هاوڕێیانی گۆڕان خەریکی چین!

27/09/2024

شەماڵ عەبدولوەفا

دەمە دەمی یەکلا کردنەوەی ململانێکانن بەھەڵبژاردنی خانەو رێکخەر لەو ھاوکێشەیە تێ نەگەیشتون کە ھەر لایەکیان بیبەنەوە ھەردولا دۆڕاون! چونکە گۆڕان خۆی لەلێواری دۆڕاندایە، گۆڕان بەدیاری کردنی خانەو ورێکخەر ھەڵناسێتەوە بەڵکو بە هەڵوێست لە ھەردوو حکومەت وگۆرینی گوتار و ھەڵوێستە لەسەر ھاوپەیمانێتییەکان و گەڕانەوە بۆ لای خەڵک ھەناسەیەک دەدات.
کەچی تازە بەتازە وەک حیزبە ناشرینە تەقلیدیە شەرقیەکان ھێز دەبەنە کۆبونەوە رەسمەکانیانەوە، کێلونی دەرگا دەگۆرن وماڵەکەیان جیا دەکەنەوە خۆ باشتر وایە بەرەی ماڵی کاک نەوشیروان مستەفا بەڕوونی و ئاشکرا بەبەرەکەی تر بلێن! فەرمون ئەم گردە بەجێ بھێلن ئەمە ئەرزو ئاوی ئێمەیەو ئێوە ھیچ مافێکتان بەسەریەوە نییە.
گۆڕان موڵکی باوکمان بوەو ئێستاش وەک موڵکایەتی کۆمپانیای وشە دێتەوە سەر ئێمە، باشترە لەوەی بەم ھەنگاوانە بەرەو ئەوە بچن دوای کلۆم کردنی یەکە یەکەی ژورەکان دەرگای سەرەکیشان لێ دابخەن و نەیەڵن ئەوەی لەگەڵتان نییە بۆی نییە داخلی گردی پیرۆز بێت !!!
لانی کەم بەشێوەیەکی نەرم و نیان وئاشتیانەو مەدەنیانە دەریان بکەن ولەیەک جیاببنەوە، یەکێ لەکوڕەکانیش بکەنە رێکخەرو خانەیەکیش دیاری بکەن بەدل ودەستی خۆتان بێت خۆتان رزگار بکەن لەم سەر ئێشەیە.
ئێستا کاکە چیا ناتوانێت بێتە رێکخەر
چونکە گەر بچێتە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە ترسی لە دەرچون ھەیە! گەر دەریش چوو نیوەی دەنگەکان دێنێ! ئێ بۆچی ئەوە بکات لەکاتێکدا ئەو خۆی بەمەرجەع و ئیمام دادەنێت.
زۆرینەی گۆڕان تەنھا نەک بەمەرجەعی نازانێت بەڵکو تەنھا بەکوڕی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفای دەزانێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی