ڕاپەڕینەکەی ئێران لەقۆناغێکی زۆر ناسکدایە

13 کاتژمێر پێش ئێستا

زاهیر باهیر

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لەماوەی دوازدە ڕۆژی ڕابردوودا  لە 31  پارێزگای ئێراندا کە 150شار و 600   و شارۆچکە پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانەکانەوە.  ڕاپۆرتەکان وای رادەگەیەنن کە چەند شارۆچکەیەك و شاری عەبادان چی تر لەژێر کۆنترۆڵ و ئیدارەی حکومەتدا نەماوە و کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی خەڵکەوە.

ئەو ناڕەزایەتییەی کە لە 27 ی مانگی ڕابوردووەوە دەستیپێکرد، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی دراوی نیشتمانییەوە بوو. ئەم پێشهاتە وایکرد کە لای حکومەت قورستر بێت تاکو چارەسەری ئەو نیگەرانیانە بکات کە لەلایەن هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە وروژێنراون. جگە لەوەش حکومەت کۆتایی هاتنی نرخی ئاڵوگۆڕی پاڵپشتیکراوی بۆ هاوردەکاران ڕاگەیاند، بڕیارێک کە پێشتر بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بەقاڵی.

دوێنێ شەو ، پێنج شەمە، ناڕەزاییەکان فراوانتر و کاریگەر تر و شاری گەورەی وەك تاران و مەشهەدی بەخۆوە گرتووە کە هەموو ئەوە دەڤەرانەی سەرەوە و گەلێك لە شار و شارۆچکەکانی گرتۆتەوە. بە سەدان هەزار کەس هاتوونەتە سەر شەقامەکان. هاوکاتیش لە زۆربەی شار و شارۆچکە گەورەکانی کۆردستان، خەڵکی مانگرتنیان کردووە و دووکان و قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی شوێنە خزمەتگوزارییەکان و ئەوانی دیکە هەر هەموویان داخراون و خەڵکی لەسەر شەقامەکان بوون . گەرچی دەسەڵات هێڵی ئینتەرنێتی لە خەڵکی بڕی، بەڵام  هێشتا وێنە و ڤیدۆکانی ئاپورەی خەڵکی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن پۆلیس و پاسادارەوە، دزەیان  بۆ سۆشیال میدیا کرد . 

ئەوەی مایەی دڵخۆشییە تا ئێستا خەڵکانی ڕاپەڕیو لە لایەن هیچ لایەن و پارتییەکەوە کۆنترۆڵ نەکراون و تا ئێستا سێنتەرێکی نییە ، گەرچی ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت خاوەندارێتی لێبکات ، لە دوورەوە پەیام دەنێرێت و فرمان دەردەکات بەڵام ئەو لە ناو ئێراندا پێگەیەکی بەهێزی نییە. زۆربەی هاوکاران و لایەنگرانی ئەو لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدە و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەن . 

ئەمەی کە دوێنێ شەو ڕوویدا تەکانێکی گەورەی بە خۆپیشاندان و ئارەزاییەکانی خەڵکی دا،  ڕاپەڕینەکەی خستە قۆناخێکی سەخت و ناسکەوە.  لەوە دەکات ئا لێرەوە هەنگاوەکانی داهاتوی ئەم راپەڕینە مەزنە دیاری بکرێت و ناکرێت هەر لەم شێوەییەی ئێستادا بمێنیتەوە یا ئەوەتا بەردەوام دەبێت بەڵام بە گوژمی بەهێزتر و بە ژمارەی زۆرتر و بە شداری شاران و شارۆچکەی فرەترەوە ، یاخود بەرەو خامۆشی بڕوات .  من هەرگیز ناڵێم شکست دەهێنێت، چونکە  ناکرێت شکست بهێنێت لە کاتێکدا هەر ئەمان خۆیان یاخود ئەوانەی لە دوای خۆیان دەکەون بە سەر خەزێنەیەکی گەورە لە ئەزموونی زیاتر . هاوکاتیش کەمێک لە داخوازییەکانیان دێتە دی، بە جۆرێکیش  لە جۆرەکان بنکەنی ڕژێمی کردووە و درزی گەورەی تێخستووە کە بە  تەکانێکی تر دەستەبەری هەرەسهێنانی ڕژێمەکە دەکات . ئەمە جگە لەوەی کە سروشتی ڕاپەڕین و شۆڕش هەر ئاوایە. 

با ئەوەشمان لە بیر نەچێت خەڵکی لە بەرانبەر ڕژێمێکی فاشی سەرکوتکەر ڕاوەستاون، ڕژێمێک کە هیچ بەزەیی و سۆز و دەستگێڕانەوەیەکی نییە لە بەرانبەر ئەم خەڵکە مەزنەی ئێراندا ، کە لە ئێستادا خەڵکی ئەو پەڕی بوێرییان نیشانداوە کە لە چەند شوێنێکدا تەنانەت هەیکەلی قاسمی سڵێمانیان شکاند و بە پێلەقە چوونە سەری ، کە ئەو بە پاڵەوان و پلاندانەر و نەخشەکێشی نەك پێشەوەچونی خودی ئێران دەناسرا، بەڵکو هەناردەکردنی هاوکاری و هەموو جۆرە سەپۆرتێك بۆ گروپانی تیرۆریستی ئیسلامی لە وڵاتانی دیکە  بوو . 

لە لایەکی دیکەوە  ڕژێم باش دەزانێت کە خەڵکی عەرشی حوکمڕانییانی لەرازندووە لەوە دەکات هەرەسی پێبهێنن بۆیە هەموو جۆرە تاکتیك و فێڵ و سەرکوتکردنێك دەگرنە بەر لە پێناوی مانەوەیاندا. ئەوەی زانراوە لە ڕێگەی ' هەنگاو' کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە  تا ئێستا ژمارەی قوربانییەکان 45 کەسن، زیاتریش لە 200 بریندار هەیە و هەروەها زیاتریش لە 2400 کەسیش دەستگیر کراون. 

لێرەدا ڕاستیەکی دیکەش هەیە ئەویش، هێشتا قەوارەی ڕاپەڕیوان ئەوەندەی ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان ، ئازدایی' یاخود قەبارەی بزوتنەوەی گرین-ی 2009-2010  گەورەتر و فراوانتر نییە.  ئەوەش راستییە کە ئەو دوو بزوتنەوەیە بە تایبەت 'ژن ، ژیان ، ئازادیی' ، هەنگاوی گەورەی نا، تا ڕادەیەك جڵەوی دەسەڵاتدارانی ئێرانی شل کرد و وانەیەکی باشی پیدان و هاوکاتیش ورە و بوێری و متمانەی جارێکی دیکە بۆ خەڵكی ئێران گەڕانەوە .  لەمانەش گرنگتر بناغەیەکی دروستکرد بۆ ئەم ڕاپەڕینەی ئێستا.  جیاوازییەکەی ئەمەی ئێستا و ئەو کاتە ئەوەیە کە ئێرانی ئێستا پاش شەڕە دوازدە ڕۆژییەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا زۆر لاواز بووە ، هاوکاتیش خەڵکی بوونەتە خاوەنی ئەزموونێکی زیاتر لە گردبوونەوەیان و لە گۆڕینی تاکتیکەکانیان لە بەرانبەر پۆلیس و بەسیج و پاسداراندا. 

ناتوانرێت پێشبیی دروستی ئەم ڕاپەرینە بکرێت کە ئایا لێرەدا تەواو دەبێت، یاخود هەرەس بە ڕژێمی ئێران دەهێنێت؟ بەڵام دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت ئەگەر خەڵکی لە ئێراندا هەر گۆڕانکاری دەم و چاوەکانیان بوێت ، گۆڕینی ئەم دەسەڵات بە یەکێکی دیکە ، کۆتایی چەوساندنەوە و دەردەسەریی و نەبوونی و ئازادی و برسێتیەکەی ئەم 47 ساڵەی ژێر حوکمی ئاخوندەکان و پێشتریش حوکمی شا-یان لەسەر دەمێنێت . 

دەی با بەهیوابین کە خەڵکی لە ئێراندا ئاراستەیەکی دیکە دەگرنە بەر کە هەموو ئەو جێگۆڕکیانەی ئەم دەسەڵات بەو دەسەڵات ڕەتبکەنەوە و خۆیان بتوانن کاروبار و ژیانی خۆیان بە خۆیان بەڕێوەبەرن دوور لە هەموو دەسەڵاتێکی ناوەندی و ناناوەندیی . بگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئازادیی هەموان لە درەوەی دەسەڵات و حکومەت و دەوڵەتدا دەستبەر دەبێت و، تا هەمووانیش ئازاد نەبن ئازادی تاک و لایەن بەدی نایەت، ئەمەش هەر لە سای ڕێکستنی ئاسۆیانەی خودی خەڵکەکە خۆیەتی و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ خۆی خۆی خاوەنی سەروەری خۆی بێت و نە بەندیی کەس بێت نە کەسیش بەندی بێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە