ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پەنجەی ئەمریکا لەسەر پەلاپیتکە؛ بێدەنگی ماناداری چین و ڕووسیا بۆچی ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان


"ناڕەزایەتییەکانی ئێران بۆ پوتین زۆر گرنگن. ڕووخانی دیکتاتۆرێک هەمیشە ڕووداوێکی نیگەرانکەرە بۆ دیکتاتۆرەکانی دیکە".

ئەو قەیرانە سیاسیەی کە لە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک تەنیا قەیرانێکی ناوخۆیی بەڵکو ناڕوونیێکی جیپۆلۆتیکییە بۆ چین، ڕووسیا و ئەمریکاش .
چین هێشتا چاوی لەسەر بازرگانی وزە لەگەڵ ئێران داناوە، بەڵام ناسەقامگیریی ناوخۆیی دەتوانێت تێچووی سیاسی و ئابووریی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە بە دوادا بێت.
ڕوسیا دەیەوێت هاوبەشی لەگەڵ تاران بپارێزێت، بەڵام پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەتێک کە لە قەیراندایە، دەتوانێت تێچوو گەلێکی جیۆپۆلەتیکی بۆ مۆسکۆ هەبێت .
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش گوشارە ئابووریی و دیپلۆماسیەکان بۆ قۆستنەوەی بارودۆخی ناوخۆی ئێران بەکار دێنێت، بەڵام هێشتا پلانێکی ڕوونی بۆ گۆڕینی ڕژێم نییە .
بەم شێوەیە پرسیار ئەوەیە ئایا قەیرانی ئێران دەکرێت کاریگەری درێژخایەنی لەسەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە هەبێت؟ وە کارەکتەرانی جیهان چۆن لە داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران دەڕوانن ؟

گرنگی سیاسیی و ئابووریی ئێران بۆ چین

گۆڕانکاریە ئاڵۆزەکانی ئێستای ئێران لە دۆخێکدا ڕوویانداوە کە چین و ئەمریکا لانیکەم لە سێ پرس (شەڕی گومرگی، قەڵەمڕەویی گرینلاند، دەستگیرکردنی مادۆرۆ و چارەنووسی نادیاری نەوتی ڤەنزوێلا) لەگەڵ یەکتردا ناکۆکی جددییان هەیە.
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران دەتوانێت بۆ چین بە نرخی لە دەستدانی یەک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواو بێت. بەڵێنەکەی دۆناڵد ترەمپ لەم هەفتەیەدا بۆ سەپاندنی دەستبەجێی گومرگی لەسەدا ٢٥ لەسەر هەناردەکردنی هەریەک لە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران بۆ ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژیی نێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهان ئاڵۆزتر کردووە.
چین لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئێران سوودێکی زۆری لە سامانە سروشتییەکانی ناوچەکە وەرگرتووە؛ هەرچەند بەهای ڕێککەوتنە ئابووریی و وەبەرهێنانەکانی پەکین لەگەڵ وڵاتانی کەناری باشووری کەنداوی فارس زۆر زیاترە لە سوودە ئابوورییەکانی لە هاوکاری لەگەڵ ئێراندا.
چین هەروەها گەورەترین هاوبەشی بازرگانی تارانە و پەکین لەسەدا ٩٠ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکڕێت. ڕۆیتەرز لەم هەفتەیەدا بە پشتبەستن بە داتاکانی کەپلەر بڵاویکردەوە، کە پەکین لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە تێکڕا یەک ملیۆن و ٣٨ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ئێران دەکڕێت، کە یەکسانە بە نزیکەی لەسەدا ١٢ی هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
جگە لە وزە، پڕۆژەکانی ژێرخان و بەشداری لە پلانەکانی ئابووریی ناوچەیی بە پایەیەکی دیکەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران و چین دادەنرێت.
ئێران دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی ترانزێت بۆ بازرگانی وشکانی چین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا؛ بارهەڵگرەکان لەو ڕێگایەوە تەنها لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا دەڕۆن، لە کاتێکدا ترانزێتی دەریایی بارهەڵگرەکان نزیکەی ٤٠ ڕۆژیان پێویستە. ئەم هەڵکەوتە ستراتیجییەی ئێران هۆکاری بوونی ئێرانە لە پلانی ژێرخانی " پشتێن و ڕێگا"ی چین .
هەروەها پەکین لە ساڵی ٢٠٢١دا بەڵێنیدا بە وەبەرهێنانی ٤٠٠ ملیار دۆلار لە ماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوودا لە ئێران، لەوانەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی قەفقاز- ئێران- پاکستان بە بڕی ٢٨٠ ملیار دۆلار.
لە هەنگاوێکی دیکەدا، چین هەوڵیدا بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات بە نێوەندگیریکردن لە ڕێککەوتنێکی لەناکاو بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعودیە .

چین و ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەتی ئێران

هەرچۆنێک بێت، گرژیەکانی ئه م دواییەی ئێران، پەیوەندییه بازرگانییەکانی چینی له گەڵ تاراندا پڕ مەترسی کردووه و خواستەکانی پەکینی لە سیاسەتی خۆیدا لەناوچەی کەنداوی فارسدا ڕووبەڕووی کێشە کردووه.
جێگرتنەوەی حکومەتی ئێران بە هەر رژێمێک کە جێی پشتیوانی ئەمریکا بێت دەتوانێت چین لە "هاوبەشی ستراتیژی" بێبەش بکات.
بڕیار بوو فەنزوێلاش هاوبەشی ستراتیژی "هەمەلایەنەی" چین بێت بەڵام بۆ چین، ئەو پەرەسەندنانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن زیاتر لە گرژیەکانی ناوچەی کەرایب زیان بە پەکین دەگەیەنێت .
لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان و ناسەقامگیریی ناوخۆیی لە ئێراندا، چین ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە دابینکردنی سەرچاوەی هەرزان، بەتایبەتی ئەگەر ناڕێکیی لە هەناردەکردنی نەوت یان ناڕێکیی لە زنجیرە بازرگانی ئێران بەردەوام بێت .
چین تا ئێستا لە کاردانەوە بۆ قەیرانی ناوخۆی ئێران هەڵوێستێکی وشیارانەی گرتۆتەبەر تا لایەنی کەم بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتان و بازاڕەکانی دیکەدا بپارێزێت .
بەگشتی هەروەها لەگەڵ ئەوەی دیبلۆماسیەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەی بەربڵاو چالاک بووە، پەکین ڕۆڵی پۆلیسی ناوچەیی بۆ ئەمریکا جێهێشتووە .

گرنگیی سیاسیی و ئابوری ئێران بۆ ڕوسیا

ئێران بۆ ڕووسیا گرنگییەکی جیۆپۆلەتیکی هەیە، چونکە لە کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوادا (وەک هاوبەشی نائەندام لە یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا) کار دەکات .
هەروەها ڕووسیا و ئێران پەیمانێکی هاوبەشی ستراتیژیی ٢٠ ساڵەیان واژۆ کردووە کە هاوکاری بەرگری، هەواڵگری و وزە لەخۆدەگرێت. ئەم پەیمانە دەرفەت بە مۆسکۆ دەدات کاریگەری لە ناوچەکەدا هەبێت  و لە کاریگەریی ڕۆژئاوا کەم بکاتەوە .
"هاوبەشی ستراتیژی" نێوان مۆسکۆ و تاران، لانی کەم لەسەر کاغەز، بەڵێنی دا مەودایەکی فراوان لە وزە بۆ بابەتەکانی دارایی بگرێتەوە، لە گواستنەوە تا پیشەسازیی، بەڵام لەو ڕێککەوتنەدا، بڕگەیەک نەبوو بۆ هاوکاری دەستبەجێی یەکتری لە حاڵەتی دەستدرێژیدا، وەک "هاوبەشی گشتگیر" کە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەلایەن رووسیا و کۆریای باکوورەوە واژۆ کرا .
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕێککەوتنە هاوکاری قووڵی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵاتی "بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکانی" پێشبینی دەکرد. ئێرانییەکان هەروەها هیوا خوازی بوون کە ئەم ڕێککەوتنە گەیاندنی ئەو کەلوپەلانە خێراتر بکات کە پێشتر ڕووسەکان لە دابینکردنی دوودڵ بوون: فڕۆکەی جەنگی سوخۆی سو-٣٥ و سیستەمی دژە مووشەکی ئێس-٤٠٠ .
ئەو ئامێرانەی جێی چاوەڕوانیی بە درێژایی هێرشەکانی ئیسرائیل لە "شەڕی دوازده ڕۆژەدا" لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە تاران زۆر کەم بوون .

ڕووسیا و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران

پێدەچێت هەڵوێستی ڕوسیا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێران هاوشێوەی کاردانەوەی بەرامبەر ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بێت، هەروەها ڤلادیمێر پوتین لە بابەت ناڕەزایەتییەکانی ئێرانیش تێڕوانینێکی دەرنەبڕی، هەمان شێوە کە ڕفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و نزیکترین هاوپەیمانی مۆسکۆ لە ئەمریکای لاتینی نادیدە گرت .
ڕوسیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا داڕمانی پایەکانی هەژموونە دەرەکیەکانی خۆی بینیوە. ڕووخانی بەشار ئەسەد، مۆسکۆی لە گرنگترین هاوپەیمانی عەرەبیی خۆی بێبەش کرد. هەروەها دەستگیر کردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە لایەن ئەمریکاوە لاوازیی تۆڕی هاوبەشیی ڕوسیای زیاتر ئاشکرا کرد .
ئێستا لە کاتێکدا کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گرژ بوون و هەڕەشە لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەکەن، کرێملین چۆن کاردانەوە پیشان دەدات ؟
شڕۆڤە کاران پێيان وايە کە، دوورە ڕووسیا بە دەستوەردان لە نا ئارامییەکانی ئێران، ڕیسکی "شکستی متمانە" قبوڵ بکات .
کەناڵی ئەلجەزیرە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شارەزاێکی ڕووسی لە کاروباری ئێران ئەنجامدا و بە پشتبەستن بە قسەکانی ئەو، وەڵامی بێدەنگیی مۆسکۆی بۆ ناڕەزایەتیی و گرژییە سیاسییەکانی ئێران شیکردەوە.
بە گوتەی نیکیتا اسماگین، کرێملین دڵنیایە لەوەی کە لوتکەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران تێپەڕیوە و حکوومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی بەرەنگارییە ناوخۆییەکانیدا سەرکەوتوو بووە.
بە وتەی ناوبراو، تەنانەت باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە تاران مۆسکۆی ئاگادار کردووەتەوە کە ناڕەزایەتییەکان دامرکاونەوە و کرێملین "دەتوانێت هەناسەیەکی ئارام هەڵمژێت".
اسماگین پێی وایە لە ڕاستیدا مۆسکۆ لەوە زیاتر نەیدەتوانی هەڕەشەکانی ترەمپ ئیدانە بکات.
اسمێگین بانگەشەی کرد کە کرێملین پێشتر دڵنیا نەبووە لەوەی کە حکومەتی خامنەیی دەمێنێتەوە و هەر لەبەر ئەوەش لە دەربڕینی هەر کاردانەوەیەکی توند کە "رێگری لە باش کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی نوێی حکوومەت بکات" خۆی پاراستبوو .

دەستێوەردانی سەربازیی نەرێ؛ ئامرازی سەرکوتکردنی ئەرێ.

شیکردنەوەیەکی دیکەش باس لە هەڵوێستی ڕوسیا دەکات سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئێران: ئەوەی هەتا کە پێویستیش بێت، مۆسکۆ لە ڕێگای دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئێران قوتار ناکات بەڵکو هەمان کارێک دەکات کە لە دوو دەیەی ڕابردوو، کاتێک هاوبەشەکانی لەگەڵ هەڕەشە ناوخۆییەکان ڕووبەڕوو دەبوونەوە، ئەنجامی داوە: بەهێز کردنی ئامرازەکانی سەرکوت کردن، هاوبەشی کردنی وانەگەلێک لە ئەزموونی خۆی لە ئیدارەدانی ڕکابەران، پارێزگاریی کردن لە ڕژێم لە فشاری دەرەکیی .
کیریل ڕۆگۆڤ، پسپۆڕی باڵای ڕووسیا لە ئینستیتیوتی زانستە مرۆییەکان لە ڤیەننا دەڵێت: ناڕەزایەتییەکانی ئێران بۆ پوتین گرنگییەکی زۆری هەیە. دەشڵێت:"ڕووخانی دیکتاتۆرەکان هەمیشە ڕووداوێکی نیگەرانکەرە بۆ دیکتاتۆرەکانی دیکە، پوتین بە وردی گرنگی بە دۆخی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بە نەوت دەدات کە لە ژێر گەمارۆکاندایە: لە ئێران، وەک ڕووسیا، تێکچوونی ئابووری هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ڕژیم".
هەر بۆیەش کرێملین بە ئاشکرا ئیدانەی "دەستێوەردانی دەرەکی" کردووە، هۆشداری لە ناسەقامگیری داوە و جەختی لە ڕێزگرتن لە سەروەری ئێران کردووەتەوە. بەڵام لە پشت پەردەوە ڕۆڵێکی زۆر گرنگتری بینیوە. مۆسکۆ بەردەوام بووە لە دابینکردنی کەرەستەی سەرەکی سەربازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت کە ڕژێم ئەمڕۆ بەکاری دەهێنێت بۆ ئێران.
پێدەچێت لەدەرەوەی دابینکردنی کەرەستە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، نابێت چاوەڕێی زیاتر لە مۆسکۆ هەبێت، چونکە تا ئێستاش پەیوەندیی کرێملین لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا، بۆ مۆسکۆ زیاتر سوودی هەبووە نەک بۆ ئەوان .
پێش ئەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی "پێشکەوتووی" ئێس-٤٠٠ی ڕووسیا شکستیان هێنا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە بێفڕۆکەوان و مووشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە، مین هاوەن، بۆمبی گلایدەری بچووک و تەنانەت مووشەکی بالیستیکیش، هاوکارییەکی زۆری کردووە بۆ هەوڵەکانی جەنگی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا .
هەروەها ڕێکەوتنی "هاوکاریی ستراتیژیی" بیست ساڵە کە ساڵێک لەوەو پێش لەنێوان ڕوسیا و ئێران واژۆ کرا پێش بینی هاوکاریی سەربازیی نەکردبوو .

ڕووسیا و هەڵبژاردن لە نێوان ئێران و ئۆکرانیا

پێدەچێت ئەولەویەتی پوتین لە بەرامبەر ئەمریکادا ڕوون بێت: ڕازی کردنی واشنتۆن و درێژەدان بە هێرشەکانی لە ئۆکرانیا.
دیپلۆماتکارێکی پێشووی ڕووسیا دەڵێت لێدوانەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ لە دژی ئێران تەنانەت مەبەستی ئەوە نەبووە کە "نیشاندانی هێز" بێت .
بۆریس بۆندارێڤ، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە "هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا" دەستی لە پۆستەکەی لە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا کێشایەوە، بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، کرێملین زۆر نیگەرانە لەوەی کۆشکی سپی پەیوەندی خۆی لە دانوستان لەگەڵ ڕوسیادا لەسەر شەڕی ئۆکرانیا لەدەست بدات، ئەوەش لە کاتێکدایە ترەمپ پێویستی بە ڕەزامەندی مۆسکۆ نییە بۆ ئەگەری هەنگاوەکانی لە بەرامبەر ئێراندا .
هەروەها گوتی : "ڕووسیا دەتوانێت چ وەڵامێکی هەبێت بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران؟ ئەوەی کە هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکێشێتەوە و بیانێرێت بۆ ئێران؟ یان هەڕەشە لە تڕامپ بکات تا پەیوەندی خۆی بە تەواوی لەگەڵ ڕوسیا و مامەڵە لەگەڵ مۆسکۆ لە دەست بدات؟ "
لەگەڵ ئەوەدا شتێک ڕوونە: ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بۆ ڕووخانی حکومەت سەر بکێشن یان تۆڕی ئەمنی ئێران لاواز بکەن، ئەوا ڕەنگە واشنتۆن دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گونجاو ببینێت .
هەڕەشەکانی تڕامپ بۆ زیاد کردنی تێچووە بازرگانییەکان لەسەر ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێران کار دەکەن هەروەها ڕەنگە هاوبەشە ئابورییەکانی چین و ڕووسیا لەگەڵ ئێراندا کاڵتر بکاتەوە .
هەرچەندە قەیرانی ناوخۆی ئێران توندتر بووە، بەڵام لانی کەم لە ماوەیەکی کورتدا نەبووەتە هۆی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە چین و ڕوسیا؛ واشنتۆن هەروەها بەردەوامە لە هەوڵی گوشاری ئابووری و دیپلۆماسیی بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئێران و زیادکردنی تێچوونەکان بۆ پەکین و مۆسکۆ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە