بەدرێژایی ساڵانی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس سێبەر و هەژموونی هەندێک لە وڵاتانی دەرەکی بەسەر عێڕاقدا دیار و بەرچاو بووە، بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەیی و دراوسێ وەک (ئێران، تورکیا، سعودیە و چەند وڵاتێکی دی)، کە زۆر جار بە بیانوی جیاواز، وێڕای لەشکرکێشی و دەست درێژییەکانیان دەستوەردانیشیان لە زۆر لە ئیش و کاری ناوخۆ و هەڵبژاردنەکاندا کردووە و شتێکیان بۆ ئەو وڵاتە نەهێشتووەتەوە کە ناوی سەروەریی بێت. بێگومان لە ڕیزبەندیی ئەو هاوکێشەیەدا ئەمریکا و ئێران هەر لەسەرەتاوە وەک دوو ئاڕاستەی دژ بە یەک و توند لە ڕیزی پێشەوەدا بوون و بەریەککەوتنی زۆریان هەبووە؛ هەژموونی ئەو دوو وڵاتە بەسەر هەموو کایەکان و تەنانەت بڕیاردان و حکومەتدا بەرچاو بووە، لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا تێڕوانین و ئەجێندای ئەوان بەسەر ئیرادەی هاوڵاتیانی عێڕاقدا سەپاوە و متمانەی خەڵکیان بە دەنگدان زۆر کز و لاواز کردوە.
دیارە فۆڕمی ململانێی ئەمریکا و ئێران لە هەڵبژاردنی ئەو جارەی عێڕاقدا بە بەراورد بە ڕابردوو زۆر جیاواز و توندترە، ئەوەش بۆ دەرئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشهاتانە دەگەڕێتەوە کە لەدوای ڕووداوەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر ناوچەکە بەخۆیەوە بینیویەتی، هاوکێشەی هێز و ململانێکانی گۆڕیوەو لەچواچێوەی فۆڕمێکی نوێدا دایڕشتووەتەوە .
هەڵبەت من لێرەدا بۆ تێگەیشتنی وردتر لەو بابەتە بە پێویستی دەزانم سەرانسوێیێکی بەرژەوەندیی و ئەجێندای هەر یەک لەو دوو هێزە ڕکابەرە بکەین و لە گۆشە نیگای هەر یەکەیان شڕۆڤەیێکی کورتیلە لەمەڕ ئەو بابەتە بخەینە ڕوو:
١- ئەمریکا: هەژموونی ئێران بەسەر عێڕاق بۆ ئەمریکا جێی نیگەرانیێکی قوڵە، چونکە ئەو وڵاتە قوربانیێکی زۆری لە عێراقدا داوە، ملیاران دۆلاری خەرج کردووە و هەزاران سەربازی کوژراوە، بۆیە ستراتیژی ئەمریکا لە ئێستادا و بەتایبەت دوای شکستەکانی بەرەی مقاوەمە کە تێیدا ئێران لاواز دەردەکەوێت، لە قاڵبدان و جڵەوکرنی گروپەکانی سەر بە ئێران و بێ ڕۆڵ کردن و کەمکردنەوەی نفوزی ئەو وڵاتەیە لە عێڕاقدا؛ ئەمریکا لە چاوەڕوانیی و هەوڵی ئەوەدایە لەو هەڵبژاردنەدا لایەنەکانی سەر بە ئێران ئەنجامێکی وا بەدەست نەهێنن کە لە حکومەتی داهاتوودا ڕۆڵێکی ڕەها و بەرچاویان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێڕاق و هێڵە سوورەکانی خۆی بۆ دیاری کردووە. خۆ ئەگەر پێچەوانەی ئەوە ڕووبدات.. ئەوا ڕەنگە ئەمریکا کارتە ئابوریی و داراییەکانی و ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لەبواری جیاوازدا پێشکەشی عێڕاقی دەکات بکاتە فشار و دوور نیە جڵەوی ئیسڕائیلیش بۆ وەشاندنی گورزێک شل بکات کە دەمێکە تەلئەبیب سەری لێدەخورێت، لەکاتێکدا کە عێڕاق تاکە پێگەی گروپەکانی سەر بە ئێران بووە تا ئێستا ئیسرائیل دەستی لێ پاراستبێت، بێگومان ئەوەش بەهۆی جڵەوگیری و مەیلی ئەمریکاوە بووە .
٢-ئێران: ستراتیژی ئێران لە عێڕاق بریتییە لە پاراستن و فراوانکردنی ئەو هەژموون و باڵا دەستییەی لەو وڵاتەدا هەیبووە، چونکە عێڕاق بۆ ئێران بایەخێکی گرنگ و هەمەلایەنەی هەبووە و هەیە، زیاتر لە هەزار و شەش سەد کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لەنێوانیاندایە، دەستەڵاتێکی شیعە مەزهەب لە ئێستادا لە عێڕاق باڵا دەستە کە هاوسۆز و هاودیدی ئێرانە، چەندان گروپی سەر بە تاران هەن کە ئێران لە دژی ئەمریکا و ئیسڕائیل بەکاریان دێنێ و وڵاتەکەیان کردەوەیە ئامرازی هەژموون و سەنگەری پاراستنی ئێران، لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازگانیی و سپیکردنەوەی پارە عێڕاق پارسەنگڕاگرێکی باش بووە بۆ ئێران، لە دوای لێدان و لاوازبوونی بەرەی مقاوەمە، عێڕاق بە دوا پێگە و سەنگەری بەهێزی ئێران دەژمێرێت و لە ڕێکخستنەوەی ئەو بەرەیەشدا ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت کە بە پێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ئاژانسی هەواڵی ئیسرائیلی وای نێت (Ynet) بێت، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن، ئێستا ئێران بە وریاییەوە لەچواچێوەیێکی نوێدا هەوڵی گەڕاندنەوە و بنیاتنانەوەی بەرەی بەرگری دەدات. ، ئەوانەو چەند فاکتەری دیکەش وادەکات ئێران پارێزگاری لە مانەوەی خۆی لە عێڕاقدا بکات و بە هەر نرخێک و تا بۆی بکرێت لە دەستی نەدات . هەڵبژاردن چەند ڕۆژێکی ماوەو با چاوەڕوان بین !
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی