کتێبی (سیاسەت‌و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)

10/11/2025

ناساندنی: فازیل شەوڕۆ - دوبلن

مەخابن، زۆرجار لەسەر زاری عەوام و ڕۆشنبیرانیش، ئەوەمان دێتە بەر گوێ کە ساڵانە دەیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان وەدەستدێن کە هیچ کەلێنێک لە بوارەکانی زانستی و ئەدەبی و مەعریفی پڕناکەنەوە و پتر خەریکی سووینەوە و کاوێژکردن و خواستنەوەی کاڵای دەستی دووی نووسەرانی دیکەن و لە خەمی داهێنان و ئەفراندن و گەشکردنی زمان و ئەدەب و زانست و مەعریفە دانین و ئاستەکانیان بەڕووداچوون. بە گشتی، ئەمە غەدرێکی گەورە و ناهەقییەکی جەرگبڕە هەم لە زانکۆکان و هەم لە وەدەستهێنەڕانی بڕوانامە باڵاکاندا دەکرێت. لە نێو خەرمانی ئەم بڕوانامانەدا، چەندان بەرهەمی مەزن و بایەخدار و پیرۆز وەبەرهاتوون، کە ناوەڕۆک و دەوڵەمەندی و داهێنانیان لە ئاست، ئەوانەن کە لە زانکۆ جیهانییە ناودارەکاندا پەسند دەکرێن.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، تێزی دکتۆرای قادر وریا (62 ساڵ)ە کە لە زانکۆی کۆیە بە پلەی نایاب لە سالی 2024 پەسند کرا و لە 2025 ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە بۆن – ئەڵمانیا، لە کتێبێکی  250 لاپەڕەی جوان دیزاینکراو و تەکنیک سەردەمیانە چاپی کردوە. جکە لە دەیان کانگا و سەرچاوە بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی و سوودوەرگرن لە ئینتەرنێت، نووسەر بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە سیاسەتی زمان لە ئێران و ئاستی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی بە 51  لایەنی چالاکیی زمانەوانی، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و ئەوانەی نوێنەرایەتیی شار و نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  دەکەن فەرامۆش نەکراون.

نووسەر دەنووسێت:" لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بەردەوامی تا ئێستا، تاکە سیاسەتی بواری پەروەردە لە ئێراندا بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی پاوانخوازی ناسیۆنالیستی و دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی بووە. ئەم سیاسەتەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر زمانەکانی دیکەی غەیرە فارسی هەبووە؛ هەندێک لەو زمانانە بە تەواوی لەناوچوون. بەشێک لەو زمانانە لە لێواری لەناوچووندان، وەک مازینی و کیلکی، هەندێکی تریش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، وەک کوردی و بەلوچی. ئەم ترسە لە لەناوچوونی زمان بۆتە هۆی بانگەوازی نوێنەرانی کەمە نەتەوەیەکانی تر کە زمانی دایکیان لە پەروەردەی ئەکادیمیدا بەکاربهێنن و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاربهێنن. ئەم تێزە هەوڵ دەدات بۆچوونی وەڵامدەرەوەکان کۆبکاتەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە سەرەکییە:

1ـ بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە چ سیاسەتێکی زمانی جێبەجێ بکرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ واقیعی فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانی لە نێو دانیشتوانی ئێراندا، هەروەها لەگەڵ خواستەکانی مافی نەتەوەیی دانیشتوانی ئەم بەشەی کوردستان؟

2ـ چ میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە زمانییە دابنرێت؟"

کتێبەکە 127 ناونیشان - جگە لە 15 خشتە و پاشکۆی بەڵگەنامە و پووختە ناوەڕۆکەکەی بە دوو زمان لە خۆدەگرێ، ئەمانیش بەم شێوەیەی خوارەوە  بەسەر شەش بەشدا پۆلین کراون:
بەشی یەکەم: چەمکە سەرەکییەکان و بنەما تیۆرییەکانی گرتووەتە خۆ: چییەتیی زمان، پێوەندیی زمان بە هەر یەک لە چەمکەکانی ناسنامە، پەروەردە، ماف، ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات. زمان وەک سەرچاوە نەک گرفت، تەوەرێکی دیکەی ئەم بەشەیە و تیشک خراوەتە سەر جیاوازیی پێگەکانی زمانی زۆرینە و زمانی کەمینە.

بەشی دووەم: بۆ باسکردنی ڕۆڵی زمان و پەروەردە لە دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیدا
تەرخان کراوە: گرنگیی سیاسەتی زمانی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد وە کورد چۆن
دەتوانێت پەروەردە و سیاسەتی زمانی بکات بە دەروویەک بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەکەی.

بەشی سێیەم: تایبەتە بە سیاسەتی زمانی لە کوردستان و ئێراندا، بە  ئاوەڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەلێکۆڵینەوە زمانییەکانی ئێران، ڕوانگەکانی دەسەڵات و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی، بۆچوونی لێکۆڵەران و ڕووناکبیرانی ئێرانی لەبارەی زمان و ناسنامەی نەتەوە نافارسەکانی ئێران و پرسی پەروەردە بە زمانی دایک. 

بەشی چوارەم: باسکردن لەڕێبازی لێکۆڵینەوەو مێتۆدۆلۆژیی تێزەکە: چۆنیەتیی کۆکردنەوەی داتاکان، شێوازی دەستنیشانکردنی پرسیارلێکراوان، چۆنیەتیی ئامادەکردنی پرسیارنامە و گەیاندنی بە پرسیارلێکراوان و وەرگرتنەوەی وەڵامەکان. مێتۆدی شیکردنەوەی داتاکان (مێتۆدی شیکاریی بابەتیانە/ تێماتیک) ڕۆشنایەرتیان خراوەتە سەر.

پێنجەم بەش: تایبەتە بە ناساندنی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە لە پرسیارلێکراوان و  سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

هەرچی شەشەمین بەشە: تایبەتە بە دۆزراوەکان، ئەنجامەکان، پێشنیازو ڕاسپاردەکانیلێکۆڵینەوەکە.

لەم بەشەدا لێکۆڵەر وێڕای باسێکی کورت لەسەر پڕۆسەیلێکۆڵینەوەکەی، بە گەڕانەوە بۆ سەر چەمکە سەرەکییەکانی پێوەندیدار بە ڕوانگە وبۆچوونی پرسیارلێکراوان، دۆزراوەکان‌و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی خستوەتەڕوو.

لەبڕگەی ئامانجەکاندا، چەندان خاڵی بایەخدار خراونەتەڕوو وەک:
•    ئەو سیاسەتەی بە ناوی سیاسەتی کولتووری و زمانی و پەروەردەیی لە کۆنەوە تا ئێستا لە ئێران هەیە، لەگەڵ باری ڕاستەقینەی وڵات و کۆمەڵی ئێران کە پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەیی و فرەزمانییان هەیە، ناتەبا و نەگونجاوە.
•    بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردەی سەرانسەریی وڵات بە ئامانجی دروستکردنی یەک
نەتەوە و کردنی زمان فارسی بە زمانی سەرەکی و یەکەمی هەمووان، لە تواندنەوەی نەتەوە
نافارسەکان لە زمانی فارسی و ناسنامەی ئێرانیدا تا هاتووە زیاتڕووبەڕووی بەر هەڵستبوونەوە بووە و ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە. نەتەوەی کورد لە ئێران، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشاوە تا ئەمڕۆ، بۆ داکۆکی لە ناسنامەی نەتەوەیی و خەبات دژی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی و کولتووری، بۆ داواکردنی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان پێشەنگی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووە. 
•    تاکزمانی لە پەروەردەی ئێران و بێبەشکردنی نەتەوە نافارسەکانی ئەو وڵاتە لە پەروەردە بە زمانی خۆیان، چەند ڕەهەندی گرنگی هەیە کە بریتین لە: سەپاندنی پێگەیەکی نایەکسان و نزم بەسەر زمانە نافارسییەکاندا و داخستنی دەرگای گەشەکردن و پێشکەوتن بە ڕوویاندا بەهۆی ڕێگەپێنەدانیان لە پەروەردە و فێرکردنی فەرمیدا / پێکهاتنی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ فێرخوازانی نافارس لە ڕەوتی پەروەردە و فێربوون بە تایبەتی لە ساڵانی یەکەمی خوێندنگەدا. ئەو فێرخوازانەی لە پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، دەگەڵ فێرخوازانێک کە بە زمانی خۆیان دەخوێنن. /  بێبەشبوون لە پەروەردە بە زمانی دایک و خوێندن بە زمانێکی داسەپاو، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر فێرخوازان هەیە. یەکێک لەو کاریگەرییانە لاوازبوونی متمانە بەخۆیانە. لێکەوتەیەکی دیکەی پەروەردەی تاکزمانی بۆ فێرخوازانێک کە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، قەیرانی ناسنامەیە /  هەستکردن بە پێشێلکرانی سەرەتاییترین ماف و بایەخنەدران بە زمان و ناسنامە، دەبێتە هاندەر و ڕێخۆشکەری تاک بۆ ئەوەی هەستی نامۆیی و دووریکردن لەو دەسەڵات و سیستەم و کۆمەڵەی تێداپێک بێت کە ئەم دۆخەیان بەسەردا سەپاندووە.
•    سیاسەتی زمانیی ئێستای ئێران لە ئاستی چاوەڕوانی و ویستەکانی پێکهاتەجیاوازەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا نین و پێویستیان بە گۆاڕنی بنەڕەتی هەیە؛ پێویستە جێگایان بە سیاسەت و پلاندانانێکی گونجاو و وەڵامدەر پڕ بکرێتەوە. گۆڕانی بنەڕەتی لەو سیاسەتەدا بە پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ئێران و ئێرانیبوون، داننان بە فرەنەتەوە و فرەزمانبوونی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، وەلانانی ئایدۆلۆژیای «یەک نەتەوە و یەک زمان »، بەفەرمی ناسینی زمانە نافارسییەکان و قبووڵکردنی مافی پەروەردە بەو زمانانە پێک دێت.

لە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانیشدا، د. قادر وریا،  کە خاوەنی 15 کتێبی ئەدەبی زمانەوانی و سیاسی و سەدان وتار و لێکۆلینەوە، زۆر بە لێزانانە ئەوەی بۆ ئەم بوارە پێویستە تۆماری کردوە.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، جگە لەوەی کە سەرچاوەیەکی زانیاری بەخشە بۆ خوێنەران و بە زمانێکی جوان و ڕەوان و ڕەسەن دارشتراوە. پێویستیشە بۆ ئەوانەی کە لێکۆڵەر و توێژەرن لە بوارەکانی وەک: 


(ناسنامە، مافی زمان، نەتەوە، پاراستنی زمان، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، داهێنان لە زمانی کوردیدا، دادپەروەری زمانەوانی، هۆشیاریی زمانەوانی، دەرفەتی زمانەوانی، فرە زمانی لە پەروەردەدا، و سیاسەتی زمانی هاوتەریب).

ئەمەش لینکی کتێبەکەیە بە PDF:

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی