ئێران چ پەیامێکی بەگوێی گەلانی جیهاندا؟

6 کاتژمێر پێش ئێستا

✍🏻 د. پێشڕەو حەمەجان

هێشتا ڕون نییە کە لەپێکدادانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیلدا کام لایەن براوە دەبێت، بەڵام ئەنجامی ئەم پێکدادانە هەرچۆنێک بێت، جا بەگۆڕینی دەسەڵاتی ئێستای ئێران بێت، یان شکستی کابینەی ناتانیاهۆ بێت، یان گەڕانەوەی هەردولایەن بێت بۆ مێزی دانوستان، دەکرێت بڵێین ئێران لەڕوی ستراتیژییەوە چەندین دەستکەوتی بەرچاوی تۆمارکردوە کە لەمێژوی هاوچەرخدا بێوێنەن:

یەکەم:
ئەو هێرشە موشەکییانەی ئێران ڕاستەوخۆ لەخاکی ئیسرائیلیداوە، لەپاش جەنگی جیهانی دوەمەوە هیچ (دەوڵەتێک) بەم بڕو شێوازە جەسارەتی نەبوە. ئەمەش پارێزراوی ئیسرائیلی شکاند کە دەیان ساڵە وەک هێڵی سوری نەشکێنراو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە لەلایەن هەموو جیهانەوە.

دوەم:
ئێران بوەتە یەکەم (دەوڵەت) کە بەشێوەیەکی ڕاشکاوو ستراتیژی بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئیسرائیل بوەتەوە، لەکاتێکدا دەوڵەتە گەورەکانی جیهان کە لەهەندێک سیاسەتی ئیسرائیل ناڕازیی دەبن هێشتا بەدیپلۆماسیەت‌و بەیاننامەی کاغەزی خۆیان دەپارێزن.

سێیەم:
ئێران بەزیرەکی، خۆیکردوەتە نمایندەو پشتیوانی سەرەکی جیهانی ئیسلامیی لەبەرەنگاربونەوەی چەوسانەوەدا، بەبێ جیاکردنەوەی نێوان سوننەو شیعە، عەرەب‌و فارس، تورک‌و کورد، ئەمەش پشتیوانیی بەرفراوانی لەناو موسڵمانانی جیهاندا بەدەستهێناوە بەکۆمەڵگەی کوردیشەوە، بۆیە ئێران لەخراپترین حاڵەت ئەگەر بشدۆڕێت، دەبێتە نمونەی دەوڵەتی شەهید لەلای گەلانی موسڵمان.

چوارەم:
ئێران بوەتە یەکەمین دەوڵەت لەمێژوی هاوچەرخدا کە لەبەرەنگاربونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا (وەک هێزی هەژمونی جیهانی) نەترساوەو بەردەوام لەهەڵوێستەکەی جێگیربوە. ئەمەش ئیدارەی ئەمریکی ناچارکردوە بەبیرکردنەوە لەستراتیژی ناوچەکە، تەنانەت وەک ڕۆژانە دەیبینین ئیدارەی ترەمپی توشی شڵەژان کردوەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕبوە لەلێدوانی زۆرو بەپەلەو جێبەجێنەکراوی ترەمپ‌و ئیدارەی ئەمریکا.

پێنجەم:
ئێران وەک ئیلهام بەخشێک نمونەیەکی نوێی دروستکردوە بۆ ڕۆحی بەرەنگاربونەوە لەگەڵ هێزە باڵادەستەکان لەڕێگەی پابەندبون بەپرەنسیپەکان‌و بەرگریی لەبەرژەوەندییەکان، کە گەلانی جیهان دەتوانن سود لەم شێوازە وەربگرن‌و بەئاسانی ملکەچی هەموو ئەجیندایەکی دەرەکی نەبن، تاوەکو لەو خەیاڵە دەرچن کە گوایە ئەمریکاو ئیسرائیل توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جیهانیان هەیە، بەڵکو دەکرێت بەوانیش بوترێت "نەخێر".

شەشەم:
گەلی ئێران لەماوەی ئەم قەیرانەدا (تائێستا) نمونەی گەلێکی وشیاریان پیشانداوە، سەرەڕای هەندێ ناڕەزایەتی ناوخۆیی، تێگەیشتون کە گۆڕانکاریی بەهاندانی دەرەکی لەقازانجیان نییە، ئەوان دەزانن کە مافی چارەی خۆنوسین تەنها ئەوکاتە واتای ڕاستی هەیە کە گەل خۆی بەسەربەخۆ بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدات، نەک بەئامرازی پلانی جیۆستراتیژی ئەمریکاو ئیسرائیل.

ئەزمونی تاڵ‌و ئاڵۆزی عێراق‌و هەرێمی کوردستان دوای دەستتێوەردانی دەرەکی، نمونەی ڕونە بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاریی بەناوی "ئازادی"و بەدەستی "دەرەکی"، دەکرێت گەل بخاتە ناو نەگبەتی‌و ئاژاوەو دژایەتیەکی درێژخایەنەوە.

تێبینی:
ئەم نوسینە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەیە جیا لەهەستی نەتەوایەتی‌و کوردایەتی کە لەم قۆناغەدا لەلایەن بەناو سیاسیەکانەوە کراوەتە کاڵایەکی بازرگانیی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی