لەو بەشەی کۆنگرەی پەکەکە کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان
پەسەندکرد، من زیاتر سەرنجم لەسەر ئەو جلە سەربازییانەبوو رێبەر و فەرماندەکانی پەکەکە
پۆشیبوویان لە کۆنگرەکەدا. ئەوە یەکەمجاربوو ئەو ڕەنگانە ببینم لەبەر پەکەکەییەکاندا.
پەکەکە و سەرکردایەتییەکەی هیچ شتێک ناکەن یان نیشان نادەن
ئەگەر هێما و ئاماژەیەکی مەبەستداری لە پشتەوە نەبێ. لەناو ئەو هەموو ڕووداوە خێرا
و شۆکهێنەرانەی نزیکەی چوار مانگە پەکەکە و سەرۆکەکەی خولقاندوویانە، نیشاندانی ئەم
جلە سەربازییە نەبینراوانەش بێ مەڵامەت نییە.
لە سیستمی سەربازییدا، جلوبەرگ و ڕەنگەکانی گرنگییەکی زۆریان
هەیە و تەواوی سوپاکانی دنیا خاوەن ڕەنگ جۆری جیاوازن. هەمووشیان لە چەند ڕەنگێکی
کەم تێناپەڕێ.
بەخوێندنەوەو تێگەیشتنی من، سەرکردایەتی پەکەکە دوو
ئامانجی خۆی نیشانداوە لەم جلپۆشینەدا لە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیاندا.
یەکەم پەیام ئەوەیە: پەکەکە هێزێکی یونیفێرمی رەسمییە وەک
سەربازانی دنیا. ئەو جلوبەرگە کوردییەی گەریلاکانی دەیانپۆشی، لە بەشە هەستیارەکانی
کۆنگرەکەیاندا نیشانیان نەدا وەک دووپاتکردنەوەی بەڵێن بۆ ئاپۆ و پابەندبوونی خۆیان
بە داوا مێژووییەکەی. یان لێدوانی بەرپرسە باڵاکانیان لەوانە موراد قەرەیلان.
پەیامی دووەم ئەوەیە: لە دەروونزانیی ڕەنگ و جلی سەربازییدا،
ڕەنگی شین و خۆڵەمێشیی هێمان بۆ باوەڕبەخۆبوونێکی بەرز و هەستکردن بە دەروونێکی
ئارام و چەسپاو.
ڕەنگە بۆ زۆر کەس باسکردن لە پۆشینی جل و هەڵبژاردنی ڕەنگەکان
بە ئەنقەست لە هەندێ وێستگە و قۆناغی گرنگ و جیاوزدا، باسێکی لاوەکیی و ناپێویستبێ،
بەڵام بۆ تێگەشتن لە هەندێ کۆد و نهێنی پەی پێنەبراو، یارمەتیدەرێکی باشە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی