دڵم وەکو گوێژە دەسووتێت

29/07/2024

سۆزان حەمەتاتە





کەوتنەوەی ئاگر یان روودانی لافاو دوو رووی هەیە، یەکێکیان سروشتی و ئەوی دیکەیان بەهۆی بوونی دەست لەپشتی، یانی بە پلان و پیلانن یان بەهۆی کەمتەرخەمییەوەیە، کە ئەمەیان ئازار و زیانی زیاترە.
هەرێمی کوردستانیش وەکو هەر جێگەیەکی دیکە دەکرێت ئەو رووداوانەی تیادا رووبدەن کە لەهەر جێگەیەکی دیکەش روودەدەن، بەڵام چەندینجار سووتانی دارستان و شاخی گۆیژە یان دارستان و پاوانەکانی کوردستان جێگەی نیگەرانی، گومان و پرسیارە.
سلێمانی، مێژوو، هەڵکەوتە و خەڵکەکەی و پێگەی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا جێگەی شانازین بۆ هەر کوردێ، ئەوێ کە چەند ساڵێکە بووەتە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان زیاتر پێگەی بەهێز بووە، ئەوەش وایکردووە چاوی زیاتری لەسەربێت و هەوڵبدرێت ناسەقامگیر و نائارام بێت.
گۆیژە، بڵندگۆی بانگی ئازادیی سلێمانییە، دڵدارانی شار و کوردستان، دەستەخوشکان و خێزانە کوردەوارییەکان، گەشتیاران و ئەوانەی دەخوازن چەند ساتێکی ئارام بەسەرببەن، ئێوارانی فێنک، رۆژانی سەوزی بەهار و زۆرجاریش کە بەفر تارای سپی لەبەری گۆیژە دەکات، رووی تێدەکەن و لەناو گۆڤەند و گۆرانیدا، کاتەکانیان بەسەردەبەن.
ساڵانی پێش راپەڕین، زۆرجار دەبووە رێی هات و نەهاتی مەفرەزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوشار،  بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێ ئازادییەکانی سلێمانی بخنکێنێ، گۆیژە و ئەزمەڕیش بەردەوام سرودی ئازادییان لەسەرەوە بخوێنرێ.
دار سنەوبەر و بەڕووەکانی گۆیژە بۆنی کوردستانی گەورەیان لێدێ، سێبەرەکەیان پڕە لە سەدان یادگاریی عاشقان و شۆڕش و خێزانە رەسەنەکان و میوانان،زۆر بەداخەوە  کە دەستی رەش دەیەوێت لەناویان ببات.
سوتانی گۆیژە بەگومانێکی زۆرەوە دەستی لەپشتە، دەستی نەگریسی وا کە ڕقی لە جوانی و ئازادی و گۆڤەند و سلێمانییە، لەکاتێکدا لە دروستکردنییەوە تائێستا سلێمانی هەر خۆشەویستی دەبەخشێتەوە و کوانوی بەرگری و ئازادیخوازییە.
زۆر کەس و لایەن رقیان لە سلێمانی بوو، کەچی نەیانتوانی بیکوژن، کەچی پێچەوانەکەی ئەوەبوو دوژمنانی سلێمانی خۆیان بوونە سوتماک، چونکە سلێمانی ئازادیکوژ نییە، بۆیە چەند پلانی لێبکەن هەر باڵای بەرزتر دەبێت، سلێمانی سروشتی وایە خۆی رادەستی ژیانکوژان ناکات و دەیەوێت ببێتە هێمای جوانی و ئازادی و ژیان و خۆشەویستی.
ئاگری پیلانخوازان دارەکانی گۆیژە دەسوتێنێ، بەڵام رۆحی گۆیژە هەر خۆشەویستی دەبەخشێ، ئێمە دڵمان بۆ گۆیژە دەسوتێ، بەڵام دەبینە پارێزەری و نابێت چیتر رێگەبدەین رۆحی گۆیژە ئازار بدرێت، تاگوێژە بسوتێنن ڕقمان ئەستوورتر دەبێ ….چونکە گۆیژە هێمای مێژوو و بوونمانە و هەر باڵای بڵندتر دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی