پلانی ئاشتی دزەپێکراوى نێوان ڕووسیا و ئەمريكا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە
زانیارییە دزەپێکراوەکانی ئەم دواییە بەڵگەنامەیەکی ٢٨ خاڵی ئاشکرا دەکەن کە لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆدا باسکراوە. ئەم بەڵگەنامەیە چەندین بڕگەی سەرەکی لەخۆگرتووە سەبارەت بە داهاتووی ململانێی ئۆکرانیا، لەوانە دانپێدانان بە خاکى داگیرکراو، مەرجى توند و ڕێسای نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا. پێکهاتەکانی ئەم بەڵگەنامەیە پرسیاری قووڵی یاسایی و سیاسی و ئەمنی دەوروژێنن و هاوسەنگی هێز لە ئەوروپا لە نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و مافەکانی ئۆکرانیا بە توندی ئەخنە ژێر پرسیارەوە.
پێشەکی
لە سەرەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا (٢٠٢٢)، ڕێگاکانی چارەسەرەی قەیرانە سیاسییەکە لە نێوان کارەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان جیاواز بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەوڵەکانی نێوەندگیری و دەستپێشخەرییەکانی ئەمریکا چڕتربوونەوە. لە بەرامبەردا مۆسکۆ داواکارییەکانی خستەڕوو کە ئامانجیان چەسپاندنی دەستکەوتەکانى بوو لەسەر زەوى لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا. هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە بەڵگەنامەیەکى ٢٨ خاڵیی دزەیپێکرا کە پێشنیاری زۆر هەستیار لە خۆ دەگرێت.
پوختەی خاڵە سەرەکییەکانی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکە
کۆنترۆڵکردنی دۆنباس: گواستنەوەی کۆنترۆڵی تەواوەتی ناوچەی دۆنباسی بۆ مۆسکۆ یان هاوپەیمانەکانى.
بێلایەنی و سنوورى ئەندامێتی: ڕێگری لە ئۆکرانیا بکرێت لە پەیوەندیکردن بە ناتۆوە و دەبێت بەفەرمی بێلایەنی خۆى ڕابگەیەنێت، لە بەرامبەر ڕێگەدانى بە پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا بەمەرجی دیاریکراو.
داننان بە ئیدارە یەکگرتووەکان: بەپێی ڕاپۆرتەکان، واشنتۆن پێشنیاری کردووە کە (وەک مەرجێک) کۆنترۆڵی ڕووسیا بەسەر نیمچە دوورگەی کریمیا و بەشێک لە لوهانسک و دۆنێتسک و هەندێک ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژژیا بەفەرمی بناسرێت. ئەم بڕگەیە بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی لکاندنی کریمیا و ڕەچاوکردنی یاسای نێودەوڵەتی یەکێکە لەو بڕگانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر بووە.
هەڵگرتنی سزاکان و هاوکاری ئابووری: هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیادا و دەستپێکردنی هاوکاری ئابووری فراوانتر لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، بەتایبەتی لە بواری وزە و پیشەسازیدا.
وەستاندنی پشتیوانی سەربازی ڕۆژئاوا: بە پێی ئەم بڕگەیە گەیاندنی چەک و هاوکاری هەواڵگری و بەرنامەی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا قەدەغە دەکرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنى میکانیزمی چاودێری بۆ ڕاگرتنی هەر پشتیوانییەکی سەربازی دەرەکی.
ڕەهەندی دیپلۆماسی و ئەمنی — شیکاری کاریگەرییەکان
شەرعیەتی نێودەوڵەتی و سەروەری ئۆکرانیا: دانپێدانان بە کریمیا وەک خاکى ڕووسیا پێچەوانەی بنەماکانی لکاندنی بەزۆرە بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش. ئەمەش وا دەکات هەر ڕێککەوتنێک کە دانپێدانانی ئاشکرا لەخۆبگرێت، بەرەوڕووی ئاڵنگارى یاسایی و سیاسی کیێڤ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ببێتەوە.
ئاسایشی ئەوروپا و هاوسەنگی ڕێگریکردن: ڕێگریکردن لە ئۆکرانیا لە چوونە ناو ناتۆ و ڕاگەیاندنی بێلایەنی فەرمی، نەخشەی ئەمنی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەکێشێتەوە، وڵاتانی دراوسێ (لەوانەش پۆڵەندا، ڕۆمانیا و دەوڵەتانی باڵتیک) دەخاتە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی ڕووسیاوە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە ڕێکارەکانى توندکردنەوەى ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی ناتۆ چڕتر بکەنەوە.
کاریگەرییە سەربازییە ڕاستەوخۆکان لەسەر مەیدانی شەڕ: وەستاندنی پشتیوانی سەربازی و هەواڵگری توانای کیێڤ بۆ ڕێگریکردن و وەرگرتنەوەی خاکە داگیرکراوەکانى لاواز دەکات،هەروەها پاداشتی هەوڵە سەربازییەکانی ڕوسیا دەداتەوە بە جێگیرکردنى دەستکەوتەکانى.
وەڵامە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان
ئەمریکا: ڕاپۆرتەکان باسیان لە ناتەبایی لە هەڵوێستەکانی نێوان دەزگا و ناوەندەکانی بڕیاردان کردووە، ئەمەش مشتومڕی سەبارەت بە پابەندبوونی واشنتۆن بە پابەندبوونە ئەمنییەکانی بەرامبەر کیێڤ دروستکردووە.
ئۆکرانیا: تا ئێستا کیێڤ ئەم جۆرە سازانانە بە لاوازکردنی سەروەری نەتەوەیی خۆی دەزانێ و بەمەش ئەگەرى ئەنجامدانى کودەتا بەهێز دەکات.
یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی دیکە: نیگەرانن لە داننان بە خاکە داگیرکراوەکانى ئۆکرانیا لە بەرژەوەندى ڕووسیا و هەڵگرتنی سزاکان بەبێ گەرەنتی بەهێزی جێبەجێکردن و میکانیزمی لێپرسینەوە.
سیناریۆکان
ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ گەرەنتی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنێک کە دان بە داگیرکردنى بەشێک لە خاکى ئۆکرانیا دەنێت لەبەرژەوەندى ڕوسیا بەڵام میکانیزمەکانی چاودێری نێودەوڵەتی و دووبارە جێگیرکردنەوەی چاودێران لەخۆدەگرێت (بەدووری دەزانرێت گەر ئۆکرانیا بەشداری نەکات).
ڕاگرتنى ململانێکان لەگەڵ بەردەوامی گرژییەکى درێژخایەن: ئاگربەستێکی ناجێگیر و بوونی ناوچەکە لە ژێر کاریگەری درێژخایەنی ڕووسیادا.
هەرەسهێنانى دانوستان و دووبارە دروست بوونەوەى شەڕ: زیادبوونی پشتیوانی ناڕاستەوخۆی زلهێزەکانی ناوچەکە یان چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەتایبەتی ئەگەر کیێڤ مەرجەکان ڕەت بکاتەوە.
ئەنجام
پلانی ٢٨ خاڵیی دزەپێکراو، کۆمەڵێک لێکەوتەى ستراتیژی و بازرگانی و سیاسی هەیە کە دەتوانێت ئاسایشی ئەوروپا لە قاڵب بداتەوە. هەر ڕێککەوتنێک کە هەوڵی هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ داواکارییەکانی مۆسکۆ بدات، پێویستی بە بەشداری چالاکانەی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان هەیە و لە هەمووی گرنگتر ڕەزامەندی ئۆکرانیا. بەبێ بوونى میکانیزمی بەهێز بۆ جێبەجێکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، گەرەنتی دابینکردنى سەروەری و گەڕانەوەی ئاوارەکان، هەر ئاشتییەک دەتوانێت جۆرێک بێت لە ڕاگرتنێکى کاتى شەڕ کە قەیرانی نوێ لە میانمەودا و درێژ مەودادا دروست دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی