نیشتیمانێک لەکەزیی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

کاتێک کچان و کوڕانی شەڕڤان ، پەنجە لەسەر پەلاپیتکەی چەکەکانیان قایم دەکەن ، تەنها مەبەستیان نیە ، لە ڕێگەی دەستڕێژی گوللەوە چیاکان بە دەنگ بێنن ، بەڵکو مەبەستیانە لە ڕێی گڕی چەکەکانیانەوە ، شوێنێک لە ناو تەنگەبەری جیهانێکدا ، بۆ گەلەکەیان بکەنەوە ، چونکە دەرکەوت ئەم جیهانە جگە لە لۆژیکی هێز جێگەی هیچ جۆرە هێزێکی تری لۆژیکی تێدا نابێتەوە ، هەر بۆیە هەمو جۆرەکانی تری پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی، بە دێباجەیەکی درێژ ، دوبارە پێناسە کردۆتەوە ، لێرە لە ناو ئەو مەتەرێزانە ، شەڕڤانان بەدەم هۆنینەوەی کەزیەکانیان ، لەسەر نۆتە و ئاوازی خۆڕاگری ، کە بێگومان دواجار هارمۆنیای ئۆرکسترایەکی نیشتیمانی لێ بەرهەم دێت ، بە فیشەک لە ئاسمانی مێژوی سەدەیەک بەرخوداندا ، هەمان پرسیاری وجودی دوبارە دەنوسنەوە : بۆچی ئەم جیهانە تەنها زمانی هێز و دەنگی گوللە دەبیستێ ، لە کاتێکدا ئێمە دەمانەوێت بە زمانێکی تر ، کە زمانی ئاشتی و ئازادیە گفتوگۆیان لە گەڵدا بکەین؟.

گەلی کورد تەنها پڕۆژەیەکی ئامادەنیە بۆ بنیاتنانی نیشتیمانێکی ئازادو ئارام ، لە جوگرافیایەکی سیخناخ بە ڕق و تۆڵەی هەزاران ساڵەی ، خێڵەکی و بە یەکدادانی ئاینی و تائیفیدا ، بەڵکو پڕۆژەی سەفەرێکی درێژە بەناو قوڵای میژودا ، لە نێوان بون و لە ناوچوندا . بە ناو هەڵدێرەکانی شکست و خەرەندەکانی نسکۆ و هەستانەوەدا ، بەناو حیکایەتەکانی ستەم و داگیرکاری وشۆڕش و ڕاپەڕیندا ، بەناو تونێلە تاریکەکانی غەدرو خیانەتی دۆستەکانی لە لۆزان و پاریس و ئەنقەرەو جەزەئیردا ، بەناو هەزاران لاپەڕەی مێژوی زەردی پلانگێڕی تورک و عەرەب و فارس و عەجەمدا ، بەناو سوڕەتەکانی ئەلفەتح و ئەنفال و تەکبیراتی غەزو غەنیمەتی بەدەویەتی بیابانەکانی جەهالەتدا ، بەناو کۆڵانە غەمگینەکانی هەڵەبجەو شۆڕش و شەنگال و کۆبانێ و مهاباددا . ئەوەتا بەدرێژایی ئەم سەفەرە دورودرێژە ، جەخت لە وە دەکاتەوە : ئایە بە ڕاست بون وابەستەیە بەو چرکەساتەی تیایدا لەدایک دەبیت ؟. یان بون وابەستەیە بەو کاتەی ئەوانیتر دانت پێدا دەنێن ؟ ئەگەر وابەستەیە بەو چرکەساتەی تیایدا لەدایک دەبیت ، ئەدی گەلی کورد لە بەرەبەیانی مێژوەوە چاوی بە چیاکانی کوردوستاندا هەڵنەهێناوە ، کەچی تا ئەمڕۆش بەردەوام لە شەڕی مان و نەمان دایە ، لە پێناو تۆمارکردنی شوناسە جیاوازە تایبەتەکەی لە ناو نەخشەی ڕۆژهەڵاتدا .   

ئەمڕۆ گەلێکی تەواو لە نێوان سڕینەوە و دانپێدانانی ئەوانیتردا وەستاوە ، لە نا شوێندا قوربانی بە سەخاوەتەوە دەبەخشێت بۆ دەستەبەرکردنی شوێنێک لە سەر نەخشە ، کاتێکیش دەست دەداتە چەک ، چاوەڕوان نیە چیرۆکی شەهید بونەکەی بکرێتە مانشێت و سەردێڕی هەواڵەکان ، یان قارەمانیەتیەکەی وەک بابەتێکی توێژینەوە لە زانکۆکاندا تیۆریزە بکرێ ، تەنها دەیەوێت جیهان لە وە تێ بگات ، ئەو بە هەمو کیانیەوە لێرەیە،  لەسەرخاکی خۆی وەستاوە ، دەستی درێژە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لەگەڵ هەموان.

کاتێکیش مێدیا زەبەلاحە شۆڤێنیەکان دەمیان دەکەنەوە ، بە سەرسامیەوە دەیانەوێت وای پێشان بدەن ، گوایە کوردو بەرخۆدانەکەی ڕوداوێکی کتوپڕو چاوەڕوان نەکراوە بۆ ئەوان ، بێئاگا لەوەی چەک و مەتەرێزی کورد ، بەدرێژای مێژو بانگەوازی شەڕ نەبوە ، بەڵکو جۆرێک بوە لە ناڕەزایی بەرامبەر سەدەیەک لە ئینکاری وجود ، نەک شەڕانگێزی و مەرگ دۆستی  ، گەلی کورد ئەوەندەی چێژ لە حەیران و بەستەو گۆرانی و سەماو مۆسیقا وەردەگرێ ، هەرگیز چێژ لە دەنگی فیشەک و دیمەنی خوێن وەرناگرێ ، بەڵام لۆژیکی هێز ناچاری کردوین ، ئازارو مەینەتیەکانمان ، لە لولەی چەکەکانمانەوە دەرببڕین و خاڵی بکەینەوە ، چونکە جیهان تەنها ئەو دەنگە دەبیستێ . 

لێرەوە بەرخۆدانی گەلی کورد ، لە فۆڕمێکی جیاوازدا خۆی دەنوێنێ ، چەک تیایدا ئاماژە نیە بۆ توندوتیژی و خۆشەویستی جەنگ و مەرگ دۆستی ، بەڵکو ڕەمزی وجود و گەرەنتی مانەوەیە ، سەرکەوتنیش لای ئێمە مانا نیە بۆ داگیرکردن و لە ناوبردنی ئەوانیتر، بەقەد ئەوەی سەپاندنی بون و بردنەوەی متمانەو دانپێدانانی جیهان و ناوچەکەیە ، بەداخەوە خۆ گێل کردنی گەلانی جیهان و بێدەنگ بونیان لە بەرامبەر بونی ئێمە ، کوشندەترە لە سەربڕینی ڕاستەوخۆی گەلێک بە چەقۆیەکی ژەنگاوی . لە پێناو دامەزراندنی بەربەستێکی پتەوی لێک تێگەیشتن ، بەرامبەر شەپۆلی بە هێزی شۆڤێنیەتی جیهانی و ناوچەیی ، پەڕینەوە بەسەر پردی باوەڕو متمانەدا و گەیشتن بە دڵی گەلانی دونیا ، ئەمڕۆ لە هەموکات زیاتر پێویستمان بە یەکیەتی و یەک گوتاری هاوبەشی نەتەوەییە ، پێویستمان بەوەیە گوتاری نەشازو ئاراستەکراوی هەندێک مینبەرو داعشی نوستو تێبپەڕێنین ، بەمەبەست و بۆ خزمەتی خەلیفەکانیان ژەهری گومان و لێکترازان ، زۆر بێشەرمانە دەڕێژن ،   پێویستمان بە وەیە بە دونیای پێشان بدەین بەرخودانی ئێمە جیاوازە ، چونکە پێش هەرشتێک بەرخودانی ئازادی و مرۆڤ دۆستی و ژیان دۆستی و پێکەوە ژیانە ، بەرخۆدانی ژن ژیان ئازادیە ، بەرخۆدانی هۆنینەوەی کەزیەی گەلێکە ، لە ناو سەنگەردا ، بەرامبەر ئاوێنەی مێژوی تەڵخی پڕهەمەجیەتی دوژمنەکانی ، زۆر بە ویقاڕەوە بەبێ ترس لەسەر پێ وەستاوە ، وەستاوە بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەیی خۆی بسەپێنێ ، بە دونیا بڵێ ئێمەش هەین ،  ئەوەتاین لێرە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە