جەبەل ئەلشێخ، یان چیای حرمون، بەرزترین چیای سوریایە (٢٨١٤م). بایەخی ستراتیجی ئەم شاخە ئەوەیە، بەسەر سوریا و لوبنان و فەلەستیندا دەڕوانێت، هەر کەسێک لەم شاخە بێت، دەتوانێت بەشێکی ئەم سێ وڵاتە بخاتە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
ئەم شاخە تەنها ٤٠کم لە دیمەشقی پایتەختەکەی جۆلانی تیرۆریستەوە دوورە، واتە بە تێگەیشتنی سەربازی، دیمەشق لە ئێستادا لە ڕووی سەربازییەوە ناوچەیەکی کەوتووە، هەروەها ئەم شاخە خاڵێکی گرنگیشە بۆ چاودێریکردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان.
لە ساڵی ١٩٧٤ وە ئەم ناوچەیە، لە نێوان ئیسرائیل و سوریا وەک ناوچەی داماڵراو لە چەک ڕێککەوتنی لەبارەوە کراوە، بەڵام لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل وێڕای پێشڕەوی لە باشوری ئیسرائیل و جۆلان، هێزەکانی لە بەرزاییەکانی ئەم چیایەش جێگیر کرد. ئەوەی ئیسرائیل کردی، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنی ١٩٧٤ بوو.
ئێستا جۆلانی، لەبری وەرگرتنەوەی ناوچە ستراتیجییە گرنگەکانی، لەبری ئەوەی چەتەکانی ڕوو لە دوژمنی عەرەب و ئیسلام (بە دیدی جۆلانی و هاوئاوازەکانی) بکات و خەریکی کۆکردنەوەی شەرەفی تکاوی بێت، لەبری ئەوەی درێژە بە جیهاد دژ بەو دەوڵەتە بدات، کە کۆی دنیای ئایدیۆلۆژیای دینی ئیسلام باوەڕیان وایە دومەڵی سەر دڵی ئیسلام و موسڵمانانە، لەبری ئەوەی دەستی توڕەیی بۆ قاچەکانی ناتانیاهۆ درێژ بکات و لەسەر ملی بیهێنێتە خوارەوە، هەر نەبێ کەمێک باری سەرملی سووکتر و خودای گەورەش لە خۆی ڕازی بکات، کەچی خەریکی لێستنەوەی پێڵاوەکانی ناتانیاهۆ و فەتوای حەڵاڵکردنی خوێنی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی