ئەگەر ئیسرائیل وەک مرۆڤ و وەک تاکێک کە لێپرسراوێتی
مەکتەبی سیاسی حەماسی لە ئەستۆ بووە لەدوای ئیسماعیل هەنییە بووبێت و کوشتبێتی، ئەوا
توانی ئامانجەکەی بپێکێت، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل واوێنای رووداوەکە بکات کە کوشتنی
هەنییە مانای کۆتایی قەزییەی فەلەستین بێت، ئەوا نەک ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت
بەڵکو بەچەندان هێرشی دیکەی لەم شێوەیە و کوژرانی چەندان سەرکردەی دیکەی حەماس
ناتوانێت ئەوە بکات.
ئەوەی لە خودی کردەوەکە گرنگتر و جێبایەخترە،
پرسیارە لەسەر وردێتی نەخشەی کوشتنەکە، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لەناو تەهراندا لەلایەن
موساد و ئیسرائیلەوە، وێنەی (ئەدۆڵف ئیخمان)ی سەرکردەی نازییەکانی بیرهێنامەوە کە
دوای ئەوەی لەکۆبوونەوەیەکی نازییەکاندا لەساڵی 1942 بڕیار لە قڕکردنی جولەکەکان دەدات
و هەڵدێت بۆ ئەرژەنتین، چۆن مۆساد توانی لەو وڵاتەوە و لەساڵی 1957 بیڕفێنێت بۆ ئیسرائیل
و لەساڵی 1962 لەوێ لە سێدارەی بدات کە تائێستاش کەس نازانێت شێوازی بردنەدەرەوەکەی
لە ئەرژەنتین چۆن بووە؟!
ئەم دوو وێنەیە تەواوکەری یەکترن با زەمەن و شوێن
و کارەکتەرەکانیشی جودابن، لە ئیخمانەوە تا ئیسماعیل، هەردووکیان کوشتەی دەستی یەک
پرۆژەن، هەردووکیان بەیەک دەرد چوون، هەردووکیانیش بۆ ئیسرائیل یەک نەیارە، ئیخمان
کارەساتی 1942ی بەرهەمهێناوە، ئیسماعیلیش رووداوی 7ی ئۆکتۆبەر، ئەم دوو وێنەیە بەلای
ئیسرائیلەوە هیچ جیاوازی نییە لەناوەڕۆکدا، ئەوەی هەیە کەمێک پاش و پێشی زەمەنەو هیچیتر.
ئیشکردنی مۆساد ئیشکردنە لەسەر پرسێکی جوڵاوی جێگیرنەبوو
لەهەناوی زۆرێکی سیستم و دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەکەدا، هیچ کاتێکیش هێندەی ئیستا مۆساد
ئاگای لە وردەکاری رووداوەکانی ناوچەکە نەبووە، ئەم ئیشکردنەی مۆساد ئەوەندەی تەواوکاری
نەخشەیەکی دەوڵەتسازییە، ئەوەندە ترس نییە لە نەیارەکان، لە شێوازی لەناوبردنی ئیخمان
و ئیسماعیلدا، ئەوەی وادەکات موساد بچێتە دڵی دەوڵەتەکان و پیلانەکانی جێبەجێ بکات
ئەوەیە هەموو لایەک زلهێزی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک هەم لە خۆرهەڵات و هەم وەک دیپلۆماسییەتێکی
یونیڤێرساڵی قبوڵ بکات.
ئەگەر وردتر لە نەخشەسازییەکانی دەزگای زانیاری
ئیسرائیل بڕوانین، هیچ وڵاتێک هێندەی ئیسرائیل پێداگرنییە لەسەر لەناوبردنی نەیارەکانی
بەشێوەی نامۆو نەکردە!، ئەوە پەیامە، پەیام بەمانای چەندە زوو دەستیان بگاتە نەیارەکانیان،
واتا ئەوەندە ورد و چڕ رەگیان داکوتیووە لە وڵاتاندا و ناکرێت هیچ پەلاماردانێک بەرامبەریان
بەبێ وەڵام کۆتایی بێت، لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە غەزەوە بۆ مەجدال شەمس
و بۆ کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، هەڵگری ئەو مانایەیە کە رەنگە دوێنێ تا سەعات دووی
سبەینانێ "ئاسمان بەدەست ئیسرائیلەوە بووبێت"!
غەسان شەربل لە کتێبی (سەدام بە ئێرەدا تێپەڕی)
دیدار لەگەڵ (عومەر ئەلعەلی) دەکات و دەیگێڕێتەوە "گەنجێکی عیراقی لەهێڵی فڕۆکەوانی
دەبێت، دوای ئەوەی دەچێتە لەندەن و شەو لە یانەیەک هەموو پارەکەی لەقوماردا دەدۆڕێنێت،
بەکزۆڵییەوە لەبەردەم دەرگای یانەکەدا دادەنیشێت، گەنجێکی قژزەرد دێت و ئامادەیە
هاوکاری گەنجە عیراقییەکە بکات بەو مەرجەی بچێتەوە عیراق و کار بۆ مۆساد بکات، گەنجە
عیراقییەکە دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر ئیش بۆ مۆساد دەکات، دواجار وازدەهێنێت لەو
کارە، رۆژێک دەچێتە دوکانی کۆڵانەکەیان بۆ شت کڕین، لە رێگا تاکسییەک دەوەستێ و
واخۆی نیشان دەدات ناشارەزایە و ناونیشانی (بابولشەرقی)ی لێدەپرسێت، گەنجەکە لەکوشنی
پێشەوە سواری تاکسییەکە دەبێت بۆ گەیاندنی بەو جێگا، بەڵام لەناو تاکسییەکەوە کچێکی
قژزەرد دەمانچە دەخاتەسەر سەری گەنجە عیراقییەکەو دەڵێت: ئێمە چاک شارەزاین، بەڵام
تۆ نەتزانی لەکێ خۆت ون دەکەیت و پێویستە بەردەوام بیت و........هتد"
عومەر ئەلعەلی دەڵێت: لەو چیرۆکەوە زانیم دەزگاکانی
ئێمە بە دەستی ئیستیخبارەتی دەرەکی تەنراوە.
ئەوەی لەم چیرۆکانەوە بۆمان جێدەمێنێت، سیسەت و
هەواڵگری و قوربانیدانە لەپێناو پرسی نەتەوەو نیشتمان، هەرئەوەش وایکردووە لەدوای
ساڵی 1948ەوە ئیسرائیل ئەوەندە لێزانانە کاربکات، ئیسرائیلییەکان بڵێن "ئێمە
دەزانین سەرۆکی وڵاتان لەسەر کام لایەیان دەخەون"
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی