بۆیە دەڵێین کۆچ بەرەو مرۆڤایەتی چونكە شکۆی
تاک داڕووخاوە. مرۆڤبوونی ئێستا نەک تەنها لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقیدایە،
بەڵکو لەبەردەم وێرانەیەكی گەورەی مێتافیزیکیدایە: درۆ کراوەتە ڕاستیی سەروەر،
ستەم کراوەتە چوارچێوەی دادپەروەری، گەندەڵیی کراوەتە بنەمای کارگێڕی. لەم دۆخەدا
شەرمكردن لە دزی و ریسوابوون لە درۆ گۆڕدراون بۆ شانازی!، هەمووشیان نیشانەی مردنی
بەهاکان و چوونە ناو دۆخی هیچ ن. کۆچ بەرەو مرۆڤایەتی پڕۆژەیەکی ڕادیکاڵە بۆ
گەڕاندنەوەی شکۆو شوناس و كەرامەت و ئازادی و عەدالەت.
کۆمەڵگای كوردی لە بەها سەرەکییەکانی پاشگەز
بۆتەوەو تووشی پاشاگەردانی هاتووە، بۆیە کۆمەڵگایەکی هەڵوەشاوە و بێ شوناسە.
كەواتە كۆچڕەوێكی سەرتاپاگیریمان پێویستە بۆئەوەی ئەم کۆچە بکرێتە پڕۆژەیەکی
فیكریی هەنووكەیی بۆ قورتاربوون لەو بەربەرییەتەی دزی گەورە و درۆی نەقۆڵای تێدا
دەبنە دیسکۆرسی باڵادەست. ئەمە پێویستی بە دانانی سنوورێکی سووری تۆخ ە بۆ ئەو
نادروستییە وجودییەی کە هەموو بەها ڕەسەنەکانمانی ژەهراوی كردووە.
گەندەڵ و دز، کە بە شانازییەوە کار دەکەن،
بوونەوەرێکت بۆ دروستدەکەن توانای بینینی ئازار و شكۆی هیچ كەسیان نییە. خاوەنی
پڕۆژەی بوونی خۆیان نین، تەنها بوونەوەرێکن لە دیسکۆرسی جەماوەردا ون بوون. شکۆی
مرۆڤ لەو ئەقڵە گشتییەدایە کە توانای هەڵبژاردنی ئەخلاقیی پێبەخشیوە. بەڵام ئەو
کەسەی بۆ گیرفان پڕکردن شکۆی خۆی دەفرۆشێت، لەسەر بنەمای غەریزە و ئاژەڵیی دەژی و،
خۆی لە مرۆڤبوون دادەماڵێت. دزو گەندەڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییە ڕەسەنەکان
دەترسن، چونکە بێدەسەڵاتیی خۆیان لە هیچی ناوەوەدا دەبینن. بۆیە پەنا بۆ هێزی ساختەی
پارە دەبەن؛ ئەمە تەنها پینەکردنی ئەو هیچی یە کە لە ناخیاندا دەناڵێنێت. کۆچ
بەرەو مرۆڤایەتی پێویستی بە دابڕانی خودە لەم جەماوەرە درۆزنەی مێگەلئاسایە، كار
بۆ سڕینەوەی بوونی ڕەسەنی خۆی دەكات.
شەرم ئەو سنوورە ئەخلاقییەیە کە مرۆڤ لە
بێشکۆیی دەپارێزێت. كەواتە كاتێك شەرمت لەدەست دا، واتا كەرامەتت لەدەست دا، واتا
مرۆڤبوونت لەدەست دا. مردنی شەرم واتای كوشتن و لابردنی ئەو سنوورەیە،كە مرۆڤ بە
ئاشکرا دەتوانێت وەک ئاژەڵێكی دڕندە یان ڕێویی فێڵباز دەوروبەری خۆی هەڵبخەڵەتێنێ.
کۆچ بەرەو مرۆڤایەتی داواکارییەکی وجوودییە بۆ پاراستنی خود لە داڕووخان و بۆ
پاراستن لە دۆخی بێبایەخی و بێ شوناسی. تەنها بە گەڕانەوەی قووڵی فەلسەفی بۆ چەقی
خود، مرۆڤ دەتوانێت بوونی خۆی وەک بوونێکی ئازاد، شەرمن و شکۆمەند بنووسێتەوە، کە
بەهێزی و مانای خۆی لە ڕاستگۆیی و عەدالەتدا دەبینێتەوە. ئەمە شۆڕشێکی بێ چەکە کە
تەنها بە گەڕانەوە بۆ پاکی و قووڵی فەلسەفەی مرۆڤبوون و نووسینەوەی شوناسێکی نوێی
ئەخلاقی دێتە دی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی