ئایا ئێمە پرۆگرام
کراوین تا ببینە ئامراز بۆ هێشتنەوەی جیناتمان یان دروستکراوی خوداین و تەنها بۆ
تاقیکردنەوە لێرەین یان گرنگ نییە لە کوێوە هاتوین گرنگ بیر بکەینەوە فێر بین و
بزانین تا بگەینە بەختەوەری ؟
لە روی زانست ئێمە بەجۆرێک
پرۆگرام کراوین تا بتوانین گوێزەرەوە بین لە هەمو دۆخەکاندا بۆ جینەکانمان ، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەو جیناتانە
بدەینە دەست نەوەی داهاتو ، جینەکان گوێ نادەنە ئەوەی ئێمە تەندروست باش بین یان
خراپ ، بەختەوەر بین یان غەمگین ، ئازا بین یان ترسنۆک راستگۆ بین یان درۆزن ، باش
بین یان خراپ ، ئەوەی جینەکانمان دەیانەوێت تەنها بەردەوامی و مانەوەی خۆیانە ئەگەر
لە ئێمەشدا نەبێت لە نەوە یەک بە دوای یەکەکاندا .
ئەم جینانە لە بۆشاییدا
کار ناکات بەڵکو بە هۆی ژینگەوە خۆی دەگونجێنێت لەو کات و شوینەی کە بونی هەیە ، ئەگەر
مرۆڤ پرۆگرام کراو بێت لە لایەن جینەکانەوە ئایا ئیرادەی ( ویستی ) ئازادی هەیە یان
نییەتی ؟
لێرەدا لە نێوان زانست
و فەلسەفە کێشمەکێشێک دروست دەبێت ، لە کاتێکدا فەلسەفە جەخت لە بونی ئیرادە (ویستی ) ئازاد و سەربەستی مرۆڤ دەکاتەوە بە پێچەوانەی پرۆگرامی
جینەکانەوە ، فەلسەفە بەردەوامی مرۆڤ دەگێرێتەوە
بۆ گەیشتن بە دانایی و لەوێشەوە دەستگەیشتن بە بەختەوەری و بڵاوکردنەوەی زانین و چۆنێتی
ژیانکردن لە نێو چوارچێوەی گەران بە دوای زانین و فێربوندا ، بۆیە ئیرادەی ئازادی
تەواو لە دەست مرۆڤ خۆیدایە بۆ ژیانکردن و هەڵبژرادنەکان لە ژیاندا و بریاردان دەگەرێتەوە
بۆ ویستی ئازادی مرۆڤ خۆی .
ئاینیش وەک لایەنی سێهەم
ئیرادەی مرۆڤ دەخاتە نێوان هەڵبژاردن و سەپاندن ( مخیر و مسیر ) لە لێڵیدا ئیرادەی
مرۆڤ دەهێڵێتەوە هەندێک بابەت مرۆڤ خاوەن ئیرادە و بریارە و لە هەندێکیش خواوەند
بریاردەرە ، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت لە بەتاڵیدا
لێرە نییە بەڵکو بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە لەسەر ئەو یاسا و رێسایانەی خواوەند
دایناوە لە رێگەی کتێبە پێرۆزەکان و پەیامبەرەکانی ، بەمەش ئیرادەی ئازاد تەنها بۆ
کردنی باشە رێگە پێدراوە و دەبێت مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر خراپەکاریدا ، لە کاتێکدا رێرەوی
چاکەو خراپەکان لە کتێبە ئاینیەکاندا دیاری
کراوە نەک لە رێگەی زانست یان فەلسەفە ، کە بەرای زانست ئەمە خەیاڵە و فەلسەفەش بە
زەوتکردنی ئیرادەی ئازادی مرۆڤی دەبینێت .
ئەم سێ ئاراستەیە لە هیچ
خاڵێکدا یەک ناگرنەوە تەنها ئەوە نەبێت کە مرۆڤ دەبێت ژیان بکات یان کۆتای بێنێت بە
ژیان .
لە هەمو بارەکانی ژیانکردن
لە راستیدا ( واقع ) ئەوە رون دەبێتەوە کە
مرۆڤ دەبێت خاوەن بریار و ئیرادە بێت بۆ هەڵبژرادنەکانی و بەردەوامی لە گوزەرکردن
، کە بە نەزانراوی بۆی دیاری کرا بێت یان
زانراو بێت و پێشتر قسەی لەسەر کرابێت یان لە ئێستادا قسەی لەسەر بکرێت و لێکۆڵینەوە
توێژینەوەی لەسەر بکرێت ، جا ئەم ئیرادەیە لە ژێر سایەی ئاین بێت یان
زانست یان فەلسەفە ، ئەمەش بێ مانای ژیانی مرۆڤ دەگەیەنێت کە بێ ئیرادە بێت کە لە
کۆتادا دەستپێک و کۆتای لە لای خۆی نییە تا بریارئ ئازادانە بدات بۆ مانەوە یان نەمان
، بۆیە تا ئێستاش مرۆڤ وەک نەزانراو گوزەر
دەکات و بە کۆمەڵێک خەیاڵ و پرۆگرام و ئایدیاوە لە سفرەوە دەست پێدەکات تا دەگاتەوە
سفر ، لەو نێوەندەدا بیردۆز دەدۆزێتەوە بۆ بروا هێنان و بەردەوام بوون لە ژێر سایەی
ئیرادەیەکی وەهمی لە بیر و خەیاڵیدا بە ناوی وسیتی ئازاد ( الاردة الحرة ) .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی