كوردو عێراق لەچوارچێوەی موچەدا ؟؟

9 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب




تكایە حكومەت و حوكمڕانمان هەیە، بەرامبەر ئەوە كیان و عێراقمان هەیە. خەڵكی كوردستان و مامۆستاو فەرمانبەرو موچەخۆر لە حكومەتی هەرێم توڕە نین، لە حوكمڕان توڕەن. حكومەت بەرهەمی فرمێسك و خوێنە. موڵكی نەتەوەیە. حكومەت دەستكەوتی گەلی كوردە، مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵك خاوەنیەتی. بۆیە كاتێك باسی كێشەی موچە دەكەین مەبەستمان حكومەت نیە، بەڵكو مەبەستمان حوكمڕانی ناو ئەم حكومەتەیە. لە كۆمەڵگای نادیموكراسی وەكو نمونەی ئێمە، هەمیشە حیزب و حكومەت، حوكمڕان و حكومەت، دەسەڵاتدارو حكومەت بەجۆرێك تێكەڵاوو بەیەكداچوون كە هاوڵاتی ناتوانێت ئەم دوو چەمكە لەیەكتر جیابكاتەوە. كاتێك هاوڵاتی لە حوكمڕان ناڕازی دەبێت جنێو بە حكومەت دەدات، لەكاتێكدا حكومەت دامەزراوەكان و خزمەتگوزاریەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵكە. ئەوەی خراپە حكومەت نیە بەڵكو حوكمڕانە. حیزبە خۆسەپێن و نادیموكراسەكان هەمیشە حكومەت قۆرغ دەكەن و داگیری دەكەن و هەزار فرت وفێڵ دەكەن بۆ ئەوەی لە حوكمڕانی بمێننەوە، بەڵام لە سیستەمی دیموكراسی حكومەت هەمیشەییەو ئەوەی دەگۆڕێت تەنها حوكمڕانە، بۆ نمونە لە وڵاتی هۆڵەندا حكومەت لەشوێن و جێگای خۆیەتی، ئەوەی دەگۆڕێت حوكمڕانە. بەڵام لە نمونەی وەك ئێمە هەمیشە دەموچاوی حوكمڕان بەشێكە لە دەموچاوی حكومەت. بۆیە كاتێك خەڵك رادەپەڕێت  پەلاماری حكومەت و حوكمڕان دەدات و دار لەسەر بەرد ناهێڵێت، كەچی دواتر هەر خۆی هەمان كیان و هەمان حكومەت دەبێت بونیاد بنێتەوە. 
لەئێستادا عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا لەم هاوكێشەیە تێناگەن، قەیرانی موچەو دارایی بە دەرفەتی سیاسی دەزانن بۆ ئەوەی كیانی هەرێم و حكومەتی هەرێم بخەنەوە سەر نەخشەی مەركەزی عێراق، بەڵام راستیەك هەیە كە نایزانن، ئەویش ئەوەیە خەڵكی كوردستان تا سەر ئێسقان لە حوكمڕانی حیزبە دەسەڵاتدارەكان ناڕازییە، ئەگەر پەلاماریان بدات و دەسەڵاتیش بگۆڕێت، مانای وانیە رێگا بدات بەغدا بێتەوە هەولێرو جارێكی تر عەرەب ببێتەوە حوكمڕان. بۆ بەڵگەش كەركوكە، دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زۆرینەی كوردی كەركوك خۆشحاڵ بون بە نەمانی حوكمڕانی كوردی؟ بەڵام دوو ئەوەندەش لەروی نەتەوەییەوە پەیوەست بوون بە كوردستانی بوونی كەركوك، باشترین راستی ئەم بەڵگەیەش دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنە لە كەركوك كە دەنگیان داوەتەوە لیستی كوردی. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق ئەگەر دەیانەوێت گرەو لەسەر ئەوە بكەن كە قەیرانی موچەو دارایی سودی ئەوەی هەبێت خەڵكی كوردستان راپەڕن و دەسەڵاتداران لە كورسی بێننە خوارەوەو ئیدی كورد بچێتەوە باوەشی عروبەو عێراق، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەهەڵەدا چوون. كورد دژی حوكمڕانی خۆیەتی و زوڵمی كوردی گەیشتۆتە ئێسقان، بەڵام ئەمە دیوی ناوەوەی كورد خۆیەتی و دەسەڵاتدارانی بەغدا ناتوانن گرەو لەسەر ئەمە بكەن. دەمەوێت بڵێم لە زوڵمی ناوخۆی حوكمڕانی كوردی و گرەوی دەسەڵاتدارانی بەغدا، موچەخۆرو مامۆستایان و فەرمانبەران بوونەتە تۆپی ناو یاریگاكەو شەق لە بژێوو كەرامەت و ژیانی ئەوان دەدرێت، بەڵام لە كۆتایدا راستیەك هەیە كە هیچ یەك لە حوكمڕانی ناوخۆو دەسەڵاتدارانی بەغدا براوەی ئەم یارییە قێزەونە نابن و ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە. ئێمە خاوەنداریەتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و بەرهەمی فرمێسك و خوێنی خەڵكە، بەڵام خاوەنداریەتی لە حوكمرٍانانی ناكەین ئەمە كرۆكی راستیەكەیە. ئەوەی كە چارەسەری ئەم دۆخە دەكات ئەوەیە دەنگدان بكەینە پێوەرێك بۆ ئەوەی حوكمڕانی خراپ لە ناو حكومەت كۆتایی پێ بهێنین و نەترسین لە گۆڕانكاری، ئیسرائیل هەر چوار دەوری دوژمنی سەختگیرن، بەڵام لە مانگێكدا سێ چوار جار هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجام دا، لە ساڵێكدا سێ بۆ چوار جار حكومەت هەڵوەشاوەو دروست كرایەوە، نەك نەڕوخا، بەڵكو بەهێزتر بوو. ئێمە دەبێت خاوەنداریەتی لە خۆمان بكەین و بەرامبەر زوڵمی ناوخۆ یەكگرتووبین، بەرامبەر سیاسەتی شۆڤێنی داگیركەرانیش وردو وشیارو چاو كراوەبین. 
كاتی خۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی سونە سەربڕین بوو، بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتدارانی شیعە نان بڕینە. كە بۆچونم وایە ئێمە نانی خۆمان هەیە ئەگەر گەندەڵی و قۆرغكردنی دەسەڵات و داهات و سامانی ناوخۆی هەرێم نەمێنێت، واتە دەمەوێت بڵێم سیاسەتی نان بڕین بەرامبەر كورد سەركەوتوو نابێت، چونكە كورد خاوەنی نیشتمانێكی دەوڵەمەندە، ئەگەر سیستەمی حوكمڕانی دوور بێت لە خۆسەپێن و دەسەڵات پەرست و دۆلاردز، ئەگەر هەموو داهاتەكان و سامانەكان بچنەوە دەخیلەی وەزارەتی دارایی و لەوێ بە شەفافیەت و راست ودروست كاری لەسەر بكرێت، ئەوا ئێمە خاوەنی نانی خۆمانین. بەبێ رەچاوكردنی بڕی كەم و زۆری ئەم نانە ئەمەیان بابەتێكی دیكەیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی