە بۆ فراوانکردن و کاری
خێرخوازی ، پارە وەهمێکە هەموو شت دەجولێنێت ، پارە بزر دەبیت بەڵام وشە دەمێنێت ،
من دەزانم پارەداری وا هەیە کە کەسێکی نیشتیمانپەروەرە و پارە لەخزمەتکردن و پێشخستنی
نیشتیمان خەرجدەکات ، بەڵام کارەسات ئەو جاهیلە پارەدارانەن کە زۆرن ، دەڵێن سێیانەی
کاولکاری نیشتیمان بریتین لە : هەژاری و نەزانی
و نەخۆشی ، بەڵام ئەمە وانیە ، نەفامی«جهل» و جەهل و جەهلە ، جاهیلی پارەدار هەر خەیاڵی
لەکن پارەکەیەتی هەمیشە ئەنانی و لەدڵەڕاوکێدایە و ، سوودی نەک بۆ ماڵ و منداڵی بەڵکو
بۆ کۆمەڵگە و نیشتیمانەکەشی نیە ، «تۆماس جیفرۆن» خاوەن وشە کاریگەریەکان لە دەستووری
ئەمەریکی دەڵێت : ( لەکن ئێمە ڕەنگ و ئاینەکەت گرنگ نیە ئەوەی گرنگە ، باشترین شت لە
لات هەیە بیدەیتە ئەو وڵاتە).
پارەداری جاهیل لەڕوالەتدا مەدەنیە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و قات و پڵاوی
کەشخەی لەبەردایە ، کەچی لەناوەڕۆکدا کچ و ژنەکەی لە بەندینخانەی ماڵەوەن و ئامادی
خزمەتکردن بە نیشتیمان و کۆمەڵگە نیە و ، بەهیچ شێوەیەک عەقلی بەختەوەر نیە و هەمیشە
لەدڵەڕاوکێدایە ، لەوانەیە دەرۆزەکەرێک عقلێکی بەختەوەرتری هەبێت لەو ملیۆنێرە
دواکەوتوانە و دەڵیت : شوکور بۆ خوا من کرێی خانوو نادەم ، من دەتوانم لەهەر شوێنێک
بێت لەسەر زەوی بنووم ، من ئازادم ، ئەوەی لەناو گیرفانمە بەشم دەکات و لێشم زیادە
، عقلی بەختەوە پەیوەندی بە پارە و مادەوە نیە ، هەژاری بەزەرورەت نابێتە مایەی ناڕازی
و نەفرەتی ، بەڵام ئەو نایەکسانە تووندەی لەنێوان خەڵکی لە ئاستی بژێویدا بریتیە لە
چاندنی تووڕەیی..ناشاردرێتەوە کە پەخشی تەلەفزیۆنەکان هەژارەکانیان خسۆتەناو ئەشکەوتی
نشوستی و خەمۆکی بە پێشاندانی ئەو هەموو ڤێلەی نەخوێندەوارە دەوڵەمەندەکان کە چۆن
لەو نیشتیمانەدا ئەوانە بەخۆشگوزەرانی ژیان
بەسەر دەبەن ، ئەم نایەکسانیە لەنێوان هەژاریەکی زۆر و دەوڵەمەندیەکی تووند بەشدارە
لە خەلقکردنی بێزاری و تووڕەیی .
کارەساتی پارەی زۆر لەدەست نەفامدا لەوەدایە کە زۆربەی جار خەڵک لێکدەکات
، وەرە سەیری لای خۆمان بکە لەسەر پارە و زەوی کە کەوتۆتە دەست نەخوێندەوار چ
کوشتارگەیەک دەکرێت یان بە ملیۆنەها دەبات و دەڕوات !!
کەواتە دوو جۆر هەن پارە کۆیان دەکاتەوە ، جاهیلی
پارەدار سەیری پارە وەک کۆیلەی پارە بە تووڕەیی دەکات ، پارەداری خوێندەوار بە بێزاریەوە
سەیری پارە دەکات ، کاتێک « برنادشۆ » بەناوبانگ بوو کە سامانی هەبوو ، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان لێیپرسی ،
مادامەکێ تۆ بڕوات بە سۆشالیزم و دابەشکردنی سامان هەیە…لەبەرچی لەئێستاوە لەخۆتەوە
دەستپێناکەی ؟ ڕەدەکەی ئەمە بوو : ( ئەگەر ئەوەم کرد هەژاری هەژاران لە جیهاندا زیاتر
دەبێت ) ، دوڵەمەندیی بە پارە نیە ، کەسی نەفامی پارەدار لە هەموو ڕووێکەوە هەژارە
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی