كاك مەسرور فەرموو كاتێتی

31/05/2025

لەتیف فاتیح فەرەج

ئەگەر بڕیارە دەستمان لە دەستی بەغدا بێتەوە ئێستا لە هەر كات زیاتر كاتێتی ، ئەمە بە دەركردنی بەیان و هەڕەشە كردنی وادەكەین و وادەڕۆین نابێت ، ناشكرێت بۆ ئەوەی دەستمان لە بەغدا بێتەوە دڵ بەوە خۆش بكەین ترەمپ و ستافەكەی ، یان ئەردۆغان و پێڕەكەی هەندێك چاوشاركێمان لە گەڵ دەكەن ، ئەگەر بڕیارە خۆ لە بەغدا ڕزگار بكەین دەبێت تەنها و تەنها پشت بە گەل ببەستین ، ئەو گەلەی هیچ نەما نەیكات بۆ ئەوەی ئێوە حزبەكانی ئێوە حاكم و سەردار بن، نەك عەرەب، كەچی ئێوە لە سەر كۆمێنت و بوونی تاپڕ و بە پاڵپشتی دادوەری حزبی ئازادیخوازان لە كونجی زیندان توند دەكەن ، نمونەی شێروان شێروانی و هاوڕێكانی ، ئەگەر بڕیارە خۆمان لە كۆت و بەندی بەغدا ڕزگار بكەین دەبێت قوربانی بدەین ، قوربانی گەورە دەبێت پارتی بیدات دوای ئەویش یەكێتی ، ئاخر شەرمە حزب دەوڵەمەند بێت و میلەت موچەی نەدرێتێ‌ ، شەرمەو هیچی تر ، جارێ‌ هەر ئەوەی  هەموو مانگێ‌ چاومان لە دەستی بەغدایە جۆرێكە لە سواڵكردن چونكە  ماف دەسەنرێ‌ نادرێ‌ ، ئێمە هەقی سەدان ساڵەمان لای بەغدایە نەك بودجەو موچەی وەك سواڵ، كە خاتوو تەیف سامی هەر ڕۆژەو بە بیانویەك دوای دەخات ، جا پاساوەكەی هەقە یان ناهەق ، ئەوە دەبێت ئێوە وەڵامی بدەنەوە.
با چارەسەر لە پارتیەوە دەست پێبكات ، ئەرێ‌ پارتی ئەم هەمو تەلە فیزیۆن و كۆمپانیاو پەیج و ئەكاونت و لۆبی بێكردارو كۆكردنەوەی سامانەی بۆ چیە لە كاتێكا كوڕی سەرۆكی حزبەكە سەرۆكی حكومەتەكەیە ، بۆ پارەی حزب ناخاتە نێو بانقەكانەوە، هەروەها لە كوێی دنیا ئەم هەموو پارلەمانتاری خانەنشینە هەن كە زۆربەیان پارتین و رەنگە لە چوار ساڵی پارلەمانتاریدا چوار هەزار وشەیان دەرنەبڕٍیبێت بۆ چاكەی گشتی ، فەرموو لە پارتیەوە دەست پێبكە، با یەكێتیش لە یەكێتیەوە، هەموو ڕۆژێك سیناریۆیەك بۆ زیاتر ڕوتانەوەی خەڵك نمایش دەكرێت، لە موچەو دابینكردنی بژێویشدا هیچ " پێویستەگیەكی خۆی " لە بەرچاو نەگیراوە، با واقیعی بین نەبە ئومێدی ئەمەریكا ، نەبە هەڕەشەی گرتنەوەی ئاو ، نەبە داوای كشانەوەی نوێنەرەكوردەكان لە بەغدا ، نەبە بادانەوە بە لای ئەنقەرەدا ، نەبە كۆبونەوە لە گەڵ خەمیس خەنجەری نوێنەری بەعسیەكان ، ناتوانین شەڕی بەغدا بكەین ، شەڕی بە غدا بە دەستورو یاسا دەكرێت، یان ئەوەتا بای بای بەغداكەی سەر قەڵای هەولێر زندوو بكەنەوە ، بەڵام ئەمجارە هەر بە ڕاستی بێت.
كاك مەسرور تۆ ئەزانی بۆ لەم پرسەشدا ناتوانرێت كۆدەنگی دروست بكرێت ، ئێ‌ خۆ هۆیەكە ئەوەنیە كە فڵان خائینەو فڵان سەفەوی و فڵان پیاوی شیعە وەك دەست و پێوەندەكەی ئێوە وای وێنا دەكەن ، هۆیەكە نەبوونی دادگەری و یەكسانی و وەك یەك ڕوانینە خەڵكە، من ڕاستیت پێبڵێم ئەگەر تۆ وەك سەرۆكی حكومەت سەرۆكی هەموو ناوچەكان و شوێنەكان بای ، وەك یەك سەیری پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەكانت كردبا ، رێگەت نەدایە لە پەنا تۆوە پەلاماری ڕەخنەگرو ئازادیخوازان بدرێت ، كەس ئێستا نەیدەگوت ماوە بەسەر چوو ، كەسیش لە شەڕی بەغدایا پشتی بەرنادای، بۆ ناپرسی باشە بۆ هەر وتەبێژەكەی حكومەت و چوار ڕۆژنامەوانی چەورەو چەند كەسێك زیاتر كەسی تر دەنگ بەرز ناكاتەوە ، خۆ پارتی بە تەمای یەك ملیۆن دەنگە ، ئەی ئەو ملیۆنە لە كوێنە بۆ یەك لە دەیان بە ئارەزوی خۆیان نەك بە فەرمانی حزب نایەنە سەر جادە، من تێناگەم شەڕی نێوان هەژماری من و تەوتین چ پەیوەندی بە خۆ خاوەنی و ئیرادەوە هەیە لە كاتێكا موچەی موچە خۆران لە بەغداوە بێت، بە غدا ستەمكارو گێچەڵچیە ، ئێمەش هەر چاومان لە دەستێتی .
من پێمخۆشە لەم ستەمەی بەغدایا لە بری قوربانی دان بە میلەت و موچە خۆران قوربانی بە پارتی بدەی ،تا لانی كەم بڵێین بەڵێ‌ ئەو حزبە لە خەمی بودجەو موچەو مافی خەڵكدایە ، كاتێتی لە بری نامەناردن بۆ سودانی و تكا كردن لەو تا فشار بخاتە سەر تەیف سامی ، لە بری پەنا بردنە بە فشاری ئەم و ئەو بە دوای رێگە چارەی هەتا هەتایدا بگەڕێین ، جا لە ڕیفراندۆمەكە كە لە سەرەتادا وتتان بۆ سەربەخۆیەە، دەگوترا ئەگەر بڵێی بەڵێ‌ سبەی دەبیتە خاوەن دەوڵەتی خۆت ، ئای بۆ چابوكێ‌ تاپۆ ڕەشەكە دەربكات !!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی