کاک قوباد وەک کاراکتەرێکی حکومی، لەکاتی لافاوەکەی چەمچەماڵ بینیمان
سادەو خاکیانە، دەرقاچەکەی قوڕاویی بووەو گەشتۆتە ناو دڵی کارەساتەکە، هەم وەک سیاسی
و ئیداریەک و هەم وەک خۆبەخاوەنزانی دۆخێکی ئاوا کارەساتبارو دڵدانەوەی ناوچەیەکی برینداری
میللی هەژارنشین، دەی ئەوە ئیشە راستەکەیە دەست و دەرقاچی بەرپرس و پیاوە حکومیەکان
لەم کارەساتە سروشتیانە قوڕاوی بێ و جزمە لەپێبکەن و بچنە ناو قوڵایی ژان و ئازارەکانی
خەڵکی لێقەوماو. گەر ئەوەی نەکردایە تۆی ڕاوێژکارو ڕۆژنامەنوسی قسەکەری مارکەخواز چیت
پێدەگوت و چۆن سەرزەنشتت دەکرد بەسەد بەڵگەی ناتەبا.
ئێوە بۆچی ئەم دیوە باشەی کاک قوبادو تیمەکەی و دەیان ڕێکخراوی مرۆڤدۆستی
و کۆمەکی دەیان سەرمایەدارو ئەو ئاکارە میللی و تۆلێرانسە جوانە جەماعییە نابینن و
هەر خەریکی تەعلیل و تەعلیقین.
بۆ ئەبێ تۆ هەرقسەبکەیت و وەک بەڵگەی پاکبوونەوەو ئەستۆپاکی و بەکەم سەیرکردنی
دیمەنەکەو ئاکتینی سیاسی تەفسیری بکەیت، یان وەک ڕێکارێکی ئیداری و بەهاناوە چوونێکی
ئینسانی کردەکە نەبینی، یان وەک وەزیفەیەکی چاکەخوازو گیانی هاوکاریی و بەدەمەوەبوونی
کۆمەڵایەتیانەی یەکتر تەماشای نەکەی.
ناکرێ ئاوا بەموتڵەقی دژی جوانی و ناشیرینیەکانی کۆمەڵگا بەگشتی قسەو
لێدوان بدەن هەر لەبەرئەوەی قسە بکەی، یان چەمکی فریشەو شەیتان، قوربانی و جەللاد،
تێکەڵاو بکەن و قەزاوەت و دادوەری سیاسیانە بۆ ئەو پرسانە بکەن، ئەوە شتێکی خراپەو
دەردە، جۆرێکە لە نەخۆشی دەرونی و سایکۆپات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی