هەموو جەنگێک کۆتایی دێت

8 کاتژمێر پێش ئێستا

دانا هەڵەبجەیی

کە مناڵ بووین؛ بە تەپەی تۆپ و تیژەی تەیارە، بە قیژەی ژن و ناڵەی مناڵ، بە ڕەنگی مەرگ و زیڕەی زاڕو، بە دەهۆڵی دەبەنگ و زوڕنای زۆڵە زمان، گۆش و دیدەمان کرایەوە.

کە گەورە بووین؛ گەڕیدەی  گوند و گەوڕان، ئاوارەی  شاخ و شاران بووین.

جەنگ و تفەنگ، تۆڵە و توڕە، ڕق و شەق،  کوشتن و بڕین، ئێمە و ئەوان، ئەو وشە پوچانە بوو لە سەر زار و زمانیان ئێمەیەان خستبوو.

دونیان پڕ کردبوو لە دوژمن، ژیان مانەیەکی نەبوو، گەر دوژمنێک نەبوایە.

تائێستاش هەروایە، زلهێز و زلگیرفانەکان، یان ئەتکوژن، یان ئەتاندەن بە کوشت.

دونیایان پڕ کردووە لە کینەی ئایینی و ئایدۆلۆژی و عانەپەرستی.

هەر بۆیە سەربە هەر بەرەیەکی جەنگ و جیدال بیت، هەر دۆڕاویت، ئاخر هەر خۆیان هەروکیانیان درووست کردووە.

لەبری  گەیشتن بەکۆتایی پلەکان، تۆ هەر بەردەوامبە لەسەرکەوتن، ژیان بریتی نییە لەگەیشتن بەکۆتایی و ئامانج، ژیان واتە ڕۆیشتنی بەردەوام، وەک ڕەوی هەمیشەیی ڕوبار، لەئاوەوە ئەچیتەوە ناو ئاو.

لەم دونیا جەنگاڵ و جەنگەڵەدا، ئارامییەک بۆ خۆت هەڵبژێرە با کۆتایی جەنگەکان ببینیت، ئەنجامی ئامانجداران ببینیت..

ئارامی و ئاسودەیی و ئاشتی دەرونت بپارێزە، ئەها ئەو کەمانژەنە لەنیوەشەوێکی هەڕەشەدا، لەبری ئەوەی غەمی ڕاکردن و خۆشاردنەوەو هەڵپەی نان‌و ماڵی بێت، ئارامی گیانی خۆی ئەبەخشێتە دڵە پەشێوەکان.

دونیات ئەوەیە لەدەرونی خۆتە، نەک ئەوەی لەدەرەوە بۆیان خوڵقاندویت، جەنگەکان کۆتایی دێت، دڵە  پڕ عەشق‌و ئاگایی‌و جوانەکان، ئاشتییەکەی لەئامێز دەگرن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی