بەهۆی بوونی پێکهاتەی جیاجیا لە کەرکوک، زۆرکات بڕیارە چارەنوسسازەکان لە دەست کەرکوکی و عیراقییەکانیش دەردەچێت و دەستوەردانی دەرەکی (کە بەردەوام بووەتە بەڵا بۆ کەرکوکییەکان) رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت، لەلایەکی ترەوە ململانێی ناڕەوای هەندێک لایەنی کوردستانی و هەوڵەکانیان بۆ دروسترکردنی زەمینەی ناتەبایی و نەبوونی یەکڕیزی بووەتە هۆی لەدەستدانی پۆستی پارێزگار لە حەوت ساڵی رابردوودا، بەڵام رەوتی رووداوەکان پێچەوانە کەوتەوە و لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگادا کەرکوکییەکان یەکێتییان هەڵبژاردەوە و کردیانەوە بە براوەی یەکەم لەو پارێزگایەدا.
دوای جەختکردنەوە بەردەوامەکانی سەرۆک بافڵ و یەکێتییەکان لەپەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرۆک (مام جەلال) لە کەرکوک و دروستکردنی متمانە بەیەکێتی، گوشار و بەربەستە دەرەکی و ناوخۆییەکان نەیانتوانی کەرکوکییەکان لە تامەزرۆیی بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک (مام جەلال) ساردبکەنەوە و ئەوە کەرکوکییەکان بوون یەکێتییان کردەوە بە هێزی یەکەمی شارەکە و دەرئەنجام لەناو قورسایی هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکەدا یەکێتیی ئاسانتر توانیی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکاتەوە و پۆستی پارێزگاری گەڕاندەوە ژێر حوکمی سندوقی هەڵبژاردن، ئێستاش یەکێتیی دەیەوێت کەرکوک لە ململانێی چڕی پێکهاتەکانەوە بگۆڕێت بۆ قوڵکردنەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەت.
جیا لەمەش ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە، لەکاتێکدا هەرێم بە کێشە و قەیرانی قورسی جیاجیادا تێدەپەڕێت بەشی زۆری قەیرانەکانیش دوای 2010 و دوای نەمانی یەکێتی لە لووتکەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی لە هەرێم دروستبوون، هەموولایەکیش بە دیدگای یەکێتی بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ئاشنان، کە بریتییە لە چارەسەری بنەڕەتی بەڕێککەوتن لەگەڵ عیراقی فیدراڵدا.
یەکێتی بەجۆرێک خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە سازداوە ئەنجامەکەی هاوسەنگیی بگێڕێتەوە و ببێتەوە بە حزبی کاریگەری پێکهێنانی کابینەی دوای هەڵبژاردن و هاوشێوەی هەشتەم و نۆیەم نەبێت، یەکێتی دەیەوێت رۆڵی جەوهەری لە حکومەت بگێڕێت و رێڕەوی خواری حوکمڕانی راستبکاتەوە کە ئەم حزبە 14ساڵە هاوکاتی بەشدارییەکەی لە حکومەت نیگەرانە لەو ئەدا کلاسیکییەی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنەکەی کەرکوک بەقازانجی یەکێتیی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەلبژاردنی هەرێمیش دادەنێت.
ئێستاش پێویستە هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا یەکێتی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا سەربخەن هاوشێوەی کەرکوک بۆئەوەی باری خواری هاوسەنگیی هێز و رێڕەوی حوکمڕانی راستبکرێتەوە، کە ستراتیژەکەی لە سیاسەت و دنیابینی سەرۆک مام جەلال دا خۆی دەبینێتەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی