- پادشایەك وەزیر و كاربەدەستەكانی دەعوەتكرد و بە خزمەتكارەكانی گوت: لەجیاتی تووتن تەرسی ئەسپیان بۆ بخەنە سەر قلیانەكانیان(نێرگەلەكانييان).
میوانەكان دەستیان كرد بەقلیانكێشان،
بۆنی تەرس دیوەخانی پڕكردبوو، بەڵام میوانەكان لە ترسی پادشا نەیاندەوێرا بڵێن قلیانەكەیان ناخۆشە و قمی بەهێزیان لێدەدا.
پادشا ڕووی كردە میوانەكان و گوتی: باشترین تووتنم بۆ خستوونەتە سەر قلیانەكانتان، لەلایەن حاكمی هەمەدانەوە بەدیاریی بۆم هاتووە.
میوانەكان دەستیان كرد بەپێداهەڵگوتن بەتووتنی قلیانەكان و گوتیان: لەهەموو تەمەنماندا تووتنی وا باشمان نەكێشاوە.
پادشا ڕووی کردە (دارۆغە) كە بەهەموو تینی قمی لێدەدا و گوتی: تووتنێكی چۆنە؟
دارۆغە گوتی: بەسەری پادشا پەنجاساڵە قلیان دەكێشم، بەڵام تووتنی واخۆشم نەكێشاوە.
پادشا بەچاوێكی سووكەوە ڕووی كردە میوانەكان و گوتی: ڕووتان ڕەشبێت كە بەخاتری پۆست و پلەوپایەتان حازرن تەرسی ئەسپ لەجیاتی تووتن بكێشن، ئەشەدوبیللاشی بۆبکەن و بڵێن لەو تووتنە باشترمان نەکێشاوە! ئێوە ماستاوچیین.
-- ڕۆژێک بە کەریم خانی زەندیان گوت: پیاوێک هاتووە بۆلات هەر دەگریات. گوتی: کاتێ ژیربۆوە بۆم بینن. پیاوەکە ژیربۆوە و هێنایان بۆلای کەریم خان و گوتی: قوربان من زگماک کوێربووم، چوومە سەرگۆڕی باوکت چاوم چاک بۆوە.
کەریم خان گوتی: چاوی کوێر بکەنەوە، بزانم گۆڕی باوکم چاوی چاک دەکاتەوە؟
گوتیان: قوربان لەبەر خاتری گۆڕی باوکت لێی خۆشبە با بڕوات.
کەریم خان گوتی: باوکم هەتا مرد دزیی و چەتەیی دەکرد، من هەر ناشزانم گۆڕەکەی لە کوێیە، ئێستا کە من دەسەڵاتدارم کۆمەڵێک ماستاوچیی گۆڕێکیان درووستکردووە گوایە ئەوە گۆڕی باوکمە، "ئەگەر رێگە بە ماستاوچییەکان بدەین دنیا کاول دەکەن."
ئەمەیە زانستی پانکردنەوە (پانلۆجی)*، ئەمەیە گرگنبوونی مرۆڤ. چونکە ماستاوچییەکان هەمیشە لای پادشاکانیان ڕیسوان و سووکن وەک تەبەدۆر. پێش ئەوەی دەسەڵات بگۆڕین، دەبێت هۆشیاریی گشتیمان بگۆڕین، بۆ ئەوەی تەرسکێشەکان گەمژەکان نەکەنەوە پادشا، وەک محمد ماغووت گوتی: ئەوەی دەسەڵاتی ڕاگرتووە موادی حافیزەکەیەتی. واتا ماستاوچییەکانن. ئێمە قووربانیی دەستی کولتوور وعەقڵییەتی پانلۆجییەکانین.
*پانلۆجی: زانستی پانکردنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی