تێزەکەی مام ئەنوەر

25/09/2024

کاوە شێخ عەبدوڵڵا



مام ئەنوەر لە جادەی مەولەوی، دوکانێکی بچکۆلەی هەیە و جگەری برژاوی تێدا دەفرۆشێ، ئەم مام ئەنوەرە باوەڕناکەم هەرگیز پێکەنیبێ. ساڵێکیان چووم ستۆرییەک لەسەر خۆی و دوکانەکەی ئامادە بکەم بۆ (حەفتەنامەی ڕووداو) ئەو کاتە لەوێ ئیشم ئەکرد.

دوای پرسیار و وەڵامەکانمان، داوای دوو شیش جگەرم کرد هەر لەوێ بیخۆم، جا شیشەکانی مام ئەنوەر زۆر بچووکن و چەند پلێکی بچووک گۆشت و جگەریان پێوە ئەکات. منیش ویستم ئەوەندەی تر لای ئەم پیاوە خۆم شیرینکەم کە مقابەلەی ئەکەم و دوو شیش جگەریشم خواردووەو ئێستا خەریکم وەعزی بۆ ئەدەم وتم: 
مام ئەنوەر... شیشەکانت بچووک و هەرزانن ... شیشی 750 دیناری ئەسەند... بۆچی دوو سێ پل جگەری تریان بۆ زیاد ناکەیت و شیشی بدەیت بە هەزار دینار؟

مام ئەنوەر بەبێ ئەوەی سەیرم بکات و  مسقاڵەزەڕەیەک بایەخ بە پێشنیاز و خوتبەکەم بدات وتی: نانەکەو خۆ بڕۆ!

بۆ ئەم فەترە زەمەنییەی بانگەشە، ڕەنگە زۆر کەسی وەک من ڕووتان لێ بنێ بۆ وەعز و خوتبە، باشترین چارەسەر تێزەکەی مام ئەنوەرە... نانەکەو خۆ بڕۆ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی