شەمەندەفەری ئاشتی.. تورکیا چ جۆرە ئاشتییەکی دەوێت؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی ئۆرەماری

ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک مام جەلال، سەرۆک کۆماری عێراق، لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا، ویستی وەک یەکەم جار کە لەسەردەمی ڕەحمەتیی تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیادا لە ساڵی ١٩٩٣ دەستپێشخەرییەکی چارەسەرکردنی پرسی کوردی کردە ڕۆژەڤ، ئەمجارەش لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، جارێکی دیکە پرسی ئاشتی لەنێوان قەندیل و تورکیا باس بکات.

مام جەلال لە ئەردۆغان دەپرسێت:

مام جەلال: ئەگەر هەزاران گەریلای پەکەکە لە قەندیل بێنە خوارێ، ئایا دەچنە زیندان یان بە ئازادی دەچنەوە ناو ماڵ و خێزانەکانیان؟

ئەردۆغان بێدەنگ دەبێت و هیچ وەڵامێک ناداتەوە.

پاشان مام جەلال بۆ ئەوەی ئەردۆغان ناچار بکات و وەڵامێکی لێ وەرگرێت، ئەمجارە لێی دەپرسێت:

مام جەلال: تۆ مرۆڤێکی موسوڵمان و باوەڕداریت؟

ئەردۆغان دەستبەجێ: بێگومان من کەسێکی موسوڵمان و باوەڕدارم.

مام جەلال: کەواتە، تۆ پێغەمبەری ئیسلامیش بە ڕێنشاندەر و پێشەنگی خۆت دەزانیت؟

ئەردۆغان: بێگومان، ئایا هیچ موسوڵمانێک هەیە پێغەمبەر بە پێشەنگی خۆی دانەنێت؟
مام جەلال: کەواتە تۆش ئەو کارە بکە کە پێغەمبەر کردی بە پێی ئایەتی قورئانی پیرۆز کردی (ادخلوها بسلام امنین).

ئەردۆغان: من ڕەجەب تەیب ئەردۆغانم، پێغەمبەر نیم.

واتە ئەو ئاشتییەی کە ئێمەی کورد داوای دەکەین، وەک بنەمایەک و پەیوەستبوونێکی ویژدانی و ئەخلاقی پێمانەوە گرێ دەدات، چەک هەڵگرتنی کوردانیش تەنیا بۆ ناچارکردنی داگیرکەرانی کوردستانە بۆ ئەوەی بە ئاشتی ڕازی بن و بە ئاشتییانە پرسی گەلێکی هەشتا ملیۆنی چارەسەر بکەن و چیتر جەرگی دایکانی کورد و دایکانی تورک نەسووتێنن، و دوور لە دەمارگیریی دەوڵەت-نەتەوە، هەموو گەلانی ئەو جوگرافیایەی بەناوی دەوڵەتانەوە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر دروست کراوە و وڵاتی ئێمەی دابەش کردووە، پێکەوە بە ئاشتی و برایەتی بژین و هێزی مرۆیی گەلانی ناوچەکە بکەوێتە خزمەتی گەلانی ناوچەکە.

ئەو ئاشتییەی ئێمەی کورد داوای دەکەین، بە تەواوی شتێکی جیاوازە لەو ئاشتییەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە کەسایەتی ئەردۆغاندا دەبینرێت و داوای دەکەن. لای کورد بابەتێکی ویژدانی و ئەخلاقییە، بەڵام لای ئەوان ئاشتی وەک هەر کاڵایەکی تر کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و نرخەکەشی بەندە بە قۆناغەکەوە. ئەگەر ڕۆژەڤ مەترسی بێت لەسەر کار و کردەوەکانی دەوڵەت، وەک ئەوەی ئێستا تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەوە نرخی پرۆسەکە زۆر گرانە و ڕێگەی ئاشتی لە ئیمرالییەوە تێدەپەڕێت و قۆناغەکە وای دەخوازێت ئۆجالان لە سەرۆکی پارتێکی تیرۆریستەوە ببێتە سەرۆک و پیاوی سەدە و دەبێت ئەو بێتە سەر هێڵ و تەنیا و تەنیا ئەو دەتوانێت چەکەکان بێدەنگ بکات. ئەگەر ئەو ڕازی نەبێت، ڕۆژێکی ڕەش و چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێی تورکیایە.

وەک چۆن ئۆجالان هاتە سەر هێڵ و بابەتی بێدەنگکردنی چەکەکان دوای گرێدانی کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە کردی بە کردار و هەموو ئامادەکارییەکانی سەرخستنی ئاشتی وەک بابەتێکی ئەخلاقی لەلایەن ئۆجالان و هەموو کوردانەوە قبوڵ کرا. دەوڵەتی تورکیاش کەوتە خۆی بە دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی پەنجا کەسیی پەرلەمانی تورکیا و ڕۆژانەش ئەو کۆمسیۆنە وەک ئەوەی لەسەر پشتی کیسەڵێک بڕوات، کەوتوونەتە سەر ڕێگەی شەمەندەفەر. ئەگەر وابێت، ئەوە دەبێت کورد سەد ساڵی دیکە چاوەڕوان بن تا شەمەندەفەری کیسەڵی ئاشتی تورکیا دەگات.

لای ئەردۆغان و تورکیا بۆ ئەوەی کورد و تورک برا بن، دەبێت ڕۆژئاوای کوردستان لەناو بچێت و ئەگەر کۆتایی بە ستاتۆی کوردان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەهێنن و چەکەکانیان دانەنێن و خۆیان ڕادەستی جۆلانی کوڕی داعش نەکەن، ئەوە دەبێت تورکیا و لەشکری داعشەکانی سووریا هێرشیان بکەنە سەر و ڕۆژئاوا تەخت بکرێت.

ئاشتیی تورکیا دەیەوێت لەو ناوچانەی باشووری کوردستانیشی داگیر کردوون، لەبری بەڵێنی چۆڵکردنی ئەو ٨٠ سەربازگەیە، ئێستا سەرقاڵی خۆشکردنی ڕێگەی ئەو قەرەقۆڵانەیە و بینا کاتییەکانیان دەکاتە قەڵای کۆنکرێتیی هەمیشەیی و هیچ نیازێکی چۆڵکردنی ئەو سەربازگانە دیار نییە و ڕێگەی ئەو گوندانەی زیاتر لە دوو ساڵە داگیر کراون، جارێکی دیکە گیراون و بەم شێوەیە تورکیا ئاشتی دەوێت.

ئەمە جگە لەوەی لە باکوور تا ڕێگەی شەمەندەفەری کۆمسیۆنی ئاشتی بە ماڵ بە ماڵی تورکەکاندا تێنەپەڕێت و بۆچوونەکانیان لەسەر ئاشتی دەرنەبڕن، ئەوە ناکرێت ئاشتی سەر بگرێت.

*ماستەر لە زانستی ئابووری، نووسەر و چاودێری سیاسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی