زەهران مەمدانی: کاتێک گەنجێکی ئاسایی دەبێتە ئایندەساز

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. سەڵاح عزیز



لە جیهانێکدا کە قورساییەکان زیاتر دەبێت، و دەرگاکانی سیاسەت و دەسەڵات لە بەردەم مرۆڤی ئاساییدا تونددەبێت ، گەنجێک کە هێشتا سی و چوار ساڵی تەمەنی  تێنەپەڕاندوە، بە ناوی زەهران مەمدانی سەریهەڵدا. گەنجێک کە لە دایک و باوکێکی کۆچبەر لە کامپالا لەدایک بووە، دواتر لە نیویۆرک گەورە بووە و لەدەوروبەریدا سەیری گەشەکردنی شارەکەی دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا  ڕادەی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی ،کرێی زیادەڕۆیی ،قۆرخکردنی دەسەڵات و نەبوونی دەرفەتی لەبەردەم گەنجاندا بەخۆوەدیوە.

ئەمڕۆ، دەبێتە یەکەم موسڵمان کە سەرکردایەتی شارێک دەکات بە قەبارەی نیویۆرک ، وبچوکترین کەسە کە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا ئەم پۆستە بەدەستبهێنێت. سەرکەوتنی زەهران مەمدانی لە پۆستی عمدەی نیویۆرک ڕووداوێکی سیاسی گەورەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕووداوێکی بەهایی و شارستانییە، و پەیامێکی ڕوون و ڕاستەوخۆی ئیلهامبەخشە بۆ گەنجان لە هەموو شوێنێکدا.

ئاستەنگەکان: جەنگەکانی کە  "ئاساییەکان" نەیاندەکرد

مەمدانی ئەوەندە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بووەوە کە بتوانێت تەواوی سوپایەکی سیاسەتمەدارە بەئەزموونەکانی سەرکوت بکات، ئەوەش وایکرد سەرکەوتنەکەی ناوازە بێت:
١. ئینتمای ئاینی و پاشخانی کۆچبەران: بەهۆی ئەوەی لە خێزانێکی کۆچبەری موسڵمان بووە، خرایە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی وورد و لایەنگرانی سیاسەتی ئەمریکا . ئامرازەکانی راگەیاندن سەرنجیان خستە سەر ناو و دەرکەوتن و بنەچەکەی ، و گرێیاندایەوە بە وێنا چەقبەستووییە نەرێنییەکانەوە. ئەو دەبوو نەک تەنها لەگەڵ نەیارەکەیدا بجەنگێ ، بەڵکو لەگەڵ وێنایەکی چەقبەستووی قووڵدا .
٢. ئاستەنگی دەسەڵاتی دارایی سیاسی: نیویۆرک شارێکە کە  بەرژەوەندییەکانی  کۆمپانیاکانی گەشەپێدانی خانووبەرە و بانکەکان دەیجوڵێنێت. ئەو لایەنانە بە توندی بەرەنگاری هەر بانگەوازێک بوونەوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانیان. خەڵکی دەوڵەمەندی نیویۆرک ملیۆنەها دۆلاریان بەخشی لەبەرژەوەندی نەیارەکەی ،و بەشدارییان کرد لە هەڵمەتەکان بۆ شێواندنی ناوبانگیان. شەڕەکەی لەگەڵ هێزەکانی سەرمایە بوو نەک  لەگەڵ کاندیدێکی تاکەکەسی.
٣. پاڵپشتی سیاسی فەرمی بۆ نەیار: ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوەوە. سیاسەتمەدارە زلهێزەکانی کۆشکی سپی و کۆنگرێس و میدیاکان بە ئاشکرا پشتگیریان لە نەیارەکەی دەکرد، تا ئەندازەی گەیشتن بە هەڕەشەی سزادانی شەخسیی مەمدانی و دەنگدەرانی شارەکەیان ئەگەر مەمدانی هەڵبژێرن .
نهێنی سەرکەوتن: ڕەسەنایەتی و ڕژانە سەرشەقامەکان
سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە، زەهران مەمدانی لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە سەرانسەری جیهاندا پێشینەیەکی مێژوویی نوێی بۆ گەنجان تۆمارکرد. پشتی بە بەڵێنی گەورە و بودجەی قەبە نەبەست، بەڵکو بە بنەما سادەکان بەڵام بەهێزەکان : باوەڕی وابوو کە کار بۆ خەڵک دەکات نەک لەپێناو دەستکەوتەکان و پۆستەکان. شانازی دەکرد بە ئینتمابوون بە خێزانەکەی و ئیمان و کۆمەڵگەکەی. هەوڵی خۆنمایشکردنی نەدا بۆ ئەوەی ببێتە"سیاسەتمەدارێکی نەریتی". پشتیبەست بە پاڵپشتیکردنی هەزاران خۆبەخش کە باوەڕیان بە پەیامەکەی هەبوو. هەڵمەتەکەی پاڵپشت بوو بە خەڵکەوە ، نەک پارە. پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی لەگەڵ خەڵکدا هەبوو، بە توندی بەرگری دەکرد لە مافەکانیان و داهاتوویان. خەڵک نوێنەرایەتیکردنی خۆیانیانی تیابەدیدەکرد ،نەک نوێنەرایەتی "دەسەڵات".

دەرەنجام: پەیامێک لە "ئاسایی"ەوە بۆ هەموو  ئایندەسازێک ئەگەر یەک وانە هەبێت کە لە چیرۆکەکەی زەهران مەمدانی ، فێریبین،  ئەوەیە لە ڕووبەڕووی چارەنووسدا، شتێک نییە بە ناوی "گەنجێکی ئاسایی" . مەمدانی دەیتوانی بەربەستەکان ببینێت و بڵێت "پرسەکە مەحاڵە؛ ئەمە بۆ ئەوانی ترە". بەڵام نەیکرد.
بۆیە پێویستە گەنجان لەوە تێبگەن کە سیاسەت، تەکنەلۆجیا، هونەر، و کارەکان... هەموو ئەوانە قۆرخکار نییە بۆ کەسێک . کاتێک نادادپەروەری یان کەموکوڕییەکان دەبینیت، چاوەڕێی دەرکەوتنی "پاڵەوانێک" مەکە. پاڵەوانەکە تۆیت کاتێک بڕیار دەدەیت کە بە راستگۆییانەوە جووڵە بکەیت.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە؛ کنێر عەبدوڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی