بایەخدانی وڵاتانی کەنداو بە ئەحمەد شەرع و سوریای نوێ، تا ئەو ئەندازەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی دەکەن، ئەو پەیامەی بۆ دونیاو کۆمەڵگەی عەرەبی تێدایە، گەڕانەوە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی خۆشگوزەرانی و مانەوە لەجەبهەی ئێرانی ماڵوێرانی هاوشێوەی سوریای ڕابردو بەدواوەیە.
تورکیاو قەتەر شەرعیان پێگەیاند، بەڵام سعودیە نەیهێشت دەستکەوتەکە تەنها بۆ ئەوان بێت، بەڵکو شانازی لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریای بۆ خۆی برد کە لە ئێستادا بۆ سوریا لەهەموو شت گرنگترە.
وڵاتانی کەنداو هەریەکەو بە جۆرێک پاڵپشتی لە سوریا دەکات، لەکاتێکدا بەرامبەر غەزە بێ باکن. ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بەنیگەرانییانەوە هەبێت لە نزیکایەتی حەماس و ئێران، بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت هاوکێشەکان قەڵپ بکەنەوە، ئەو پەیامە بگەیەننە دونیای عەرەبی، بەرپرس نین لەو دۆخەی حەماس تێیدایە، چونکە حەماس گوێڕایەڵی نەکردوون و هاوپەیمانی نەیارەکانیان بووە.
ئەم کارانە بە بێ بەرامبەر بۆ شەرع و سوریا لەلایەن کەنداو و تورکیاوە ناکرێت، بەڵکو هەر وڵاتەو بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنی خۆی هەیە، ئەمە جگە لە گرنگی سوریا لەهەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەو وڵاتانە. شەرعیش جەستەیەکی تێکشکاو و قورمیشکراوە، ئەوان چۆنیان بوێت بەو جۆرە دەیشێلن. ئەمەریکاش بێ موقابیل ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر شەرع نەگرتووەتەبەر، بەڵکو بەرامبەر ئیسرائیل دەیکاتە مەڵهەم.
فەرەنسا دۆستی راستەقینەی کوردە، دەمێکە هەوڵی یەکڕیزی کوردو ئامادەکاری بۆ دۆخی داهاتووی سوریا دەکات، تا ئەو ئەندازەی فەرەنسییەکان پێشبینی پێکدادان لە نێوان شەرع و هەسەدە دەکەن، چونکە هەم کەنداو بەهێزی کوردی لە سوریا پێخۆش نییە، هەم تورکیاش ئەو دۆخەی پێ هەزم ناکرێت، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە هەڵسوڕێنەری ئێستای شەرعن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی