وەهمی هەڵبژاردن و دیموکراسی

30/09/2024

کەمال چۆمانی


یەکێتی و پارتی هاتونەتە ناو هەڵبژاردنەوە بێئەوەی بڕوایان بە دۆڕاندن بێ. ئەوە مەترسییەکی بێئەندازەیە بۆ سەر رۆژانی دوای هەڵبژاردن. یەکێک لە رەهەندەکانی دیموکراسی ئەوەیە پێشبینینەکراو بێ و هێزە پێشبڕکێکارەکان بەو ئەنجامە پێشبینینەکراوە رازی بن. 

ئەگەر هێزە سیاسییەکان بڕوایان بە دیموکراسی نەبێ، پڕۆسەی دیموکراسی ئەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت تا رادەی شەڕی ناوخۆ. لە هیچ کۆمەڵگایەکدا دیموکراسی پێشناکەوێ ئەگەر پێشبڕکێکاران بۆ بەدەستهێنانی کورسیی حوکمڕانی بڕوایان بە پڕۆسێسی پێشبڕکێی دیموکراسی نەبێ.

قسەیەکی بەناووبانگی یەکەم سەرۆکی دیموکراتی هەڵبژێردراوی ئەڵمانی فریدریچ ئیبەرت هەیە کە دەڵێ <<دیموکراسی بەبێ دیموکرات>> مەحاڵە. درۆیە دیموکراسی پێشبکەوێ بەبێ ئەوەی کەسانی دیموکرات هەبن.

دیموکراسی کاتێک پێشدەکەوێ و دەچەسپێ کاتێک ئەوانەی پێشبڕکێی حوکمڕانی دەکەن یا خۆیان حوکمڕانن دیموکرات بن. ئەوانەی دیموکراسی دەبەستنەوە بە کۆمەڵگەوە، نازانم لەکوێی دونیا هەبوە دیموکراسی کاتێک پێشکەوتبێ کاتێک کۆی تاکەکانی کۆمەڵگا دیموکرات بوبن. نەخێر، گروپێک خەڵکی دیموکرات، واتا نوخبەی سیاسی، لەسەر گەمەی دیموکراسی رێکدەکەون و دیموکراسی هێدی هێدی پێشدەکەوێ و کۆمەڵگاش وردەوردە دیموکرات دەبێ. ئەڵمانیای دوای ١٩٤٥ بو بە دو بەش. بەشی رۆژئاوای دیموکراسی و بەشەکەی تری رۆژهەڵاتی نادیموکرات -باس لە لیبرال دیموکراسییە کە لە کوردستان بانگەشەی بۆ دەکرێ-. کۆمەڵگای ئەڵمانی لە ١٩٤٥ کۆمەڵگایەکی دیموکرات نەبو و تازە لە نازیزم رزگاری بوبو، بەڵام نوخبەی سیاسیی ئەڵمانی رێککەوتن کە دیموکرات بن و بون.

هەندێکی تر گەشەنەسەندنی دیموکراسی دەبەستنەوە بە دینەوە. ئەمانە نە لە دین تێگەییشتون و نە لە دیموکراسیش. 

بەهەرحاڵ، ئەو پرسانە قوڵترن لەو سادەکردنەوە و کورتکردنەوەی سەرەوە، بەڵام ئەو رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردنە کاتێک هیچ گفتوگۆیەکی جدی نییە، دو قسەی پۆست بکرێن باشترە، ئەمن وای دەبینم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی