هەرچەندە دەزانم گرێ کوێرە بنەڕەتيەکەی پێکنەهێنانی کابينەی دەسەڵات وەزارەتی ناو خۆ نييە، بەڵام لەوەتی يەکێتی داوای ئەو پۆستەی کردوە، لێك لێکە بەرپرسە باڵاکانی پارتی دووپاتی دەکەنەوە کە هەرگيز وەزارەتی ناوخۆ نادەن.
دەگێڕنەوە ، دەڵێن کاتی خۆی(١٤٥٣ )عوسمانييەکان گەيشتبوونە بەر دەم شورای قوستەنتينيە (ئيستانبۆل) و بە تۆپانيان لێدەدا ،کەچی زانا بێزەنیتيەکان لە ئايا سۆفيا مشتومڕی ئەوەيان دەکر، کە ئايا مريشك لە هێلکەيە يان هێلکە لە مريشکە!
دوای پتر لە سەد ساڵ قوربانيدان و خەبات و خۆڕاگری گەلی کوردستان و بە پشتيوانی هاوپەيمانی نێو دەوڵەتيش تا توانيمان ئەم هەرێمەی خۆمان دروست بکەين، کەچی بێ ئاگا لەوەی چی لە دەوروبەرمان دەگوزەری ، تازە بە تازە خەريکی هۆنينەوەی داستانی وەدستهێنان و لە دەستنەدانی وەزارەتی ناوخۆين!
با بە يەکەوە سەرنجێکی خێرا بدەين ، دەبينين:
ئەمساڵ عێراق دوو موچەی تەواوی فەرمانبەر و کارمەندانی هەرێمی کوردستانی نە ناردوە و دياريش نييە بينێرێ.
تورکيا بەشیکی خاکی هەرێمی داگيرکردوە و دياريش نييە بە جێی دێلێ.
سەرەڕای ئەوەی پەکەکە خۆی هەلوەشاندۆتەوە و بڕياری کشانەوەی هێزەکانی لە بەرەکانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە داوە، کەچی تورکيا داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوريای دێمۆکڕاتی هاوپەيمانی ئەمريکاش دەکات و بە هيچ جۆرە تايبەتمەنديەکيش بۆ رۆژاوا قايل نييەو رۆژانە دەيان هەڕەشەيان لێدەکات . ئەگەر ئەوەش بۆ دەوڵەتی تورك بچێتە سەر بە دوور نازانرێ دواتر پەلاماری هەرێمی کوردستانيش بدات.
ئەو تيرۆريستەی ( احمد الشرع) پار ئەمريکا بە دواييدا دەگەڕا و دە مليۆن دۆلاریشی تەرخانکرد بوو بۆ هەر کەسێك کە پيشانی بدەن، ئەمساڵ لە لايەن تڕامپەوە بە گەرمترين شێوە پێشوازی لێکرا و کۆنگرێسيش سزاکانی سەر خۆی و حکومەتەی هەڵگرتن.
ئەمريکا سترايتيژەتی خۆی گۆڕی و بڕواش ناکرێ ئەو گۆڕينە لە بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی کوردستان بێ.
باری ئابووری هەرێم باش نييە و لەم قۆناغەش چاوەڕوانی باشبوونی لێ ناکرێ.
لە رووی کۆمەڵايەتی و سياسی بارودۆخی ناوخۆيی خراپە. بێ ئومێديی لە دەسەڵات و بێ کاری لاوان و نادادپەروەری و گەندەڵی بارودۆخێکی زۆر مەترسيداريان دروست کردوە.
ئێستا لە عێڕاق زۆر باس لە ژێر کەوتنی ئەزموونی هەرێم و سيستەمی فيدراڵی دەکرێ و لە زۆر لاشەوە کار لەسەر ئەوە دەکرێ کە گەلی کوردستانيش بگەيەننە سەر ئەو بڕوايەی کە ئەم ئەزموونە باش نييە و ئەگەر وازيشی لێنەهێنن ئەو لانی کەم شايستە داراييەکانمان دەستەبەر نابن.
ئەوانە و زۆر بابەتی تری جێگەی باس و تێڕامانی تر هەن، کەچی تازە بە تازە سەرکەوتنی ئەم و ژێر کەوتنی ئەوی دی لە پێکهێنانی کابينە بە بەدەستهێنان و نەهێنانی وەزارەتی ناوخۆ دەبەستينەوە!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی