سەرۆكی هەرێم‌و سەری ساڵ

23/12/2025

لەتیف فاتیح فەرەج

ساڵی پار چەند ڕۆژێك پێش سەری ساڵ وەك ئێستا وتارێكم لەسەر ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم و ئازاد كردنی زیندانیان، بە تایبەت شێروان شێروانی و هاوڕێكانی نووسی ، من لام وابوو هەر دوای وتارەكەم سەرۆكی هەرێم بڕیاری تایبەت بە بەردانی ئەوان و زۆرێك لە زیندانیانی بە ناهەق گیراو دەردەكات، من سەرۆكی هەرێمم لە نزیكەوە بینیوەو بڕوام وایە دەكرێت چاوەڕٍێی كاری باشی لێبكەیت، بڕیاری نەداو كەس ئازاد نەكرا ، گەرچی وەك بیستومە گوایە ئەو بۆ خەڵكانی دیكە بڕیاری ئازادكردیشی داوەو بە قسەی نەكراوە ، هیوادارم وانەبێت ، دەمەوێت لێرەدا گفت و گۆیەكی خۆم و دادوەرێكی بەڕێز بۆ سەرۆكی هەرێم باس بكەم ، لە ڕوداوی گرتنی شێروان و هاوڕێكانیدا ئێمەو مانان لە خەمی ئەوەدا بووین بەو دەردە نەچن كە چوون ، چیا هاوار كتێبۆكەیەكی بچوك و نازادار لە سەر ڕزگار بوون لە دەریاو خنكان لە زیندانی ئاكرێ‌ نووسیوە ، خۆزگە سەرۆكی هەرێم بوای دەبوو بیخوێنێتەوە ، من لە زاری خەڵكی زیندانی كراویش و لە كتێبیشەوە چیرۆكی زیندان و ناهەقی و ستەمكاری كوردیم خوێندوەتەوە، دەزانم شێروان و هاوڕێكانی ستەم و ناهەقیان دەرهەق كراوە.

شەوێكیان لە تەك یەكێك لە دادوەرەكانی ئەو دۆسیەدا گفت و گۆیەكی تەلەفونیمان كرد ، من زۆر بە هێمی باسی ناهەقی و بڕیاری توندكارانەی دادگام بەرانبەر شێروان و ئەوان لە لایەن دادگاوە بۆ باس كرد ، زۆر بە هێمنی وەڵامی دامەوەو قسەی زۆر كرا ، پوختەی قسەئەوەبوو ئەو تەنیا نەبووەو لیژنەیەك بوونە دەكرێت ئەگەر تەنیا بوایە ڕایەكی جیاوازی هەبوبا، هەر ئەوەندەش نا ئەویش شێوەیەك لە ناهەقی و ستەمكاری لە بڕیارەكەدا بینی ، ئەو دادوەرە بەڕێزە ئەم گفت و گۆ تایبەتەی لە نێوان من و خۆیدا هێشتوەتەوەو ئەوەش دەزانێت كەمن هێندەناكەس نەبوومە دەنگی تۆمار بكەم ، بۆیە دەتوانێت بڵێت شتی وانیە ، وەك چۆن سیاسیەكان شەو زۆر قسەی زەردو سور دەكەن و بەیانی كە لە خەوڕابون دەڵێن شتی وانیە.

ئێستا كە جارێكی تر چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە بۆ ئەوەی ئەمساڵیش بارو بنە بپێچێتەوە دیسان داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەم ئەو كوڕانە ئازاد بكرێن ، بیر لە فرمێسكەكانی كیژەكەی شێروان بكەوە ، مناڵەكانی خۆت بێنە بەرچاو، هیوادارم لە كۆتای 2026 ئەگەر ماین و نەمردین هەمان داوا لە سەرۆكی هەرێم نەكەمەوە، ئەمەش چیرۆكی خۆی هەیە هەڵبەت نێچیرڤان بارزانی دەزانێت من زۆر لە سەر پرسی كەركوك و ئەنفال دەنووسم ، دەڵێم دەزانێت چونكە ئەو وەك ئەوانی تر نیە ئاگاداری ئەوە نەبێت وەك چۆن مام جەلال و نەوشیروان مستەفاش دەیانزانی، بڵێم چی ئێستا سەردەمی خوێندنەوەی بە حساب سیاسیەكان بەسەر چووەو ئەوان تەنها حەزیان بە خوێندنەوەی ماستاوكردن و هەواڵی كچە مۆدێل و لێدانە لە شكۆی یەكتر، جا لەو نوگرە سەلمانە" قەڵای سەلمان " بابایەكی كوردی فەیلی ئەوەندە بە حەوسەڵە بوو یەكی یەكی هەشت نۆساڵی بە ڕیز نووسیبوو، یانی بۆ هەر مێژوی ساڵێك یەك ساڵ چاوەڕێی كردبوو، خوا بكەم ئێمە هێندە چاوەڕێ‌ نەكەین و سەرۆكی هەرێم شێروان و زۆرێك لە زیندانی كراوان بنێرێتەوە نێو خانەوادەو ماڵ و مناڵیان ، بەڵام بە دوادا چوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەش بكات .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی