نەفرەت لە گەمژەیی پیرۆز

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن


   ” نەفرەت لە گەمژەیی پیرۆز! “ ئەمە دوا قسەی زانا و فەیلەسوفی ئیتاڵی جیۆردانۆ برۆنۆ بو ، دوای ئەوەی کەنیسە سزای سووتاندنی بە زیندووی بەسەردا سەپاند . بێدەنگ وەستابو ، یەک وشەی نەگوت ، تا پیرەژنێکی بینی کۆلکە دارێکی هەڵگرتووە و فڕێی دەداتە ناو ئاگرەکەوە ، بۆ ئەوەی ئاگرەکە بەهێز ترو بڵێسەی زیاتربێت ، لە کاتێکدا هیچی دەربارەی تاوانی قوربانییەکە نەدەزانی ، جگە لەوەی بڕیارو فەرمانی کەنیسەی جێبەجێدەکرد! . 

  بێگومان نەفرەتەکەی بڕۆنۆ نەفرەت نیە لە پیرێژنێکی هەژارو نەدارو کاڵ فام ، کە کۆلکە دارێک فڕێدەداتە ناو ئەو ئاگرەی بۆ سوتاندنی ئەو ئامادە دەکرێت ، هەروەها بە تەنیا نەفرەت نیە لەو چارەنوسەی ڕوبەڕوی بۆتەوە ، بەڵکو مەبەستی نەفرەتکردنە لە کۆی ئەو مێژوەی بیرکردنەوەی تێدا دەکوژرێ ، پێش ئەوەی لە دایک بێت ، یان پرسیاری تێدا زیندەبەچاڵ دەکرێ پێش ئەوەی بخرێتە ڕو ، بە ناوی باوەڕەوە ، مێژویەک لە و گەمژەییەی عەبای پیرۆزی لە خۆی ئاڵاندوە ، داوادەکات بەبێ پرسیار شوێن بڕیارەکانی بکەون . چونکە کاتێک نەفامی پیرۆز دەکرێ زۆر مەترسیدارترە لە پیرۆزکردنی حەقیقەت . ئەو پیرێژنە تەنانەت بڕۆنۆی نەدەناسی ، هەروەها نەیدەزانی چی وتوە یان چی نوسیوە ، بۆئەوەی بڕیاری سوتاندنی بەسەردا بسەپێنن ، بەڵام کۆلکەدارێکی فڕێدایە ناو ئەو ئاگری گەمژەییەی کەنیسە بەدرێژای مێژو دایخستوە ، بەو هیوایەی ژەمێکی زیادەی فەزیلەت بداتە متمانە و باوەڕی کوێرانە بە کەنیسەو بڕیارەکانی .

    پارادایمی ئەم پیرێژنە لە فۆڕمی جیاجیادا ، لە هەمو شوێنێک خۆی مەڵاس داوە ، لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ناو مێژوی کۆن و نوێ تادەگاتە ئەمڕۆ ، هەر مرۆڤێک دەستبەرداری بیرکردنەوە بو ، کوێرانە کەوتە شوێنی فەتوای فەتواچیان ، یان ڕێگەیدا دەسەڵاتێک یان کەسێک لەبری ئەو بیر بکاتەوە ، یان پێیوابو وەڵامی هەمو پرسیارەکانی دراوەتەوە ، لەسەر ئەو تەنها پێویستە لە ناو دەقەکاندا بگەڕێ ، بۆ ئەوەی بیاندۆزێتەوە ، یان قبوڵی کرد لەم دونیا ببێتە کەواسوری بەر لەشکری داگیرکاران ، لە پێناو گەرەنتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سوڵتانە خوێن ڕێژەکەی لەو دونیا ، یان ئامادەبێت هاونیشتیمانی و هاوزمان و ژن و منداڵی هاونەتەوەکەی ، بە بەرچاویەوە لەژێر سوڕەتەکانی ( أنفال و الفتح ) دا ، بە هەلهەلەی بەدەویەت و نەعرەتەی اللە اکبر پاکتاو بکرێ ، ئەویش لێرە بێشەرمانە دەست بە ڕیشیدا بێنێ و پاساوی شەرعی بۆ بێنێتەوە ، تادەگاتە ئەو ڕادەیە لە بێ ئابڕویی ، بۆ گومان کردن لە پیرۆزی خوێنی شەهیدانی ئازادی گەل و نیشتیمانەکەی ، هەمو ئەوانەو چەندەهای تر وەک ئەو پیرێژنەن ، کۆلکەدارێکیان لەسەرشانە ، ئەو ئاگرەی پێ خۆش دەکەن ، دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئاینی ستەمکار هەڵیان گیرساندوە ،
لە کۆمەڵگای ئێمەدا ، گەمژەکان خۆیان لە پشت ماسکی باوەڕوعەبای ئەستوری مۆڕاڵی ئیمانداریدا شاردۆتەوە ، مەترسیە جدیەکە ئەوەیە ، گەمژەیی پیرۆز ببێتە خاوەن دامەزراوەو ، لە فۆڕمێکی سیستماتیکدا خۆی نمایش بکات ، ( عەلی قەرەداغی و ئیخوان ) بە نمونە ، ئەوکاتە پيویستی بە سوپاو میلیشیای ڕێکخراو نیە ، بۆ سەپاندنی بڕیارەکانی ، بەڵکو ڕابەرێک و مینبەرێک بەسە ، بۆ ئەوەی خەڵک گوێی لێبگرێ و دوای بکەوێ ، بە تایبەت کاتێک دەسەڵات لەگەڵ گەمژەیدا دەبێتە هاوپەیمان ، ئیتر کۆمەڵگا دەبێتە کۆگایەکی گەورەی سیخناخ لە کۆلکەدار و ئامادە بۆ ئاگرێکی گەورە ، نەک هەر مێژو بەڵکو بەشی ئایندەو چارەنوس دەکات  بیکاتە قەقنەس . مەترسیدارترین جۆری تاوان نەزانی یان نەفامی و گەمژەیی نیە ، بەڵکو ئەوکاتەیە ئەم گەمژەیی و نەفامی و نەزانیە بەرگی پیرۆزی تێ هەڵدەکێشرێ ، ئەوکاتە تەنها بە نەزانینەوە ناوەستێ ، بە ڵکو هەوڵدەدات نەزانین و گەمژەیی  بسەپێنێ بە گشتاندن بەسەر هەمواندا .

گەلان و شارستانیەتەکان ئەوکاتە لە ناو ناچن ، جەنگێک دەدۆڕێنن و خاکەکەیان داگیردەکرێ ، لەلایەن داگیرکارانەوە ، یان کاتێک توشی کارەساتێکی گەورەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ، یان سروشتی دەبنەوە ، بەڵکو سەرەتای کۆتایی هەر شارستانیەت و گەلێک ، ئەوکاتە دەست پێدەکا ، بڕیاربدا دەست بەرداری بیر کردنەوەبێ و خۆی بداتە دەست قەدەری نادیاری ، نەزانین و نەفامی و دوای فتوای گەمژەیەکی وەک عەلی قەرەداغی بکەوێ ، ئەوکاتە هەمو دەبن بەو پیرێژنەی کۆلکەدارێکی لەسەر شانەو  ئاگری فەنابون خۆشدەکات ، بۆیە گەر بمانەوێت ئاگری ئەو جەهەندەمی نەزانین و گەمژەییە خامۆش بکەینەوە ، پێویستە بەشانی خۆمان چیتر داری بۆ نەکێشین ، لەبری گومان و وروژاندنی  پرسیار ، بە وەڵامە ئامادەکان ڕازی نەبین ، چیتر قبوڵ نەکەین گوێڕایەڵی کوێرانە شوێنی تێگەیشتنی عەقڵانی بگرێتەوە ، یان ترس لە پیرۆزیەکان شوێن بە زانین و حەقیقەت چۆڵ بکات .




ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی