هەر گەل و نەتەوەیەک لەناو جوگرافیا گەورەکەی کەپێی دەوترێت نیشتمان، جوگرافیاو نیشتمانێکی بچوکراوەی هەیە، کە دەبێتە نیشتمان و خاکی پیرۆز، ئەم نیشتمانە بچوکە، دەبێتە شوناس و پێناسی، سیاسەت و ڕوئیای نیشتمانەگەوەرەکە. سلێمانی، لەدرووست بوونییەوە تا ئەمڕۆ کوردستانە بە بچوکراوەیی، مێژووی دوور و نزیک دیارە، ڕۆڵی سلێمانی لەشۆڕش و بەرخودان، لە گۆڕانکاری و بزاوتەکان، هەمیشە نیشتمانی هێز و پارچەکانی دیکەی نیشتمانی گەورە بووە پەناگەو سەنگەری هەستانەوە بووە، بۆخۆشی سلێمانی شارێکی پڕ وزە و جوڵەبووە، کراوە بەڕووی جیهانی دەرەوە، ئەمەش وای کردووە، چاوی یار و نەیاری لەسەربێت، بۆ ئەم شوناس و نەسەبە، قوربانی زۆری داوە. ئەم جوگرافیایە، چۆن بەردەوام خاکی بەرگریکاران بووە بەهەمان قورسایی، نیشتمانی ئاشتی و پێکەوەیی بووە.
سلێمانی بۆچی دەبێتەوە نیشتمانی ڕووداوەگەورەکان؟ لەشۆڕسی نەتەوەیدا، بۆ خەباتی هەرچوارپارچە، سلێمانی پایتەختی خەبات بووە، هەربۆیە ئەم نیشتمانە خود بەخود دەبێتەوە بە نیشتمان و سەنتەری ئاشتی. پەکەکە، چەندین ساڵە ئەم جوگرافیایە، بووەتە قەڵابۆی لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، ئەمڕۆش لەپرۆسەی ئاشتیدا، دەبێتە پایتەخت و نیشتمانی ئاشتی و پەیامی دیموکراسی، چونکە فەرهەنگی ئەم شارە، چەک و قەڵەمە، پڵنگ و کۆتری ئاشتییە، ڕووداوەگەورەکان، لەخاکی پیرۆزکراودا ڕوودەدەن بۆ هێزە کانی ڕۆژهەڵات، بۆ هێزەکانی ڕۆژئاوا، سلێمانی نیشتمانی مانەوە و مقاومەت بووە. زۆر دوور ناڕۆم، لەئەمارەتەکانەوە بۆ حکومەت و پاشان شۆڕش و دواجار ڕاپەڕین و حکومەتی کوردی و تا ئەمڕۆش پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا..
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت، سلێمانی نیشتمانی هەموانە و پێشموایە لەئایندەدا ڕووداوی گەورە لەم نیشتمانە ڕوودەدات بۆ کورد و ناوچەکە. توراسی ئەم شارە و هەڵکەوەتەکەی و بناغەکەی هەڵگری ئەو خەسڵەت و تایبەت مەندیانەیە، کە جوگرافیایەکی پیرۆزکراو، تێیدایە، ئێرە نیشتمانی ڕووداوە گەورەکانە. سلێمانی جوگرافیاو نیشتمانێکی بچوک بەڵام خاوەن ڕووداوی گەورە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی