گفتوگۆی پشت پەردە
بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی گەورەی پڕ لەکێشمەکێش بەردەوامە، پرۆژەکە بە پارەی وڵاتانی
کەنداو و بەپاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەر زەوی عێراق ئەنجام دەدرێت.
ناوەڕۆکی پرۆژەکە
گرێدراوە بە ئەزموونکردنی ئاینی"ئیبراهیمی" لەئاڵۆزترین ناوچەی عێراق کە
دەشتی نەینەوایە، پێشتریش هەوڵێکی لەمجۆرە لەئارادا بو، بەڵام باڵادەست بونی هێزە
شیعەکان لەو ناوچەیە تاڕادەیەک شکستی پێهێنا.
لەئێستادا ئەمەریکا
داوای لەچەک داماڵینی میلیشیا شیعەکان و بێ ڕۆڵ کردنیان لەعێراق دەکات، دیسانەوە
گفتووگۆ لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە سەریهەڵداوەتەوە، بەو پێیەی دۆخەکە گۆڕاوە و لەمپەرەکانی
بەردەم پرۆژەی "ئیبراهیمی" تا ڕادەیەک لاواز بون.
کرۆکی "ئاینی
ئیبراهیمی" هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی ئاین و باوەڕە جیاوازەکان، یاخود تێکەڵەیەکە
لە ئاینەکان و بۆیە ناوی "ئیبراهیمی" لێنراوە، چونکە ئیبراهیم باوکی پێغەمبەرانە
و لای هەموو ئاینەکان قەبوڵکراوە.
پرۆژەی ئاینی
"ئیبراهیمی" هەوڵێکیشە بۆ کاڵکردنەوەی ململانێی ئاینە جیاوازەکان و سڕینەوەی
ئەو بیرەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە "توندڕەوی" ناوی دەبرێت، ئیمارات و وڵاتانی
کەنداو بە هاندانی ڕۆژئاوا سەپۆرتی دەکەن.
دەشتی نەینەوا کە
ناوی دەهێنرێت بۆ ئەوەی بکرێتە بنەما بۆ برەودان بە "ئاینی ئیبراهیمی" بەبێ
دیراسەکردن دەستنیشان نەکراوە، بەتایبەت ئەو ناوچەیە فرە پێکهاتە و فرە ئاین و مەزهەبە.
هەرچەندە کورد
ناوێرێت بەڕوونی پشتگیری پرۆژەکە بکات، بەڵام ژێر بە ژێر سەرگرتنی پرۆژەکەی پێخۆشە،
چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئیدارەیەکی تر لە چوارچێوەی عێراق دا و فشارەکانی سەر
هەرێم لاواز دەکات.
هێشتا ڕوون نییە
ڕادەی سەرگرتن و شکستهێنانی پرۆژەکە لەچی ئاستێکدایە، بەڵام ئەوە ڕوونە پرۆژەکە پاڵپشتی
هێزی ئەمەریکا و بودجەی گەورەی کەنداوی لە پشتە، سودمەندی گەورەش لێی مەسیحییەکان
دەبن.
سەرباری ئەوەی
پرۆژەکە پاڵپشتی گەورەی هەیە، بەڵام نەیاری سەرسەختیشی هەیە و پێناچێت نەیارەکانیشی
دەستەوەستان بن، بەتایبەت تورکیا زۆر نیگەرانە و پرۆژەکە دەبێتە هۆی لەگۆڕنانی خەونە
مێژووییەکەی کە زیندووکردنەوەی ویلایەتی موسڵە.
تورکیا بە ئێستاشەوە
چاوی لەسەر موسڵە و بە هی خۆیی دەزانێت، لە ئەگەری سەرگرتنی پرۆژەیەکی لەوجۆرەدا
تورکیا بۆ هەمیشەیی ناتوانێت باسی موسڵ بوروژێنێتەوە، چونکە ئیدارە نوێیەکە پاڵپشتی
گەورەی نێو دەوڵەتی دەبێت.
ئێرانیش هاوشێوەی
تورکیا نەیاری گەورەی پرۆژەی "ئیبراهیمی"یە، چونکە پرۆژەکە بۆ کاڵکردنەوەی
مەیلی مەزهەبی و ئاینییە، لەکاتێکدا ئەمە زیان بە پرۆژەی ئێرانی دەگەیەنێت کە لەسەر
بنەمای مەزهەبگەرێتی چەسپێنراوە.
پرۆژەی "ئیبراهیمی" پاڵپشتیکار و نەیاری
گەورەی هەیە، دەشتی نەینەواش کە دەستنیشانکراوە بۆ ئەزموونکردنی پرۆژەکە ناوچەیەکی
ئاڵۆز و پڕ لە کێشمەکێشە، بۆیە هێشتا جێبەجێکردنی لەچوارچێوەی گفتوگۆدایە، خۆ ئەگەر
هەنگاوی کرداریی بۆ بنرێت، هەڵای گەورەی لەناوچەکەدا لێدەکەوێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی