لە جیهانێکدا کە بەگۆڕانی خێرا و پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەری تەکنۆلۆژیادا دەڕوات ، زنجیرەی زەمەنی بۆ ناوهێنانی نەوەکان بەدیارکەوت هەر لە نەوەی «بێدەنگ -1928-1945 » تادەگاتە نەوەی « بازدانی دانیشتوان -1946-1964 » و نەوەی «X یان نەوەی ونبوو-1965-1980 » و نەوەی « Y » کە نەوەی هەشتا و نەوەدەکان و نەوەی «Z » نەوەی کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکان و ، نەوەی « ئەلفا » کە نەوەیەکە نوێیە و هەر لە لەگەڵ لەداکبوونیانەوە هاتنەناو تەکنۆلۆژیای نوێ و لەجیهانێک لەدایکبوونە پشت بە زیرەکی دەستکرد «AI» دەبەستن کە لەدایکبووی «2013 » و تا ئێستایە . ئەوەی کە تائێستا زۆر مشتومڕی لەسەرە نەوەی «Z» زێتە ، جیهان بۆ یەکەمین جار نەوەی زێتی لە نیپال گوێ لێبوو و هەروەها لە مەغریب و مەدەغەشقەر و بەنگلادیش و سریلانکا ، کە ئەو گەنجانەبوون خۆپشاندان و ڕاپەڕینیان ئەنجامدا و ، وێڕای جیاوازی کێشوەرەکان و دووری هەزاران کیلۆمەتر لەیەکتری ، بەڵام هەموویان نزیکەی یەک شێوازیان هەبوو ئەویش دانانی ڕادەیەک بۆ گەندەڵی و ڕێگەگرتن لە ساختەکاری هەڵبژاردن و قەدەغەکردنی پەرلەمانتار یان سەرۆکی دەوڵەت لە بەردەوامبوونی دەسەڵات تا ناو قەبر ، پێش ئەو نەوەیەش نەوەی «Y» هەڵسان بە ئەنجامدانی « بەهاری عەرەبی » کە بووە کاولکاری بۆیان و بەو پەڕی غروری گەنجانی ئەو وڵاتە عەرەبیانە و ، هەروەها بە هاندانی هەندێک لە سەرکردەکانی گۆڕان و حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان ویستیان بیهێننە هەرێمی کوردستان کە هەر لەسەرەتاوە وەک بەهاری عەرەبی فەشەلیان هێنا ، ئەو بەهارەی دۆخەکەی زۆر خراپ ئاوەژوو کرد ، وەرە سەیری لیبیا و تونس و ئیفلاسبوونی دەوڵەت و معاناتی ئێستای کۆمەڵگەکەیان بکە و هەروەها سوریا تووشی چ قەسابخانەیەک هات و چ داڕوخانێکی بەسەرداهات !! من هەوڵنادەم تەخوینی نەوەی «Y » یان نەوەی زێت بکەم کە ناڕەزاییان دەربڕیووە کە مافی خۆیانە ، بەڵام نەوەی زێت کە نوقمی ناو سۆشیالمیدیا بووە و مانای سەبر و دانبەخۆداگرتن نازانێت ، چونکە شێوازی ژیانیان خێرایە کە لە سۆشیالمیدیا وەریانگرتووە و ، پێنج خوولەک لە بەکارهێنانی تیک تۆک بەسە بۆئەوەی مرۆڤ لە دۆخی خەمباریەوە بچێت بۆ خۆشی و شادی و لەخۆنەویستەوە بۆ خۆبەزلزانی ، ئەوەی لە نیپال ڕوویدا داڕمانی حکومەت بوو کە یەکێک لە هۆکارەکەی قەدەخەکردنی سۆشیالمیدیای کۆمەڵایەتی بوو کە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ و زانیاری گەنجانە .
نەوەی زێت کە پشت بە تیک تۆک و سناب چات و ئەنسترگرام دەبەستن و خۆیان وادەبینن کە بەشێکن لە کۆمەڵگای جیهانی و ، ئەمانە شێوازێکی پێشوەختەی دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆی ئەلکترۆنی پیادەدەکات ، ئەمە جۆریک لە ڕۆشنبیری بۆ پیادەکردنی دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ لەنێو گەنجانی نەوەی زێت درستکردووە و ، ئەمە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتیە کە جیهان لەگەڵ ئەو نەوەیە بەخۆیەوە دەبینێت کە لە جولەی باڵی پەپوولەوە زریانێک لە ئایندەی نزیکدا دروستدەکات ، ئەم گۆڕانە کرانەوەیەکی فراوانی لەنێو نەوکاندا ڕەخساندووە بۆ ناسینی کلتوور و ئەزموونی هەمەجۆر و ، بەشداریکردن لە پێکهێنانی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کراوەی زیاتر و وەرگرتنی فرەیی ، بەڵام لەبەرانبەردا ئەو کراوەییە نادیسپلینیە پاشەکشەیەکی بەهێزی بە ناسنامەی ناوخۆ کردووە ، بەتایبەتی لەژێر سایەی باڵادەستی گوتاری سنووربڕ و گەشەی هێما ڕۆشبیریە جیهانیەکان ( کەسەکاریگەرەکان ، ناوەڕۆکی تەرفیهی ، بەها تاکەکەسیەکان ) بۆیە دەتوانین بڵێین کە نەوەی زێت لەناو دوانەی ناسنامەییدا « الازدواجية الهوياتية »دا دەژیت ، واتە لەنێو ئینتیمای نیشتیمانیی کە تووشی داخورانی هەنگاو بە هەنگاو و ڕاکێشان بۆ ناسنامەیەکی کراوەی دیگیتاڵی دا دەبێت ، قسەکردن لەسەر نەوەی « Z » قسەکردن نیە لەسەر تەنگوچەلەمە ، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو ووزە شاراوەیە کە پێویستی بە سەرپەریشتیکردنێکی زیرەکانە هەیە ، هەموو نەوەیەک پرسیاری تایبەت بەخۆی هەڵگرتووە ، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی کە سەرکەوتوون ئەوانەن کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بە روحێکی کراوە دەدەنەوە ، نەک بە ترس و گومانکردن ، نەوەی زێت پرسیار دەکات با ئێمەی ئەو نەوەیە ئەو بوێریەمان هەبێت گوێبگرین و بەشداربین ، با کوردستان لەمیانی نەوەی « ئەلفا »وە لاپەڕەیەکی نوێ لە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و نوێگەری و عەقلانیەت بکاتەوە ، دەبێت بەشداریبکەین ، تەنانەت ئەگەر کەمێکیش بێت ، لە چاودێریکردنی ئەم ڕووەکە ، مەترسیەکە لە هەوڵی نەوەی ئێمەدایە بۆ چاندنی جیهانێکی چەقبەستوو لەناو منداڵەکانماندا و هەوڵدان بۆ سەپاندنی پۆڵینبەندیە وشک و برینگەکان بۆ ژیان و بیر و هزر .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی