عەدمان بایدەمیر، کەسایەتیەکی دیار و ناوداری سیاسی باکور و تەواوی کوردستانە، ئەو
هەرکات دەربکەوێت بە جۆرێک دەدوێت کە هەموان ناچار دەکات بە ئەسپایی هەناسە بدەن و
چاونەتروکێنن بۆ ئەوەی بە باشی گوێێان لە قسە و پەیامەکانی بێت.
بایدەمیر ئەوکاتەی کە لە پەرلەمان پرسیاریان لێکرد کوردستان لە کوێیە و ئەویش
کێشای بەسەر دڵیدا و وتی کوردستان لێرەیە، ئیدی بوە سمبولێک بۆ کوردایەتی و
بەرخۆدان و بەرگری لە مافی کورد، ئێستاش دەیەوێت ڕۆڵێ باڵیۆزی ئاشتی ببینێت و لە
باشوری کوردستانەوە بانگی پێکەوەبوون و یەکبونی کوردانی بەگوێی دونیادا چرپاند.
بایدەمیر جیاواز لە هەموانی تر، لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست (
میێپس)، قسەی لەبارەی ئاشتییەوە کرد، ئەوانی تر هەموویان وتار و پانێڵەکانیان
تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەبارەی بارودۆخەکان و ململانێی و گۆرانکاریەکانی ناوخۆیی و
هەرێمی و جیهانیی، بەڵام بایدەمیر بە زمانێکی سادە و دڵێکی پر لە دڵسۆزییەوە هات و
پەیامی ئاشتی و ئاسایشی بە گوێی هەمواندا دا.
ئەگەر سەرنج بدەین بایدەمیر زۆر بە دیقەتەوە باسی لە دەردەداری کورد و کێشە و
ئاریشەکانی بەردەم کورد کرد، زۆر بە جوانی باسی لەوەکرد هەموومان دەردەداریی کورد
دەزانین و دەرمانەکەشی دەزانین چییە، کاتێك کە باسی لەوەکرد کە پەیامانی سایکیس
بیکۆ وەک کەفەنێک کراوە بە بەری ئێمەی کورددا، باسی لەوەشکرد چۆن دەتوانین ئەو
کەفەنە لە بەرمان بکەینەوە، زۆر جوان وتی یەکێتی ناوخۆیی دەتوانێت ئەو کەفەنەی
سایکس بیکۆ لەبەرماندا بدرێنێت و دەبێت هەر واش بکەین.
عوسمان بایدەمیر بەو پێیەی کەسایەتیەکی سیاسی لەسەر خۆ و هێمنە، زۆر باش توانی
موخاتەبەی دەوڵەتانی سەردەست و داگیرکاری کوردستان بکات و پەیامی ئەوەیان بداتێ کە
دەکرێت کورد لە ناوخۆیدا یەکدەست و یەکگرتوو بێت و نەبێتە مەترسیش بۆ سەر هیچکام
لە تاران و بەغداد و ئەنقەرە و شام.
بایدەمیر هات لەبەردەم هەمواندا بەدەنگێکی زوڵاڵەوە وتی تکاتان لێدەکەم یەکگرتووبن
و پێکەوە بتوانن کار بکەن، لەبەر خاتری ڕۆژئاڤا پێکەوە بسازێن، بۆ ئەوەی هەولێر
بکەنە پردی بەیەکەوە بستنەوەی قامیشلۆ و ئەنقەرە یەکگرتووبن، بە دڵنیاییەوە
ناوهێنانی قامیشلۆ و ئەنقەرە تەنها ناوهێنانێکی سادە نییە، بەڵکو لەو دیو ئەو
ناوهێنانەوە پەیام و ئامانجێکی گەورە هەیە.
ئەوکاتەی کە بایدەمیر باس لە یەکبوونی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دەکات،
دۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەکە بە جۆرێکە، کەم کەس دەتوانێت بزانێت سبەینێ و
سبەینێیەکی تر چی دەگوزەرێت، بەڵام بایدەمیر دێت هەموان دەخاتە بەردەم
بەرپرسیارێتیەوە و داوا و ڕجا دەکات هەموان پێکەوە بن بۆ ئەوەی بتوانن زاڵ بن
بەسەر سەختیی قۆناغەکەدا و کەفەنی سایکس بیکۆ بدڕێنن.
عوسمان بایدەمیر لە ماوەی چەند خولەکێکدا قسەکانی تەواوکرد، بەڵام بەرپرسیارێتیە
مێژوویەکەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کوردستان وەک قسەکانی بایدەمیر کۆتایی نایەت،
بەڵکو بەرپەسیارێتیەکە لەمڕۆوە دەست پێدەکات و دەخوازێت هەموان بە دیقەتەوە گوێ
بدەنە پەیامەکە و چەند جارێک گوێی لێ بگرنەوە بۆ ئەوەی باش لێی تێبگەن و لە
مەترسیەکانی نێو پەیامەکە بگەن .
بایدەمیر کۆتایی بە قسەکانی هێنا، بەڵام هەموانی لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەدا
بە جێهێشت، کە ئاخۆ بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان دەتوانن تەنها
جارێکیش بێت بە گیانی بەرپرسیارانە بیر بکەنەوە و هەنگاو بنێن بۆ وەلا نانی ناکۆکی
و کێشە ناوخۆییەکان و گەیشتن بەوەی کە کورد و کوردستان دەیخوازێت.
ئێستا هەمووان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان بۆ ئەوەی جارێکی تر بتوانن و لە
ڕویان بێت کۆنفرانس و دیدار و پانێڵ لەبارەی ئاشتی و ئاسایشەوە ڕێک بخەن و
بەشداریی تێدا بکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی