تیۆرەی چوار شۆڕش، یاخود ستونەکانى گۆڕانى سیاسی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح


هەرکاتێک حکومەتێک لەسەروبەندى گۆڕاندا بێت، نیشانەکانى تەنها دروشم یان خۆپیشاندان نییە، بەڵکو پێویستە لە یەک کاتدا چوار ستوونى سەرەکی لەخۆبگرێت:
1. شۆڕشی سیاسی: خاڵی دەستپێک هەمان قەیرانی شەرعیەتە، چیتر خەڵک شەرعیەتی سەرکردەکان قبوڵ ناکەن. حکومەت تا زیاتر پەنا بۆ هێز و سەرکوت ببات، خێراتر شەرعیەتی لەدەست دەدات. نموونە مێژووییەکان: شۆڕشی ئێران ساڵى 1979، تونس ساڵى  ٢٠١١.
2.  شۆڕشی کۆمەڵایەتی، مەرجی چارەنووسساز: هاوپەیمانی چین و توێژەکان. ئەگەر تەنها کرێکاران یان تەنها خوێندکار لە مەیدانەکەدا بن، حکومەت دەتوانێت گۆشەگیر و سەرکوتیان بکات. کاتێک جوڵانەوەى خوێندکاری لەگەڵ کرێکار و توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگا یەکدەگرێت، شەپۆلێکی بەهێز دروستدەکات. نموونە: ئەفریقای باشوور لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوپەیمانی ڕەشپێستەکان، سەندیکاکان و جوڵانەوەکانى خوێندکاران.
3.  شۆڕشی ڕۆشنبیری: ئەوە گۆڕانی بەهاکانە کە قووڵایی بە جوڵانەوەکە دەبەخشێت. خەڵک باوەڕیان بە گێڕانەوەی فەرمی مێژوو و ئایین و نەتەوەیی نامێنێت، لەم قۆناغەدا دەسەڵات هەژموونی فیکریی نامێنێت میدیا و هونەری شۆڕشگێڕانە یان سەربەخۆ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. نموونە: ئەوروپای ڕۆژهەڵات پێش ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات؛ کاتێک بیروباوەڕى کۆمۆنیستەکان لەناو خودی خەڵکدا بەهایان لەدەستدا.
4. شۆڕشی ئابووری: قەیرانی بژێوی ژیان، گورزی کۆتاییە. کاتێک سفرەکان خاڵى دەبن، خەڵک سەبر و لێبوردەیییان نامێنێت. داڕمانی ئابووری یەکێتى سۆڤیەت یان قەیرانی نان لە فەرەنسا پێش شۆڕشی ١٧٨٩ نموونەی کلاسیکی ئەو حاڵەتەن.
بۆ شیکردنەوەی هەر جوڵانەوەیەکى ناڕازی، بوونى چوار ستوونەکە بپشکنە:
1.ئەگەر هەر چوار ستوونەکە ئامادەبن ، ئەگەری شۆڕشی تەواو هەیە.
2.ئەگەر تەنها دوو یان سێ ستوون هەبن، ئەگەری ئەوە زیاترە کە دەرئەنجامەکەی لە شێوەی یاخیبوونێکى کاتى یان بە چاکسازییەکى سنووردا کۆتایی پێبێت.
3.ئەگەر تەنها یەک ستوونی ئامادە بێت، ئەگەری زۆرە دەسەڵات لە ڕێگەی سەرکوتکردن یان بەڵێنی چاکسازییەوە کۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەکان بکات.



پوختەی شیکاری
ئەم چوار ڕەهەندە هەر چوار ستوونەکەى شۆڕش پێکدەهێنێت. ئەگەر یەکێکیان نەبێت، دەتوانرێت ناڕەزایەتییەکان ئیدارەبکرێن یان سەرکوت بکرێن. بەڵام ئەگەر هەموو ئەم ستوونانه لەیەک کاتدا ئامادەبن، سیستمی سیاسی تووشی درزێکی پێکهاتەیی دەبێت و ئەگەری گۆڕانکاریی بنەڕەتی زیاتر دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی