مێدیای عارەبی و ڕۆژئاوای کوردستان: لەنێوان لایەنگری و ساختەکردنی ڕاستییەکان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

کاوە نادر قادر

  
لەوەتەی  جاڕی شەڕ بەسەر  رۆژئاوای کوردستان لە لایەن چەتەکانی تورکیا لە سوریا دراوە، هەر بواری سەربازی نەگرتەوە، بەڵکو زۆربەی مێدیاکانی عارەبی بە زەقی هاوکاری ئەو هێڕشە ناڕەوایانە دەکەن. راگەیاندنە عارەبیەکان بە شێوەیەکی  سیستماتیک ئەو پشتیوانیەیان ئەنجامداو لایەنگیریان بۆ ئەو چەتانە کردو پێشێلکارییەکانیان لە  پڕۆفشنالیەتی میدیایی خۆیان داچۆڕاند، لەبری لێکدانەو شڕۆڤەکردنی ئەو هێڕشە بە شێوەی واقعی و بابەتی لۆژیکی، کەوتنە ئاقاری پڕوپاگەندەکردن بۆ دەسەڵاتی تازەی سوریاو و هێزە هێڕشبەرەکاندا، ئەو شرۆڤانە لەلایەن کەسانی تازەی بەناوی ئەنالیستی سیاسی  دەکران کە تاوانباری دەکردە قوربانی و قوربانیشی دەکردە تاوانبار. ئەو لایەنگیرییە لە ختوخۆڕایی و ویستی دەزگایەک و چەند کەسێک، نەبوو، بەڵکو لە بۆتەی سیاسی هەرێمیدا دێت کە لەژێر ئایدیۆلۆژیاو ململانێی جیۆپۆلەتیکی ڕوون بەڕێوە براو ڕاستەوخۆ لە سروشت و ڕەوتەکانی گوتاری میدیادا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
ئەم لایەنگرییە لە بواری گوتار و گێڕانەوەی  رووداوەکان کە لە ڕووماڵەکەدا بەکارهات، دەبینرێ. دیارە، میلیشیا چەکدارەکان بە بۆچوونی جیهادی و ئەوانەی کە لە ئاستی هەرێمیدا پشتیوانییان لێدەکرێت، وەک "هێزی شۆڕشگێڕ"  نمایش کران، لە کاتێکدا پراکتیزە توندوتیژەکانیان لەسەر بڕین و کوشتنی بە کۆمەڵی دیل و تاڵان و بڕۆی ماڵانی هاوڵاتی کوردو پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی پشتگوێ دەخرێن یان بە ڕەوا دەبینرێن. هاوکات زۆرجار "هەسەدە" بە نەرێنی وێنا دەکرێن، وەک "پڕۆژەیەکی جوداخاز"، "بەشێک لە  پەکەکە"و "پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ ئیسرائل " "خۆدزینەوە لە چارەسەری"......،   بۆ ئەوەی لە  ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە کەم بکرێنەوە و بە تۆمەتی ناپاکی و هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی خاکی سوریا لێکدەدرێتەوە، بەبێ ئەوەی  ئەو میدیا دان بە مافی  ئەتنیکی و کەلتووری جودادا بنێن یان ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەیشتن بە پلەیەک لە سەقامگیری ناوخۆییدا ببینن.
ئەم شێوازە لە ڕووماڵکردنە ڕەنگدانەوەی بەسیاسیکردنی سیستماتیکی زانیارییە کە خزمەت بە ئەجێندا ناوچەییەکان دەکات کە ئەو پڕۆژە سیاسییەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) نوێنەرایەتی دەکات- لەسەر بنەمای لامەرکەزی، فرەیی نەتەوەیی و ئایینی، و بەشداری ژنان- وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مۆدێلی دەوڵەتی وشک و ناوەندی یان لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەڕوانن. بەم مانایە میدیا لە کەناڵێکەوە بۆ یەکی دیکە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەگۆڕدرێت بۆ کەرەستەیەکی سیاسی، کە بۆ تێکدانی رەوایی سیاسیی "هەسەدە " کرا و گومانی خستنە سەر پڕۆژە ڕەواکەی لە چاوی ڕای گشتی عارەبدا.
هەروەها ئەم لایەنگرییە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری کردووە لە بەرهەمهێنانەوەی گێڕانەوەی توندڕەو بە تەمومژاویکردنی تەواوی چوارچێوەی ململانێکان و پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە (هەسەدە) هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون لە تێکشکاندنی داعش، بە هەزاران گیانی بەخت کرد بۆ بەدیهێنانی ئاسایش نەک تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیشدا. نەهێشتن یان کەمکردنەوەی ئەم ڕۆڵە تەنیا لایەنگرییەکی سیاسی نییە بەڵکو پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەوانی و پیشەییشە، کە دەبێتە هۆی شێواندنی تێگەیشتنی گشتی لە ئەکتەرە ڕاستەقینەکانی ململانێ.
لە کۆتاییدا، لایەنگری سیستماتیکی میدیای عارەبی بەرامبەر بە"هەسەدە"، ناتوانرێت لە ململانێی بەرفراوانتری هەرێمی لەسەر ئایندەی سوریا و فۆرمی سیستمە سیاسییەکەی جیابکرێتەوە. لێرەدا میدیا وەک دەسەڵاتی چاودێری یان فەزای تێگەیشتن کارناکات، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە بەشداری لە دوبارە داڕشتنی ململانێکان دەکات لە ڕێگەی گوتار و چوارچێوەدان. بەبێ پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەی جددی بەم ڕۆڵە، میدیای عارەبی وەک بەشێک لە قەیرانی سوریا دەمێنێتەوە، نەک فاکتەری بەشدار لە  هەنگاوێک بەرەو چارەسەرێکی بنچینەیی.
٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی