كوردو سەردەمی دوای ئەمریكا؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب


تۆم باراك بەرەگەز عەرەبی لوبنانی و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیاو نوێنەری ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی بۆ كاروباری سوریا, بەیاننامەیەكی هێجگار گرنگی بڵاوكردەوە, راشكاوانە گوتی پەیوەندی نێوان ئەمریكاو كورد لە سوریا كۆتایی هات, پشتیوانی سەربەخۆیی و فیدڕاڵیەت و حوكمی زاتی كوردی ناكەن و لەگەڵ دەوڵەتی عەرەبی مەركەزین, گوتی ئێستا سوریا زیاترمان بۆ دەكات و پێویستمان بە كورد نەماوە, راشكاوانە ئەمریكا لەسوریا چووە بەرەی تەحریرشام و داعش و توركیا كە دژی كوردن.
ئینجا دێمەوە سەر نیەتی وتارەكەم..
هەشت ساڵ پێش ئێستا كە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بوو، بڕیاری كشانەوەی لەسوریاداو وەزیری بەرگری توركیاش گوتی كوردەكان لەناو سەنگەرەكانی خۆیان دەخنكێنین. ئەوكات كشانەوەی ئەمریكا مەترسیدارتربوو لە ئێستا. بەڵام بەهۆی بەهێزی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس و بڕیاری ناوئيدارەی ئەمریكا رێگری كرا لەوەی تڕەمپ لە سوریا بكشێتەوە. ئەوكات تڕەمپ هێرشی كردە سەر دیموكراتەكان و دەیگوت: بۆچی سەربازەكانمان لە سوریا بمێنن و خۆ ناكرێت هەتاهەتایە ئەمریكا خەریكی شەڕبێت، شەڕی كوردو تورك چ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە ئەوان شەڕەكەیان بێ كۆتاییە..ئیدی قسەی زۆری لەم بارەیەوە كرد.
لەوكاتەوە ئەم دۆخەی ئێستا بۆ كورد لەبەرچاو بوو..
قۆناغێكی تری زۆر هەستیارو گرنگ، كە ئەوكات گوتم ئەمە گۆڕانكاریەكی زۆر گەورەیەو تەنها لەناو سنورو جوگرافیای ئەفغانستان ناوەستێ. بزوتنەوەی تاڵیبان تاوانباری یەكەمە لە تەقینەوەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 ناوخۆی ئەمریكا. لەوەتەی ئەمریكا سەربەخۆبووەو دەوڵەتە هێرشی ئاوا نەكراوەتە ناو قوڵایی ئەمریكا. كە تاوەری گەورەی بازرگانی جیهانی خاپوركردو لە ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكاشی دا. فڕۆكە خۆكوژەكان هەزاران هاوڵاتی ئەمریكیان كوشت. دوژمنی ژمارە یەكەمی ئەمریكا بزوتنەوەی تاڵیبان بوو. بینیمان دوای 20 ساڵ ئەمریكا تەواوی ئەفغانستانی لەسەر سینیەكی زێر دایەوە دەست تاڵیبان, ئەمریكیەكان لەجیاتی ئەوەی شەڕی تیرۆریستان بكەن دێن لەگەڵیان رێك دەكەون، تۆ ئەمریكی مەكوژە، پەلاماری ئەمریكی مەدە، ئەوەی تر چی دەكەیت بیكە.
دوای ئەفغانستان ئەمریكا هەنگاوی دووەمی نا، بەڵام بەسەرپەرشتی توركیا, ئەویش هێنانە سەر حوكمی داعش بوو لەسوریا، ئەحمد شەرعیان هێنایە سەرحوكم و پێكەوە رێككەوتن. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت رێككەوتنی ئەمریكایە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان، داعش، توركیا، تەحریری شام و بەرەی نوصڕەو گروپە دژە ئەمریكیەكان. بەكورتی ئەمریكا لەجیاتی ئەوەی پارەو چەك و هاوكاری بداتە كورد تاوەكو شەڕی داعشی بۆ بكەن، ئەم خەرجیە ناكات و دێت راستەوخۆ لەگەڵ داعش رێكدەكەوێت وەك ئەوەی ئێستا لە سوریا هەیە. بۆیە لەپەلاماردانی ئەحمد شەرعی سەركردەی بەهێزی ئێستای داعش بۆ حەلەب و رۆژئاوای كوردستان، ئەمریكا داوای پاراستن و سەلامەتی زیندانیە داعشیەكان دەكات، چونكە رێككەوتنەكە ئەوەیە كە پارێزراو بن, ئیدی لە جیاتی ئەوەی شەڕ دژی ئەمریكا بكەن، شەڕی بۆ دەكەن!!.
كەواتە لێرەدا چەند تەوەرێك پێویستی بە خستنەروو هەڵسەنگاندنە:
-ئەمە سیاسەتی ستراتیژی تەواوی ئەمریكا نیە، بەڵكو گروپێكی بڕیار بەدەستی ناو كۆشكی سپیەو هەموو بڕیار بەدەستانی ئەمریكا لەگەڵ ئەمە نین. لەدوای نەمانی تڕەمپ ئەگەری گۆڕانكاری پێچەوانە هەیە.
-داعش و بەرەی نوصرەو جەیشی عەرەبی سوری، پیاوی راگرتنی ئەم جۆرە دبلۆماسیەت و رێككەوتننامانە نین و هەر كاتێك سەری دوو سێ سەربازی ئەمریكیان بڕی، خاوەن بڕیارەكانی ئەم سیاسەتە لەناوخۆی ئەمریكا ریسوا دەبن. پلانەكان دەگۆڕێن.
-كورد هەڵە دەكات هەتاهەتایە هەر پشت بە ئەمریكا ببەستێ، چونكە ناشێت ئەمریكا بەرژەوەندی خۆی بكاتە قوربانی تۆ بۆ هەمیشە، خەڵكی تریش دێت و بەرژەوەندی بۆ ئەمریكا دروست دەكات؟. بۆیە ئەمریكا كوردایەتی لە جیاتی تۆ ناكات، بەڵام لە بەرپرسیاریەتی پاراستنی نێودەوڵەتی حەقی خۆتە هەموو جۆرە فشارێك لە ئەمریكا بكەیت.
-پەیوەندی كوردو ئەمریكا نابێت لە سەركردەو گروپ و هەندێك هەڵوێستی ئەمریكادا كورت بكرێتەوە، ئەمڕۆ لە سوریا دژی تۆیە، لەگەڵ فیدڕاڵی و سەربەخۆیی كورد نیە، پشتی ئەحمد شەرعی داعشی گرتووە، بەڵام ئەمە كۆتایی دنیا نیەو سیاسەت و بەرژەوەندی و ئاسایش و پێگە دەگۆڕێت, كورد لە جیاتی ئەوەی گلەیی بێوەفایی لە ئەمریكا بكات، دەبێت رێگای دیكەی دبلۆماسی، سیاسی، لۆبی بۆ كاریگەری لەسەر ئەمریكا بدۆزێتەوە.
-پەیوەندی كوردو ئەمریكا یەك ئاراستەی نیە، لەچەندین ئاراستەی جیاوازەوە پەیوەندیان هەیە، بۆ نمونە پەیوەندی كوردو كۆنگرێسمان و ئەندامی پیرانی ئەمریكا لیندز گراهام بۆ خۆی جێگای بایەخی گەورەیە كە دەبێت لەگەڵ سەركردەو بڕیاربەدەستانی ناو ئەمریكا ئەمجۆرە پەیوەندیانە زۆر بكرێن.
-هەرچەندە قوربانی زۆربێت، دەبێت بەرخودان و بەرگری بكەین، بەس خاكمان بپارێزین داهاتوو بۆ ئێمەیە. بەڵام خاك لەدەست بدەین دە جار ئەمریكا پشتیوانت بێت هیچ دەستكەوت نیە.
-ئەمریكا باش نیەو خراپ نیە بۆ كورد، بەڵكو زلهێزی جیهانەو دەبێت لە بەرژەوەندیەكانی تێبگەیت و بزانیت چۆن لەگەڵ سیاسەتە سەرەكیەكانی خۆت دەيگونجێنی.
-دەوڵەتێكی وەك فەڕەنسا گرنگە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاو بەهێزبونی ئەمریكا لە سوریا، ناتوانێت رۆڵ ببینێت، بەڵام ناشكرێت لۆبیەكی زۆر كاریگەر لە فەرەنسا نەكەین.
-ئێستا كاتی ئەوەیە بەوردی هەڵسەنگاندن بكەین بۆ سەردەمی دوای ئەمریكا لەسوریا. ئەمریكا بەرەكەی گۆڕی، لە بەرەی كوردەوە چۆتە بەرەی داعش و توركیاو بەرەی نوصڕەو گروپە دڕندەكان. بەڵام ئەوە ئەبەدی نیەو پتەو نیەو لەهەموو ساتێك ئەگەری تێكچوونی هەیە.
-چارەسەری دۆخی كورد چەند شتێكە:
-كاركردنی چڕوپڕ لەگەڵ ئەمریكیەكان. بەهەموو جۆرەكانی لۆبی كردنەوە.
-كاركردن لەگەڵ ئەوروپیەكان و فەرەنسیەكان بەتایبەت.
-یەكگرتویی  ناوخۆیی كورد لەهەر چوارپارچە.
-لە بەرگریەوە بۆ هێرش بردن هەموو سیاسەتەكانمان بگۆڕین.
-دەبێت لە رۆژئاوای كوردستان شەڕ كۆتایی پێ نەهێنین هەتا شارو شارۆچكەو گوندەكانمان دەخەینەوە دەست و دەیانپارێزین و قەوارەی كوردی دروست دەكەین.
-تۆم باراك دەڵێت ئەمریكا لەگەڵ سەربەخۆیی و فیدڕاڵی نیە، بۆ كورد ئێستا گرنگە رێك داوای سەربەخۆیی و دەوڵەت بكات و خواستەكانی بەرز بكاتەوە. فشارەكانی دەست پێبكات. دەزانم مەیدانی شەڕ یەكلاكەرەوەیە, بەڵام نابێت هەڵوێستێكی ئەمریكا توشی نائومێدیت بكات، ئەگەر فیدڕاڵی و سەربەخۆیت راگەیاند باوەڕ بكە هەر هێندە خوێنت دەڕژێت، خۆ لەوە زیاتر خەڵتانی خوێنت ناكەن. كورد هەتا پێداگیری لەسەر سەربەخۆیی نەكات و نەیكاتە رۆژەڤ ئەوا ئەم دەوڵەتانەو دنیا نایەنە ژێربار.
-دەبێت كورد ئەوە بزانێت نەك ئەمریكا بەڵكو هیچ زلهێزێك ناتوانێت هەتاهەتایە لە كوردستان سەربازو بنكەكانی بهێڵێتەوە، دەبێت هێزی ناوەكی كورد پلەی یەكەم بێت. رۆحی نەتەوەیی كورد پتەوو بێت. ئەوە گرێی سەركەوتنی كوردە.
-ئێستا نابێت نائومێدبین، بەڵكو دەبێت سەنگەرەكانی خۆمان زۆر پتەوبكەین، ئاستی بەرگریمان زۆر بەرزبكەینەوەو لە بنەڕەتیشەوە واز لە بەرگریكردن بهێنین و ببینە دەستدرێژیكارو دەست وەشێن.
-دەكرێت ماوەیەك شكست خواردوو بین، ماوەیەك خاك و كیانمان نەمێنێت، بەڵام وەك گوتم دەبێت شەڕ رانەگری و لە بچوكترین دەرفەت پەلاماردەر بیت و خاك و نەتەوەت بخەیتەوە دەست خۆت. ئەوكات یەكسەر دەوڵەت رابگەیەنە، ئیدی پێویستە كورد هەتاهەتایە وشەی فیدڕاڵی و كۆنفیدڕاڵی و برایەتی گەلان و حوكمی زاتی بخاتە تەنەكەی زبڵەوە، دەبێت سەری زمان و بن زمانی هەموو كورد سەربەخۆیی و دەوڵەت بێت. خۆ لەوە زیاتر نامانكوژن و سەرمان نابڕن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی