یەکەم: ئەمڕۆ پڕوسەی سیمبولیی لە ئەشکەوتی جاسەنە بەڕێوەچوو. ئەو پڕۆسەیە زۆر گرنگە، چونکە دووەم هەنگاوی پەکەکە، یە لە پێناوی هێنانەدی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد.
ئێستا نەک هەر پەکەکە، بەلکو جیهان چاوی لەسەر هەنگاوەکانی تورکیا و وتارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆگانە. با چاوەڕێ بین. هیوادارین لە ئاستی پێویستی قۆناغەکە بێ.
دووەم: هەڵبژاردنی ئەو شوێنە زۆر گرنگ و ئاماژەدارە، چونکە سەد ساڵ زووتر شێخ مەحمودی نەمر کردبووی بە بارەگای سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران و دەرکردنی رۆژنامەی بانگی حەق. واتە لەوێ بانگی حەق دەدرا.
ئەمڕۆش دوای لە هەمان شوێن بانگەوازی ئاشتی و کۆتایهینان بە شەڕ کرا.
کۆتاییهێنان بە شەڕ لە پێناوی دەسپێکردنی دیالۆگ و خەباتی دیمۆکڕاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی سەد ساڵە هۆکاری رشتنی خوێنی گەلانی کورد و تورکە، سەرەتای قۆناغێکی مێژوویە، کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی پێویست باوێ، بارودۆخی ناوچەکەش دەکۆڕێ.
سێیەم: هاتنە خوارەوەی کچ و کوڕە گەریلاکان لە شاخ و سوتاندنی چەکەکانیان گومانی نەهێشت، کە ئەوان ئاشتیان دەوێ و لەدەستبەرداربوونی خەباتی چەکداريی راستگۆن. لە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دەوڵەتیش بە هەمان رێگادا چوونەوە شاخ. ئەوەش واتایەکی گەورەی دەدا. بە کورتی و بەکوردی ئەو چەکدانانە سیمبولیە پڕ لەئاماژەی واتاداربوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی