هەڵهاتنی شێخ حه‌سێنەی بەنگلادیش‌و ئایندەی شێخە حوکمڕانەکانی هەرێم

07/08/2024

عومەر عەلی محەمەد

پاش 20 ساڵ لەحوکمڕانی، قوتابییان لەبەنگلادیش ڕژانە سەر شەقامەکان‌و کۆتاییان بەحوکمی بنەماڵەی نەجیب ڕەحمانی هێناو شێخ حسێنەیان لەسەر کورسی دەسەڵات هێنایە خوارەو ناچاریانکرد پایتەخت بەجێبهێڵێت‌و بەفڕۆکەیەک بەرەو هیندستان هەڵبێت.
 
هەرچەند شێخ حەسێنە لەپرۆسەیەکی هەڵبژاردندا لەساڵی 1996 جڵەی حوکمڕانی گرتۆتە دەست، بەڵام دواجار پابەند نەبوو بەبەڵێنەکانی‌و لەدواساتەکانی حکومڕانیەکەیدا نمونەیەک بوو بۆ چەسپاندنی تاکڕەوی‌و عەسکەرتاریەت‌و حوکمی بنەماڵەو بەحزبیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
   
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت: شێخ حەسێنە کۆمەڵگەی بەنگلادیشی دابەش کردبوو بە سەر دوو بەرەدا، بەرەی یەکەم بریتی بوو لە بنەماڵە و ئەندامانی حیزب ،کە زۆرینەی داهات و ئیمتیازەکانی حکوومەت و دامەزراندن لە یەکە کا گێڕییەکاندا بۆ ئەمانە بوو، سوپا و دادگا و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنیش پشتیوانییان لێ کردوون و کەس نەیتوانیوە ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە.

بەرەی دووەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و خەڵکە ناڕازییەکە بوو ،کە بەردەوام لە ژێر هەڕەشە و ئەشکەنجە و برسی کردن و زیندانی کردن دا بوون ،بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراوە ئەمنییەکان بەردەوام بە چاوی تیرۆریست و خیانەتکار سەیریان دەکردن، سەرەڕای ئەوەی کە لە سەردەمی حوکمڕانی شێخ حەسێنەدا هەندێک گەشەی ئابووری بەدی دەکرا بەڵام بە وتەی پارتە ئۆپۆسیۆنەکان ئەو گەشەکردنە تەنها ئەندامان و کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزبی دەسەڵاتدار سوودیان لێ بینیوە و زۆربەی هاوڵاتییان بێبەش بوون لێی.

خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی قوتابییان لەسەر ئەو نا عەدالەتییە بوو کە لەڕێگەی سیستمی کۆ تاوە پیادەدەکرا بۆ دامەزراندن لەحکوومەتدا، چونکە بە پێی ئەو سیستمە دامەزراندن زۆرینەی بۆ حیزبی حکومڕان و ئەندامەکانی بوو، بەمەش زۆربەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان لێی بێبەش بوون . شایەنی باسە لەئێستادا زیاتر لە 25 ملیۆن گەنجی بێکار هەیە ،لە وڵاتێکدا کە دانیشتووانەکەی 171 ملیۆن کەسە.

ئەگەر سەیری دوو بنەماڵە شێخە حوکمڕانەکەی هەرێمیش بکەین وە بەراوردی بکەین بە حوکمڕانییەکەی شێخ حەسێنە ئەوا لێرەدا زۆر ناهەموارتر و خراپترە، چونکە ئەگەر سەرنج بدەین لەئێستادا زیاتر لە700 هەزار گەنجی بێکار هەیە کە  زۆربەیان دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکانن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لەساڵی 2014 تەنها ئەو دەرچووانە دامەزراون کە نزیک لەدوو حزبە دەسەڵاتدارەکەن‌و هاوڵاتییانی ناڕازیی‌و پارتە ئۆپۆزسییانەکان بێبەشبوون لەهەر دامەزراندنێک. لەلایەکی تریشەوە گەشەی ئابووری سفرەو دەستکەوت‌و داهاتەکانی وزەو ناوخۆ ناڕوونە و زیاتر لە 11 ساڵە بووجە نەچۆتە پەرلەمانی کوردستان. لەبەرئەوە تائێستا حکومەتی هەرێم خاوەنی بانکێکی ناوەندی نییەو نازانرێ یەدەگی دراوی قورسی چەندەو دەشڵێن حکومەت بڕی 33 ملیار دۆلار قەرزارە. تائێستاش حکوومەت بۆ وەرگرتنی پارەی مووچەخۆران چاویلە دەستی حیزبەو تا ئەمکاتەش حکوومەت 26 ترلیۆن دیناری مووچە خۆران قەرزارە بەپێی وتەی چاودێرێکی سیاسیش دوو بنەماڵە شێخە حکومڕانەکەی کوردستانیش لە ئەم هەڵبژاردە نەدا وا پێدەچێت هەمان چارەنووسی شێخ حەسێنەیان هەبێت، چونکە لەئێستادا زۆرینەی گەنجانی هەرێم کارتی بایۆمەتریان تازەکردووەتەوەو خۆیان ئامادەکردووە بۆ دەنگدان دژ بەم دوو شێخە حوکمڕانەو ئەگەر ئەمەش ڕووبدات دەبێت لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا حکوومەت بدەنە دەست ئۆپۆسیۆن‌و خەڵکی ناڕازیی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی