کایەی سیاسی و حیزبی لە
هەرێمی کوردستان هەرچەند بتەوێ لە گۆشەنیگایەکی هیوابەخشەوە تەماشای بکەیت دەتباتەوە
سەر گۆشەیەکی تاریك، بە جۆرێك کە کاری حیزبی لە چوارچێوەی بەرنامەو پلان و کاری دەستە
جەمعیەوە گواستراوەتەوە بۆ میزاجی تاكی بڕیاربەدەست و بەسەنتەرکردنی شەخس لە بڕیار
و بیرکردنەوەدا گەر بیرکردنەوە ڕۆڵێکی مابێت، لەم جۆرە مۆدێلی حیزبایەتی کردنەدا
کاری تیم و گروپ لە بیرکردنەوە و بڕیاردانەوە دەگۆڕێت بۆ بە باڵۆنکردنی ئەوانیتر.
لە کاری حیزبیشدا کاتێك
کە پەیڕەو ئۆرگان و دامەزراوە ڕۆڵێکیان نامێنێت، ئیدی شتێك نامێنێ بەناوی ستراتیژ
و پلان، کە ئەمەش نەما، دەکرێت هێزێكی سیاسی ڕۆژانە شتانێك بکات کە بەزیانی خۆی
بشکێتەوە, دەکرێت میدیاکەی بەناوی لێدان لەوانیترەوە سەرقاڵی هاڕینی ڕابردووی خۆیبێت.
ئەوەی میدیای یەکێتی لەم
هەفتەیە دەیکات بە ناوی لێدان لە لاهوری شێخ جەنگیەوە لە بنەمادا لێدانە لە خودی حیزبەکەی
خۆی، کە من پێموایە کە ئەمە لە نەبوونی پلان و ستراتیژ و تیمی بیرکردنەوەوە سەرچاوە
دەگرێت.
دوو لێدوانی لاهوری شێخ
جەنگی کە من پێموایە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە، تەواوی میدیای فەرمی و نافەرمی
یەکێتی خستۆتە دۆخێکی ناجێگیری میدیاییەوە، بەجۆرێك ئەگەر سەرنجی ڕاپۆرت و نوسین و
لێدوانەکانی میدیا و بەرگریکارانی دوور و نزیکی یەکێتی بدەیت هەموو ئەو شتانەی دەیانڵێن
لە بەکار هێنانی هێزی ئەمنی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و سەرانە سەندن و گەندەڵی و قۆرخکاری
حیزبی و بە شەخسیکردنی هێزەفەرمیەکان و دروستکردنی نائارامی و داگیرکاری زەوی و زۆر
شتیترن کە هەموو ئەمانە داننانە بە گەندەڵی و نایاسایی و تاواندا،
دەکرێت ئێستا ببپرسین
ئەو هێزەی سەرانەی سەندوە و بوەتەهۆی نائارامی ئێستا لە کوێیە؟ لێپرسینەوەی یاسایی
بەرامبەر کراوە یان نا؟ ئەی ئێستا هیچ کەسیتر بە ئامانجی شەخسی بۆ هەمان ئامانج و
بەرژەوەندی بەکاری ناهێنێ؟ بۆچی لێپرسینەوەیان لێ ناکرێ کە وەك لە میدیاوە دەڵێن ئەم
هموو تاوانەیان ئەنجامداوە لە کاتێکدا ئێستا هێزەکە لە لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبدایە!
بۆچی ئەم هەموو نایاساییە تێپەڕێت و کەسیش دادگایی نەکرێت؟ چونکە بۆ منی هاوڵاتی
تاوانەکان گرنگن نەك ئەوەی لە حیزبەکەدا دەدرێتە پاڵ کێ؟
دەکرێت دوای هەشتی تەمووز
بۆ میدیای یەکێتی بە قۆناغی خستنە ڕوو و دانپێدانانی ناشیرینیەکان ناو بهێنرێت لە
میدیای خودی حیزبەکەوە، ئەمە بۆ ئەو میدیایانەش دروستە کە هی لاهوری شیخ جەنگین، بەڵام
جیاوازیەکە ئەوەیە کە ئێستا ئەو یەکێتی نیە و ئەوەی دەیانبەستێتەوە بەیەکەوە ڕابردوویانە،
بەڵام بۆ یەکێتیەکان ئێستاو ڕابردوو و داهاتوویانە.
ڕەنگە ئەم تێکشکاندنە
میدیاییە بۆ جەماوەری ئەوانەی لە ڕابردوودا یان لە ئێستادا یەکێتین جیاوازبێت و
لابردنی هەڵە و تاوانەکان لەسەر شانی کەسێكەوە بۆ سەرشانی کەسێکیتر شتێك لە دۆخەکەیان
بۆ بگۆڕێت، بەڵام ئەمە بۆ ئەوانەی یەکێتی نین و لەدەرەوەی ئەو حیزبەن هیچ لە دۆخەکە
ناگۆڕیت، بەڵکو بە پێچەوانەوە نیگەرانیەکان زیاتر دەکات کاتێک کە حیزبێك لە ڕێگەی
میدیاکەیەوە دێت و ئەو هەموو کارە نایاسایی و گەندەڵی و فەزاحەتە دەخاتە ڕوو و بەرپرسیارێتیشی
دەخاتە ئەستۆی کەسێك لە قۆناغێکدا کەسی یەکەم و بڕیاردەر بوە لە حیزبدا.
بۆ هاوڵاتیەکی ئاسایی حیزبی حاکم ئەنجامدەر و بەرپرسیاری
ئەوەیە کە ڕوودەدات پاشان دێتەوە سەر تاك، چونکە هەموو ئەوەی لە سنوری زەرد ڕوویداوە
و ڕوودەدات پارتی لێی بەرپرسە و بۆ سنوری سەوزیش یەکێتی، بۆ منێكی هاوڵاتی چ جیاوازیەك
هەیە لەوەی زەوی ئەم شارە لاهور جەنگی تاڵانی بکات یان قوباد تاڵەبانی یان شێخ جەعفەر
یان مناڵەکانی کاك کۆسرەت یان کاکێکیتر!، چ جیاوازیەك هەیە کامیان سلێمانیان
نائارام کردوە؟ کامەیان زیاتر قاچاخی کردوە و داهاتی بۆ خۆی بردوە؟
لە کاتێکدا هیچ کامێکیان
بەبێ هێزو دەسەڵات و جەماوەری یەکێتی هیچ نین.
گەر سیاسەت و هێز و دەسەڵاتی
یەکێتی نەبێ کێ ئەوەندە پیاوە بتوانێ شەق هەڵدا لە خۆپیشاندەرێ، چ دەمووچاو داپۆشراوێك
حەدی هەیە بە تفەنگێکەوە قسەیەکی بەرز و نزم بە مامۆستایەك بڵێ! هەموو ئەو شتانەی
میدیایی یەکێتی خۆی دەیڵێت و هاوڵاتیانیش دەیزانن ڕابردووی حیزبێکە ناوی یەکێتیەو
لە پاڵ شکاندنی نەیارەکانیاندا خۆیان بۆمان باسدەکەن، جا کێ و تاکەی تێیدا بوە کەم
تا زۆرێك شەریك و پشکدارە بەوانەشەوە پێشتر لێی دەرچوون و لاهور جەنگیش تا ئەو رۆژەی
تێیدا بوە، چونکە کۆی ئەم بەرپرسانە پێکەوە بەرپرسیارن لە هەموو ئەو شتانەی لە کاتی
ناکۆکیەکاندا بەرامبەر یەك دەیڵێن، بەڵام دواجار گەر هێزو توانای ئەمنی و دارایی و
ئیداری و سیاسی یەکێتی نەبێت کەسیان هی وتنی ئەلفێك نین بەرامبەر بەهیچ کەسێك چجای
تێپەڕینی ئەم هەموو فەزاحەتە لە میدیا باسی دەکەن، بۆ من چ لە دۆخەکە دەگۆڕێت کاتێك
کەسێك کە لەگەڵ لاهور بێت بە بڕیاری دادگا بە تۆمەتی گەندەڵی هێز بچێتە سەر ماڵەکەی
و کە لای ئەو نەماو گەڕایەوە ماڵە گەورەکە بکرێتە سەرۆکی لیست! ئەم هاوکێشەیە بۆ نێو
یەکێتیەکان گەر جیاوازیەکی هەبێ بەڵام بۆ منی هاوڵاتی هیچ جیاوازیەکی نیە و یەك دەرئەنجامی
هەیە.
من لێرەدا دادوەری ناکەم
کە کێ باشەو کێ خراپ بەڵام هەر ئەم لاهورە بوو یەکێکیان بە پشت و ئەویتریان بە برا
وەسفیان دەکرد؟ هەر ئەم لاهورە بوو تەواوی کۆنگرە چەپڵەی یەکەم بونی بۆ لێدا؟ چی ئەم
چەپڵەو وەسفانەی گۆڕی بۆ ئەم بە دێوکردنە؟، چونکە ئەوە تێڕوانینی هاوڵاتیان نیە گۆڕاوە
بۆ پرسەکان، بەڵکو ئەوە دۆستەکانی دوێنێ و ناکۆکەکان ئێستان تێڕوانینیان بۆ یەك گۆڕاوە،
لای منی هاوڵاتی تێروانینەکە نەگۆڕاوە چونکە لێکەوتەکان نەگۆڕاون، لێکەوتەی گۆڕانکاریەکان
بۆ هاوڵاتی گرنگن، ئەوەی جیاوازی دروستدەکات جیاوازی لێکەوتەکانن نەك هێرشە میدیاییەکان،
بۆ دانیشتوانی گەڕەکێك شارەوانی باش و خراپ بە قیرتاوکردنی کۆڵانەکەیانا جیادەکەنەوە
نەك بە قسەکانیانا.
لە کۆتایدا ئەوەی لەم
هەرێمە دەگوزەرێ قۆناغێکی ناتەندروستی حیزب و سیاسەت و هەڵبژاردنە، کە دەکرێت بە سەردەمی
ناشیرینی ناوی بهێنین، گرفتە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە هیچ بەدیلێك نیە جگە لە ڕاستکردنەوە
و جوانکردنەوەی کرداری، ئەمەش کاتی دەوێت و تا زووتریش سیاسەت و حیزبایەتی و هەڵبژارد
بخرێتەوە سەر رێگا دروستەکە درەنگە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی