ئەم سوریایەی دوای ئەسەد کە سەرۆک و جەیشە توندئاژۆکەی زڕکوڕی
دەوڵەتی تورکیاو سەرۆکەکەین، هیچ نین جگە لە دەوڵەتێکی بوکەڵەی دەستی ئەردۆغان و هاکان
فیفانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پیلانگێڕیەی کە سەرۆکە بەناو ئیسلامیەکەی
تورکیا عەیامێکە خەونی پێوە دەبینێت
لە دوای دروستبوونی بەهاری عەرەبی و گوزرانەوەی بۆ دەوڵەتی
سوریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە تا ئێستا ئەو دەوڵەتە ئارامی و ئاسایشی بەخۆیەوە نەدیوەو بەشێکی
زۆری ئەو نائارامی و شەڕو کوشتارەی کەهەبوەو هەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆو نەشاراوەی بە
ئەردۆغان و پیلانەکانیەوە هەیەو لەو ڕێگەیەوە بەبەشێک لە ئامانجەکانی گەشتوە، وەلێ
ئەوەی نیگەرانی کردووە هەبوونی هێزێکی کوردی ئازاو بەجەرگە کە ساڵانێکی زۆرە بەرگری
لە خۆیان دەکەن لەپێناوی مانەوەداو چۆکیان لەبەردەم تیرۆرو پێلانگێڕیەکان دانەداوە
ئێستا کاتی ئەوەنیە کە شیکاری ئەوبابەتە بکەین ئایا هێزەکانی
سوریای دیموکرات لەساڵانی ڕابردوودا هەڵەیان کردوە یاخود نا بەڵکو ئێستا کاتی یەکگرتووی
کوردان و بەکارهێنانی هەموو جەستەی دیبلۆماسیەتی کوردە لە هەرگۆشەیەکی ئەم جیهانەدا
بۆ ڕزگارکردنی حەلەب و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان لەو هێرشە دڕندانەی ئێستا لەسەریانەو
ئەنجامدانی خۆنیشاندانی ملیۆنیە لە باکورو باشوری کوردستان و هەموو وڵاتانی دونیا
ئەم هێرشە تازەیەی سوپا توندئاژۆ عەرەبیەکەی ئەحمەد شەرع
دوای ڕێکەوتنێکی نێوان ئیسرائیل و سوریایە بەنێوەندگیری و سەرپەرشتی ئەردۆغان و پاش
سەردانێکی شەرعە بۆ کۆشکی سپی و بینیی دۆناڵدترامپ ئەویش هەر لەسەر داواکاری ئەردۆغان
کە لەو دیدارەدا ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بڕێکی باش موجامەلەی شەرعی تیرۆرستی دوێنێ و
سەرۆکی ئەمڕۆی سوریای کرد! ئەم دوو هۆکارەو هاندان و پشتگیری هەمەچەشنەی ئەردۆغان بۆ
کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان قۆناغێکی نوێی سەردەمی شەرع
و دەسەڵاتەکەی و دەستەکانی پشتەوەیەتی بۆ کۆتایهێنان بە چێرۆکی ڕۆژئاوای کوردان، بەڵام
لەو بڕوایەدانیم کە ئەم پیلانگێڕێە وەک ئەوەی دانراوە سەرکەوتووبێت و باشترین پاڵپشتی
ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەنگی کوردانی هەرچوارپارچەو هەر کوردێکە لە هەمووجیهاندا بە چالاکی
و هەڵمەتی جۆراوجۆرو هێنانە گۆی ناوەندە گرنگەکانی دەسەڵاتی جیهانیە بۆ وەستاندنی خوێنی
بەناهەق ڕژاوی کوردان
ئەو دوو گەڕەکەی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود کە هەموو سوپا توندئاژۆکەی
شەرع و دەوڵەتی تورکیا هێرشی بۆ دەکەن تا ئێستا زۆر ئازایانە بەرگریان کردوەو نەیانهێشتوە
سوپای داگیرکەری دوودەوڵەت داگیر بکەن بەڵام وەک پلانێکی سەربازی و بۆ بەدەستهێنانی
کاتی زیاترو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە دیبلۆماسی،
بژاردەی دروست ئەوەیە
هەسەدە لە شوێنێکی دیکەوە جەنگ دژی سوپای عەرەبی سوریا هەڵگیرسێنێت بۆ ئەوەی هەموو
ئەو هێرشەی کە بەچڕی لەسەر حەلەبە کەمبکرێتەوەو پیلانگێڕیەکە ڕابوەستێنرێت و کات پەیداببێت
بۆ دەرفەتی گفتووگۆو دانوستان
لەم چرکەساتەدا کە جیهان بێ مۆراڵانە سەیری کوشتارگەی کوردان
دەکات لە حەلەب
بە هەموو شێوەیەک قەرزاری کوردن لە ڕۆژئاواو باشوری کوردستان
کە بەخوێنی خۆیان ئستورەی داعشیان شکاند و لەبری هەموو جیهان شەڕی دەوڵەتێکی تیرۆرستی
ترسناکی وەک داعشیان کردو تێکیان شکاند، ئەم وانەیە پێمان دەڵێت ئەوەی لەم جیهانەدا
حوکم دەکات مەنتیقی هێزە نەک هێزی مەنتیق بۆیە زۆر گرنگە هێزی هەمەچەشنی کوردان لەهەموو
شوێنێک نیشانی دونیا بدرێت و بەیەکگرتووی هەموولایەک ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزین وەک
هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی