دوێنێ ڕێکەوتێکی سەیر بوو، هاورێیەکمان لەماڵەوە خواردنی دروستکردبوو، بچین لەدەرەوەی شار نان بخۆین، وەك هەمیشە بۆ ئەوەی زەویەکە پیس نەبێت، رۆژنامەی (هەولێر)ی هێنابوو تا بۆ نان لەسەرخواردن ڕاخەین، ئەوە بێرێزی نییە بەڕۆژنامەی کاغەز، بەڵام ڕاستیەکی حاشالێنەکراوە کە رۆژنامەی هەولێر لەوکاتەوەی دەردەچێ، لە هەولێر بۆ دوو شت زۆر بەکاردێت؛
پاککردنەوەی پەنجەرەی ماڵو بۆ خوانی نانخواردن.
من هەرگیز خوێنەری ئەو رۆژنامەیە نەبووم، بەڵام ڕێکەوتێکی سەیر بوو کاتێک بینینم لەگۆشەیەکی ئەو ڕۆژنامەیە کاک حەمە سەعی بەچەپ و راست خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی لێکردبووین بەدەستکەوتو شۆڕشی مەزن.
یەک شت لای من زۆر سەیرە، شیوعیەکان لەزەمانی زوو خوێندەوارترین چینی کۆمەڵگای کوردی بوون، بۆچی ئێستا حەمە سەعی بەشێکو لەهاورێکانی ئەوەندە بچووک و نزمن بەرامبەر پارە؟ تا پیرتر دەبن زەردتر دەبن. ئاخر تۆ بەو تەمەنەوە هی ئەوەیت تا دۆلارت زیاتر پێبدرێت زیاتر خۆت ناشیرینتر بکەیت؟ تۆو وێژانت پارەو دەستکەوت ئەوە دێنن چۆک بە مرۆڤدا بدەن و دەستبەرداری بیروباوەڕی خۆی ببێ؟
کەسێک خۆی وەک نوسەرو شاعیرو ئاوازدانەرو ئاواز دزو شعر دزو پیاوی ناو کۆمەڵگا بناسێنێ، بەئاسانی شەق لەو هەموو ناوەدەدا بۆ دەسکەوتی ماددی؟ خۆ کاتێک لەدوای ڕاپەڕین بۆ یەکەمجار بە زاخۆدا هاتیەوە کوردستان و (پاشای عەرشی کەلاوە)ت بڵاوکردەوە، ئەوکاتیش لەلای شانی ڕاستت ئاڵای سەوز و لای شانی چەپت ئاڵای زەردت لەسەر گرد و تەپۆلکەکان بینی و بەهەردووک حزبەکەدا هاتیەخوار، ئەوەی تۆ بەم دوو حزبەت کرد، با بە دەواری شڕی ناکا، خۆ ئەوکات تۆ لێمان ببویتە ئەدۆنیس و وەردی و ماغوت، چی لەپڕ تۆی کردە پیاوێکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵات، ئەگەر پارە و شوقە و زەوی و ئوتومبێل و دەسکەوتی تر نەبێ؟ خۆ پارتی لەوکات باشتر نەبووە، بەڵکو بارستایی خیانەتەکەی گەوتۆتە ئاسمان، بۆ ئێستا بە شان و پەڕ و باڵیاندا هەڵدەدەی؟
کاک حەمەسەعی ئەزانم تۆ خۆت ئەوەندە لەسەرووی خوێندنەوە و فێربوون دەزانیت، لەخۆت ناوەشێنیتەوە چیتر بخوێنیتەوە، لەو بڕوایەدایت کە لەو نووسەرانەی کە دەبێت تەنها بنووسیت و گوێت لێ بگیرێت، نەک بخوێنیتەوە و هێشتاش فێربیت. تۆ ئێستاش نوسەرانی تر بە کۆڵکەخوێندەوار و شۆرشگێر بە خیانەتکار تێدەگەیت، لەکاتێکدا خۆشت مێژووێکت نیە سەرت پێی بڵندبێ.
لەدوای روخانی ڕژێمی مەلەکی لە عێراق و هاتنەوەی بارزانی لە روسیا و بوونی بە سەربازێکی خۆبەخشی عەبدولکەریم قاسم، هیچ نەما نەیکات تا عەبدولکەریم قاسم لێی رازی بێت، ئەوە لە بیرەوەرییەکانی بەهادین نووریدا هاتووە. دوای تێکچوونی پەیوەندی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم لەسەر خێل و ناوچە و زۆرداری لە زێباریەکان، دەستیان کرد بە کوشتنی شیوعیەکانی هاوڕێ و هاوبیرت و بۆ ئەمەش، شای ئێران دۆلاری پێ دەدان.
لە پێشمەرگەیەکی سادەی شیوعیەکان دەستیان پێکرد لە بنەماڵەی فاخیر مێرگەسۆری دەستیان هەڵگرت، سەرچاوەکانیش: (کوردە دوژمنی خۆت بناسە، زمانی تاوان هاتە قسە، کۆماری ترس، بیرەوەرییەکانم، زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی). دەمەوێ، بۆت ڕاستبکەمەوە کە ئەوە، نسکۆ نەبوو ئاشبەتاڵ بوو، ئاشبەتاڵ واتە؛ کەسێک کارێک دەکات و کات و کۆتایی کارەکەی دەزانێت، ئەو شۆڕشەی لای تۆ پیرۆزە شۆڕش نەبووە، بەڵکو پرۆژیەک بوو بەرانبەر بە پارە بۆ شای ئێرانیان ڕێکخستبوو. کاتێک تەواوبوو، گەڕانەوە باوەشی شا و گوتیان؛ (کاری من تمام شد) ئیتر لەوێەوە وەک هەمیشە دەستیانکردەوە بە پیشەی هەمیشەییان کە خیانەت بوو لە رێگای قیادە مۆقەتەوە.
مووچەی مانگانەشیان 80 ملیۆن تمەن بوو. قیادە مۆقەتە بوون کاتێک عەجەم و پاسدار و موختارەکان پێشمەرگەیان بە دیل دەگرت، ئەوانیش بە دینارێک لە موختارەکانیان دەکڕینەوە و بە دوو دینار دەیانفرۆشتەوە حکومەتی عێراق تا لە سێدارەی بدات. لە رۆژهەڵاتیش پێش سوپای پاسدارن دەکەوتن بۆ شەهید کردنی کوردانی رۆژهەڵات.
شەوان پێش پاسداران دەکەوتن، لەدەرگای ماڵی کەس و کاری پێشمەرگەی کۆمەڵە و دیموکراتیان دەدا و دەستدرێژیان دەکردە سەر کچان و ژنانیان. هەر پارتی بوو بەشداربوون لەگەڵ عەجەم لە ڕەشەکوژێی کوردانی هەردووک گوندی قاڕنێ و قەڵاتان. هەزار ساڵی تر بگەڕێی لە هیچ بزوتنەوە و حزبێکی دونیا نابینیەوە بە قەد گروپی قیادەمۆقەتە خیانەتیان لە گەل و خاک کردبێت،( خیانەتەکانی قیادە مۆقەتە بە نەتەوەی کورد).
بەرێز کاک حەمەسەعی، تۆ ئەگەر ئەوەندە کوردپەروەری، بۆچی نوقە ناکەیت لەئاست جەندرمەی تورک کە خەریکە دەگاتە ناوەراستی شاری هەولێر و دهۆك؟ ئەرێ بوێریی ئەوەت هەیە جارێک بە ئاغاکەت بڵێت؛ ئەزبەنی، ئەو نۆکەری و خیانەتە تا کەی؟ بەو ویژدانەی کە هەڕاجت کردووە بوێریی ئەوەت هەیە بۆ جارێکیش بێ چاو دابخەیت و بڵێت؛ ئای هەی نیشتیمانە فرۆشراوەکەم، ئای لە ویژدانی فرۆشراوی خۆم؟!.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی