ڕۆژی 15ی ئابی 2024، عێراقو تورکیا بەئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەو بەرگرییو گەورە بەرپرسانی ھەواڵگریی، یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازییو ئەمنییان واژۆکرد، دەقی ئەم یاداشتە کە تەنها لەلایەنی میدیای عێراقییەوە بڵاوکراوەتەوە، 10 ماددە لەخۆدەگرێتو ھەفتەیەک دوای بڵاوکردنەوەی ناوندێکی ڕاگەیاندنی سەر بە کۆشکی کۆماری تورکیا ڕەتیکردەوە کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دەقی ئەو یاداشتە بێت کە بەرپرسانی وڵاتەکەی واژۆیان لەسەرکردووە، ھەروەھا ئەوان وەک تورکیا ئەو زانیاریانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لەپاشەکشەی ھێزەکانی تورکیا دەکەن لەناو خاکی عێراقو ھەرێمی کوردستان.
لەبەدواداچوونو لێکۆڵینەویەکی ڕۆژنامەوانیی، بەدواداچونمان بۆ ناوەڕۆکی یاداشتەکەو لێکەوتەکانییو براوەو دۆڕاوی نێو ئەم ڕێکەوتننامەیەو تەنانەت لایەنه شارەواکانی کردوە لێرەدا دەیخەینە بەردەستی خوێنەرانی ئازیز.
ئاشکرایە کە واژۆکردنی ئەم یاداشتە سەربازییو ئەمنییە، بەرھەمی ھەوڵێکی چڕی دیبلۆماسی بەرپرسانی تورکیا بوە کە ئەندازیارەکەی بریتیی بووە لەھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاو کۆنە بەرپرسی دەزگای میتی ئەم وڵاتە، کە دواتر بەسەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە22ی نیسانی 2024 رێکەوتنەکان گەیشتنە لوتکە.
شایانی باسە، ئەردۆغان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغداو ھەولێر چەندین ڕێکەوتننامەو یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆکرد، بەڵام لەنێو ئەو یاداشتانەی کە ئەوسا بەدڵی تورکیا نەبوو، ئەو یاداشتە بوو کە ھێڵدرایەوە بۆ گەڕێکی دیکەی دانووستان، بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا لە 15ی ئاب میوانداریی شاندی عێراقی کرد تا ھەردوولا (تورکیا-عێراق) بەبەشداریی نوێنەری حکومەتی ھەرێمیشەوە کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستانە واژۆی کۆتایی لەسەر یاداشتە ئەمنیو سەربازیەکە بکەن.
تورکیا لەم ڕێکەوتننامەیە چی دەستدەکەوێت؟
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵى ڕابردوو، بەڵام هەموو ئەم ئۆپهراسیۆنانە لەڕابردوو نەیانتوانی پێش بەهێرشەکانی PKK بگرن، دواهەمین زەبری PKK دژ بەھێزەکانی تورکیا لەمانگی کانوونی دووەمی 2023دا بوو، کاتێک گەریلاکانی PKK دوو هێرشی جیاوازو یەک لەدوای یەک لەماوەی یەک هەفتەدا بۆ سەر دوو تاوەری چاودێری سوپای تورکیا ئەنجامداوە لەئەنجامدا کوشتنی 12 سەربازی تورکیای لێکەوتەوە.
ئەوسا تورکیا درکی بەوەکرد کە ڕێوشوێنە ئەمنییە تاکلایەنەکانی ناتوانن لەئامانجی ڕێگریکردن لەئۆپەراسیۆنەکانی پەکەکەو لاوازکردنی ئەو ھێزە سەرکەوتووبێت، بۆیە حکومەتی تورکیا بەئەنجامدانی کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئاست بەرز لەگەڵ حکومەتەکانی بەغداو هەولێر لەمانگی ئاداری 2024دا جوڵەی کرد.
ئەم دیدارە دیپلۆماسیانە بریتیبوون لەسەردانی وەزیری دەرەوە هاکان فیدانو یاشار گولەر وەزیری بەرگرییو ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی هەواڵگری بۆ بەغداو ئەم سەردانانەش بووە هۆی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات لە 14ی ئاداردا، کە مەرجی دامەزراندنی چوارچێوەی سیاسی نوێ بۆ هاوکاری نێوانیان لەچەند بوارێکدا، لەوانەش بواری ئەمنییو بوارەکانی سەربازیی، بازرگانیی، ئاو، کشتوکاڵو وزە، دەستکەوتێکی دیکەی تورکیا لەو دیدارانەی لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکانی بریتییبوو لەوەی بەغدا پارتی کرێکارانی کوردستانی وەک “ڕێکخراوی قەدەغەکراو” ناساند.
نزیکبوونەوەی نوێی تورکیا بۆ عێراق لەیەکەم سەرنجی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەواژۆکردنی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە دیارە، لەوتارەکەیدا بۆ یەکێک لەکەناڵەکانی تورکیا لە18ى ئاداردا، کاتێک وتی، "ئێمە تەنها گفتوگۆ ناکەین بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە ئەمنیو سەربازییەکان، بەڵکو لەگەڵ عێراق باس لەئەگەری بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش دەکەین دوولایەن، کاردەکەین تا کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆتاییان دێت".
ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سەنتەری سیتا بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسییەوە بڵاوکراوەتەوە، کە نزیکە لەحکومەت، ئامانجەکانی تورکیا بۆ ئەم هاوکارییە لەگەڵ بەغدا ڕووندەکاتەوە، بەمشێوەیە:
1. دانانی ناوچەیەکی ئارام لەنێوان عێراقو تورکیا بەقوڵای 40 کیلۆمەتر لەنێو خاکی عێراقو هەماهەنگی سەربازیی بەمەبەستی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی هەردوو وڵات دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.
2. پێشخستنی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتو گازو وزە لەنێوان هەردوو وڵاتو دابینکردنی پاراستن بۆیان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
3- تورکیا لەئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لێی، ڕۆڵی زیاتری هەبێت لەهاوسەنگکردنی نفوزی ئێران لەعێراقدا.
ئەو پاڵنەرانەی کاریگەریان لەسەر عێراق دانا بۆ واژۆکردنی یاداشتەکە:
ئاشکرایە لەساڵی 2003وە حکومەتەکانی بەغدا خۆیان لەوەڵامدانەوەی داواکارییە دووبارەکانی تورکیا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوانیاندا، یان دانانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلیستە تیرۆریستییەکان بەدوورگرتووەو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش چەندینجار دەستێوەردانەکانی سەربازیی تورکیایان لەباکووری ئەو وڵاتە شەرمەزار کردووە.
چەند هۆکارێکی گرنگ هەن کە لەڕابردوودا نەیانهێشت بەغدا، PKK وەک گروپێکی تیرۆریستی پۆلێن بکات، گرنگترینیان بریتین لە:
1- پۆلێنکردنی “PKK” وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ڕەنگە دەرگای داواکاری لایەنە سوننەکانی عێراق بکاتەوە، بەتایبەتی پۆلێنکردنی هەندێک لەمیلیشیا شیعەکانی عێراقی چەکدار وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بەهەمانشێوە، ئەمەش شتێکە کە لایەنە شیعەکانی عێراق نایانەوێت.
2- ژمارەیەک پارتە شیعە عێراقیەکان تورکیا بەهەڕەشە بۆسەر خۆیانو عێراق دەزانن بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراقو پاڵپشتی تورکیا بۆ لایەنە سوننەکانو هەروەها بەهۆی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنكەرە لەسەر پرسی ئاو.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتو زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان، بەغدا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی ئاو بووەوە لەمدواییانەدا، هەروەها زیادبوونی داخوازییەکانی عێراق بۆ ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، بەغدا دەستیکرد بەپێداچوونەوە بەهەڵوێستی خۆی سەبارەت بەهاریکاری ئەمنی لەگەڵ ئەنكەرە، بەهۆکاری ناوخۆییو دەرەکی کە گرنگترینیان بریتین لە:
1- تورکیا ئەمجارە پێشنیازی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ بەغدا بەستەوە بەهاریکاری لەچەند بوارێکدا کە گرنگترینیان ئاوە بەباشترکردنی ڕۆیشتنی ئاو لەڕووبارەکانی دیجلەو فورات لەبەر ڕۆشنایی ئازارەکانی عێراق بەدەست کەمی ئاوو وشکەساڵیو هەروەها لەبواری بازرگانیدا بەدامەزراندنی “ڕێگهی گەشەپێدان”، کە ڕێگهیەکی وشکانییە کە لەشاری بەسرە لەسەر کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە بۆ زەویو بەندەرەکانی تورکیا بۆ گواستنەوەی کاڵا لەنێوان ئاسیاو دەوڵەتانی کەنداوو ئەوروپا.
2- باسکردنی بەغدا لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، بڕیاربەدەستانی عێراقی پاڵدەنێت بۆ ئەوەی هەوڵی هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێرانو تورکیا بدات، بۆ ئەوەی ھەژموونی ئێران لەوە زیاتر زیاد نەکات ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە.
3- لەمدواییانەدا ڕەوتێک سەریھەڵداوە لەلایەن حکومەتی بەغداوە بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەپاڵپشتی تاران، کە هەولێر تۆمەتبار دەکات بەهاوکاری هەواڵگرییو ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستورییەوە کە هەموارکردنی سیستمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم خستەڕوو هەروەها ڕێگریی لەهەناردەکردنی نەوتی بەبێ مۆڵەتی بەغدا کرا بەحکومەتی ناوەندیی پرۆسەی سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هاوکاریی ئەمنیو بازرگانی لەگەڵ تورکیا، مامەڵەی بازرگانی نێوان ئەنكەرەو ناوچەکە سنووردار دەکات لەبەرژەوەندیی ڕێگهی بازرگانی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیاو عێراق لەڕێگەی موسڵەوە.
فرۆشتنی چەک بەھێزەکانی حەشدی شەعبی
لایەنە ھەر شاراوەکەی نێو یاداشتەکەیە بریتییە لەو خاڵەی کە ڕێکەوتن لەسەر فرۆشتنی چەک بەھێزەکانی حەشدی شەعبی کراوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لەوکاتەشدا تورکیا کاری بەڕێکەوتنی ناوەندو ھەرێم نامێنێت کە سەبارەت بەڕەوشی شەنگال واژۆیان کردووەو لەئایندەشدا حەشدی شەعبی بۆ تورکیا دەبێتە ھێزی پارستنی ڕێگهی گەشەپێدان.
لەم ڕێکەوتنە کێ چی دەستدەکەوێت:
- تورکیا بەدوای ھاوپەیمانێکی تازە دەگەڕێت تا لەشەڕی دژ بە دەستباری بۆ بگرن، پێکھێنانی ژووری ئۆپهراسیۆنی ھاوبەش کە دوو بنکەی دەبێت یەکیان لەبەغداو دووەمیان لەباشیک نەک ھەر کۆتایی بەو فشارانە دەھێنێت کە ناوناوە دەخرانە سەر تورکیا بۆ پاشەکشەپێکردنی ھێزەکانی، ئیدی دوای ئەو ڕێکهوتنە مانەوەی ھێزەکانی تورکیا چوراچێوەیەکی یاسایی وەردەگرێت.
- ڕێگهی گەشەپێدان کە بەسرا بەتورکیا دەبەستێتەوەو نۆ پارێزگای عێراق لێی سوودمەند دەبن تورکیا بەبازاڕەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی گرێدەدات بەبێئەوەی ڕێگاکە بەھەرێمی کوردستان ڕەتبێت، ئەمەشیان پشت ئاوکردنی ھەرێمی کوردستانە لەبواری ئابووری.
- ئەگەر تورکیا پابەندی ڕێکەوتنامەی ئاو بێت ئەوا عێراق گرفتی کەمی ئاوی نامێنێت.
- عێراق لەگەمارۆدانی ھەرێمی کوردستان دەستکراوەتر دەبێت.
- تاکە دەستکەوتنی ھەرێمی کوردستان لەو ڕێکەوتنانەو یاداشتە واژۆکراوەکان بریتییە لەھەڵگرتنی ڤیزەی گەشتکردن لەسەر ھاوڵاتیانی خوار 15 ساڵو سەروو 50 ساڵ.
بۆیە دەڵێێن ھەرێمی کوردستان دۆڕاوی نێو ڕێکەوتنەکەی نێوان تورکیاو عێراق دەبێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی