یەك ملیۆن شانازی، یا یەك ملیۆن شەرمەزاری

1 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمە ڕەشید

بەدەر لە هەموو شتێك و دوور لە هەموو لاگیرییەك، دەبێ ڕاستییەك بوترێت، بۆ ئەوەی چیدی بە وتە و دروشمی بێمانا و ساختە خەڵکی فریو نەدرێن. گەر چەند ساڵێك بۆ دواوە بگەڕێنەوە تا دەگەین بە ساتەوەختی ڕیفراندۆم و کەمێك لە دروشمە ساختە و بێبنەماکانی وردبینەوە و هەڵوەستەیان لەسەر بکەین، زۆر بە سانایی لە درك بە شەرمەزاری، نەك شانازی یەك ملیۆن دەنگدەر دەکەین.

پارتی و خودی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێم، مەسعود بارزانی، خۆیان بە ئەندازیاری ریفڕاندۆم دەزانی، چەندین دروشمیان دەوتەوە، بۆ نموونە؛ دوو دراوسێی باش، بوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و پشتیوانی ئیسرائیل و مسۆگەر کردنی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و حیسان نەکردن بۆ هیچ کەس و لایەنێك، هتد... بەڵام هەر چەند دەمژمێرێك لە دوای ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم سەدوهەشتا پلە بایان دایەوە و بوون بە عێراقییەکی عەیار ٢٤ و ڕیفڕاندۆمیشیان بۆ سەربەخۆی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نەبووە، هەروەکو سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێم لە وتارێکیدا ئاماژەی پێدا. هەروەها بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم (ساڵ ٢٠٢٤) و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (٢٠٢٥)، لە هەر مەسعود بارزانییەوە تا دەگات بە بچووکترین کادریان هەڵبژاردنەکانیان بە دیزاینکراو قەڵەم دەدا، بەوەی کە هیچ شتێك لە هاوکێشەکە ناگۆرێت و هەموو شتێك وەك خۆی دەمێنێتەوە، کەچی لە ئێستادا و دوای مەستبوون بە بەدەستهێنانی سەرووی یەك ملیۆن دەنگ شەڕ لەسەر عێراقیبوونی خۆیان دەکەن و شانازی دەکەن کە بۆ هەڵبژاردنی عێراقی دراوسێ ئەو دەنگە زۆرەیان هێناوە و هەر لە ئێستاشەوە خۆیان بۆ شەڕی پۆست لە عێراقی دراوسێ ئامادە دەکەن، بەڕاستی بیرکردنەوەیەك بگاتە ئەو ئاستەی لە خەمی دەوڵەتەوە شەر بۆ وەرگرتنی پۆست لە حکومەتێکی نادادپەروەر بکەیت، جگە لە گاڵتەجاڕییەك و یاری کردن بە هەستی خەڵکی هەرێم شتێکی دیکە نییە و بەدرۆخستنەوەی هەموو دروشمەکانی خۆشیانە کە چەند بێباکانە بەرزی دەکەنەوە.

 بە بۆچوونی من دەبوو پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنە نەکردایە، گەر سەرۆك وتەنیش لەبەر خاتری ئەو دۆستانەی داوای بەشداریکردنیان لێکردوون، هەم بۆ دەرخستنی سەنگ و قورسایی خۆیان بەشداریان کردووە، ئەوا لە ئێستادا دوای بەجێهێنانی ئەو دوو ئەرکە، کارێکی شەرەفمەندانەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق سەربەرزانە بکێشێنەوە و هیچ پۆستێك لەو دراوسێ نادادپەوەرە وەرنەگرن، ئەگینا ئەو ملیۆن دەنگە نەك دەبێتە مایەی شانازی، بگرە دەبێتە مایەی شەرمەزاریی و بەدرۆ خستنەوەی هەموو پاشخانێکی سیاسی ئەو حیزبە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی