دەستماچ کردنی لەیلا زانا لەلایەن باڤڵ تاڵەبانیی و باوەش پیاکردنی لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دوو کردەی تەواو مەدەنی و جوان بوون.

14/07/2025

هۆزان مەحمود



جیا لەهەر ڕەخنەیەك جیا لەهەر رەخنە و دژایەتییەکی سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتی، بەڵام بەڕاستی ئەم دوو وێنەیە زۆر ناوازەن. ژن لە کولتوری سیاسیی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی کەمترین ڕێزی هەیە. بەڵام خۆشبەختانە لەناو کولتوری سیاسیی کوردیدا و دەبێت بڵێم سوپاس بۆ پەکەکە و کۆمەڵە و هەندێک حیزبی چەپی تر، ژن پێگەیەکی باشتری هەیە و ڕێزی زیاتری هەیە لە سیاسەتدا. دەستماچ کردنی لەیلا زانای سیاسەتمدار لەلایەن باڤڵ تاڵەبانیی و باوەش پیاکردنی لەیلا زانا لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دوو کردەی تەواو مەدەنی و جوان بوون. زۆر فەرقیی هەیە لەگەڵ ئەو پێشوازییە داعشییەی کە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی دەیکەن بەرامبەر بە ژنان. بۆ نمونە لە سوریای دوای ئەسەد، شەرع و پیاوەکانی لەگەڵ ژناندا تەنانەت تەوقەش ناکەن، چونکە هەر نزیکی و دەستلێدانێک پەیوەستە بە ناوگەڵیانەوە. ئەوان لەوێوە و لە پەیوەست بەوێدا ژنان دەبینن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. هیوادارم ژنانی ئێمەش کە لە سیاسەتدان چاو لە ژنانی پەکەکە بکەن و تا دەتوانن لە ڕووی هزری و فەلسەفەی سیاسییەوە خۆیان پێبگەیەنن، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەیەکی قایم و بوونێکی پتەویان هەبێت لە سیاسەتدا.
من بە گرنگی دەزانم کە ئێمە هەمیشە دەنگ و قسەمان هەبێت لەسەر بابەتەکان، فشاری ئێمە بە دەیان ساڵ، توانیوێتی گەر ناڕاستەوخۆش بێت زۆر شت بگۆڕێت لە دونیابینی و سیاسەتی کوردیدا.
سی یان بیست ساڵ لەوەبەر ژن لە باشووری کوردستان لە ترسی کوشتار نەیان دەوێرا بچنەدەر لە ماڵەکانیان، بەڵام ئەمڕۆ ژنان ڕۆڵێکی تریان هەیە و دیتنی ئەم وێنانە، سەرەڕای ڕەخنەکانم لەم پیاوانە، دڵخۆشم دەکات..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی